چاوپێكەوتن لەگەڵ گۆڤاری پروشە - ماڵپەڕى دکتۆر عبداللطیف أحمد مصطفی
سەرەکی    »    چاوپێکەوتنەکان    »    چاوپێكەوتن لەگەڵ گۆڤاری پروشە

چاوپێكەوتن لەگەڵ گۆڤاری پروشە
 
 

الحمد لله والصلاة والسلام على رسول الله وعلى آله وصحبه ومن والاه.
لەم دیدارەی گۆڤاری (پرووشە)دا مامۆستاى بەڕێز تیشك دەخاتە سەر چەند بابەتێكی مەنهەجی و ڕەواندنەوەی چەند گومان و دوو دڵییەك لە لای خەڵكی، لەوانەش:
- ئه‌ولیاتى كارى ئێوه‌ى سه‌له‌فى چییه‌؟
- په‌یوه‌ندى نێوان سه‌له‌فیه‌ت و سادات و یه‌كێتى زانایان چییه‌؟
- زۆرجار ده‌گوترێت كه‌ ئێوه‌ى سه‌له‌فى زیاتر له ‌حیزبه ‌عەلمانییه‌كان نزیكترن، وه‌ك له‌ حیزبه ‌ئیسلامییه‌كان، هۆى ئه‌مه‌ چییه‌؟
- بۆچى تا ئێستا سه‌له‌فییه‌كان له‌ كوردستان پێشه‌وایه‌كیان نییه‌ یاخود سه‌ركرده‌یه‌كیان نییه‌؟
- ئه‌مڕۆ ده‌بینین له‌ سه‌رده‌مى ته‌كنه‌لۆجیا و جیهانگیرى سنورى بیركردنه‌وه‌ى ئینسانه‌كان تێكشكاون، له‌م سه‌رده‌مه‌دا ئاین ده‌توانێت چى به‌ مرۆڤ ببه‌خشێت؟
- هه‌ستناكه‌ى له‌م سه‌رده‌مه‌دا جۆرێك له‌ پێكدادانى فیكرى له‌ نێوان عه‌لمانیه‌ت و ئیسلامیه‌ت و جیهانگه‌رایى دایه‌، ئه‌مه‌ واى كردووه‌ كێشه‌ى فیكرى بۆ تاكى موسوڵمان دروست بێت؟
- ئه‌مڕۆ ئاین لاى تاكى كورد به‌ره‌و كاڵبوونه‌وه‌ ده‌چێت، له‌م قۆناغه‌دا پیاوانى ئاینى چ ئه‌ركێكیان له‌سه‌ر شانه‌ و تا چه‌ند پیاوانى ئاینى به‌و ئه‌ركه‌ هه‌ستاون؟

پرووشه‌: ئه‌ولیاتى كارى ئێوه‌ى سه‌له‌فى چییه‌؟
مامۆستا عبداللطیف: سه‌لەفیه‌ت ماناكه‌ى ئه‌و دین و ئاینه‌یه‌ كه‌ پێشتر هه‌بووه‌، پێغه‌مبه‌رى خودا صلى الله علیه وسلم و هاوه‌ڵه‌كانى له‌سه‌رى بوون ئه‌و دینه‌ى كاتى خۆى خواى گه‌وره‌ بۆ پێغه‌مبه‌ر صلى الله علیه وسلم ناردویه‌تى، سه‌له‌فیه‌ت ماناى تا ڕۆژى قیامه‌ت وه‌كو دین هه‌ر ئه‌و دینه‌یه‌ كه‌ پێغه‌مبه‌ر صلى الله علیه وسلم هێناوێتى، كه‌وابوو ئێمه ‌ده‌بێت بزانین پێغه‌مبه‌ر صلى الله علیه وسلم ئه‌ولیا‌تى كاره‌ گرنگه‌كانى چی بووه‌ كه‌ ده‌ستیپێكردووه‌، بێگومان هه‌ركه‌سێك بڵێت من سه‌له‌فیم و له‌سه‌ر ڕێبازى پێغه‌مبە‌ر صلى الله علیه وسلم ده‌ڕۆم، ئه‌وه ‌ده‌بێت ئه‌ولیا‌تى كاره‌كانى وه‌كو پێغه‌مبه‌ر صلى الله علیه وسلم بێت، پێش هه‌موو شتێك پێویسته‌ مرۆڤ بۆ شتێك بانگ بكه‌ى كه‌ ڕزگارى بكات له‌ تاریكییه‌كانى خورافیات و له‌ نه‌زانى و له‌ نه‌فامى زوڵم و سته‌م، له‌ تاریكى شه‌ریك بۆ خوا دانان، له‌تاریكى نه‌فامى و نه‌زانى هه‌روه‌ها مرۆڤ له‌ زوڵم و زۆردارى و سته‌م ده‌ربهێنێت بۆ ڕووناكى خواپه‌رستى، ڕووناكى ئیمان به‌ خوا و به‌ ڕۆژى دوایى، ڕووناكى كرده‌وه‌ى چاكه، سه‌ره‌تاى بانگه‌وازى هه‌موو پێغه‌مبه‌ران بریتی بووه‌ له‌وه‌ى خه‌ڵك له‌ هه‌موو تاریكییه‌كان به‌ هه‌موو شێوه‌كان ده‌ربهێنن بۆ ڕووناكى، له‌ نه‌فامى و جه‌هاله‌ت و كوفر و شیرك له‌ قیامه‌تیش ڕزگارى ده‌بێت له‌ جه‌هه‌نەم و ئاگر، بۆ به‌هه‌شتى خواى په‌روه‌ردگار. سه‌له‌فیه‌ت ته‌نها بانگه‌وازكردنى خه‌ڵكه‌ بۆ خواناسین و پابه‌ندبوونه‌ به‌و به‌رنامه ‌و شه‌ریعه‌ته‌ى كه‌ به‌خته‌وه‌رى و ئاسوده‌یى مرۆڤى تێدایه‌ له‌ دنیا و قیامه‌ت.

پرووشه‌: په‌یوه‌ندى نێوان سه‌له‌فیه‌ت و سادات و یه‌كێتى زانایان چییه‌؟
مامۆستا عبداللطیف: من خۆم یه‌كێكم له ‌یه‌كێتى زانایانى ئاینى كوردستان، پەیوەند‌یشمان ئه‌وپه‌ڕى دۆستایه‌تى و برایه‌تى و خۆشیه‌، نه‌ك وه‌ك دوو جه‌بهه‌ سه‌یرى مه‌سه‌له‌كه‌ بكه‌ین، یه‌كێتى زانایان به‌ حساب كۆمه‌ڵێكن خزمه‌تى دین ده‌كه‌ن إن شاء الله‌، ده‌سته‌یه‌كه‌ وا دیاره‌ په‌یوه‌ندى به‌ حیزبایه‌تیه‌وه‌ نییه‌، سه‌له‌فیه‌تیش بریتییه‌ له‌ دین و هه‌ركه‌سێك له‌سه‌ر ئه‌و دینه‌ بێت كه‌ پێغه‌مبه‌رى خوا صلى الله علیه وسلم له‌سه‌رى بووه‌، بێگومان پێخۆشحاڵ ده‌بێت زانایان هه‌بن، كه‌سانێك هه‌بن عالمى دین بن، دینى ڕاسته‌قینه‌ به‌ خه‌ڵك ڕابگه‌یه‌نن، به‌ڵام په‌یوه‌ندى ئێمه‌ لەگه‌ڵ سادات ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستت له‌ سادات ئه‌وه‌ بێت، كه‌سانێك كه‌ نه‌وه‌ى پێغه‌مبه‌ر صلى الله علیه وسلم بێت، ئه‌وا ئێمه‌ هه‌ركه‌سێك ئیمان و ڕه‌وشتى جوان بێت و كرده‌وه‌ى چاك بێت ئێمه‌ خۆشمان ده‌وێت، ڕێزى لێ ده‌گرین، هه‌ركه‌سێك له‌و ڕه‌گه‌زه‌ش نه‌بێت بەڵام پیاوێكى باش بێت، ئه‌خلاقى جوان بێت، كرده‌وه‌ى جوان و چاك بێت، ئێمه‌ به‌ دۆستى خۆمانى ده‌زانین، كه‌واته‌ سه‌یركردنى ئێمه‌ بۆ كرده‌وه‌یه، ئه‌و كه‌سه‌ى به‌رامبه‌رته‌ تا چ ڕاده‌یه‌ك ڕه‌وشتى جوانه‌، ئیمانى هه‌یه‌، مرۆڤێكى سودبه‌خشه‌ بۆ خۆى و ده‌وروبه‌ره‌كه‌ى، ئێمه‌ له‌گه‌ڵ سادات شتێكى وا نییه‌ كه‌ بڵێى دژایه‌تى هه‌یه‌، یان په‌رده‌یه‌ك هه‌یه‌ له‌ نیوانماندا، هه‌روه‌ك وتم هه‌ركه‌س بزانین موسڵمانى باشه‌ خۆشمان ده‌وێت، كه‌سێكیش موسڵمانى باش نه‌بێت خۆشمان ناوێت چونكه‌ زیانبه‌خشه‌، له‌ڕاستیدا پێویسته‌ ساداته‌كان له‌پێش هه‌موو كه‌س سه‌له‌فى بن، چونكه‌ ئه‌وان نه‌وه‌ى پێغه‌مبه‌رن صلى الله علیه وسلم بۆیه‌ پێویسته‌ له‌سه‌ریان له‌پێش هه‌موو كه‌س له‌سه‌ر ئه‌و ڕێبازه‌ش بن كه‌ پێغه‌مبه‌ر صلى الله علیه وسلم، باپیره‌ گه‌وره‌یان له‌سه‌رى بووه‌، كه‌واته‌ ده‌بێت پێغه‌مبه‌ر صلى الله علیه وسلم و هاوه‌ڵه‌كانیان خۆش بوێت و سوننه‌ت بڵاوبكه‌نه‌وه‌ و دژى بیدعه‌ بن، نه‌ك به‌ پێچه‌وانه‌وه‌‌ دژى سه‌له‌فیه‌ت بن كه‌ ڕێبازى پێشینه‌ چاكه‌كانیانه‌، سوپاس بۆ خوا زۆرێك له‌ سه‌یده‌كان سه‌له‌فین و ڕێبازى پێغه‌مبه‌ریان صلى الله علیه وسلم وون نه‌كردووه‌، چونكه‌ ده‌زانن ئه‌گه‌ر شوێنیان نه‌كه‌ون ئه‌وا ڕه‌گه‌زى و نه‌سه‌بیان سودى نابێت، هه‌روه‌كو چۆن كوڕه‌كه‌ى نوح له‌ سزاى خوا ڕزگارى نه‌بوو، كاتێك له‌ ڕێبازى باوكى لایدا.

پرووشه‌: زۆرجار ده‌گوترێت كه‌ ئێوه‌ى سه‌له‌فى زیاتر له‌ حیزبه‌ عەلمانیه‌كان نزیكترن، وه‌ك له‌ حیزبه ‌ئیسلامییه‌كان، هۆى ئه‌مه‌ چییه‌؟
مامۆستا عبداللطیف: والله ئه‌وەیان حیزبى عەلمانى یاخود ئیسلامى، دیسان دووباره‌ى ده‌كه‌مه‌وه‌ كه ‌سه‌له‌فیه‌ت بریتی‌ نییه‌ له‌ حیزبێك، چونكه‌ هه‌ر حیزبێك ده‌بینین له‌ كوردستانى خۆماندا، فڵانى كوڕى فڵان له‌گه‌ڵ فڵانى كوڕى فڵان ئه‌و حیزبه‌یان پێكه‌وه‌نا، له ‌به‌روارى ئه‌وه‌نده‌ له‌ فڵانه‌ شار كۆبونه‌وه‌یان كرد و حیزبێكیان دروستكرد، بەڵام سه‌له‌فیه‌ت بریتى نییه‌ له‌ حیزبێك كه‌ من یان كه‌سێكى زاناتر دروستى كردبێت، به‌ڵكو سه‌له‌فیه‌ت ئه‌و دینەیه‌ كه‌ پێغه‌مبه‌ر صلى الله علیه وسلم له‌سه‌رى بووه‌ و هاوەڵان له‌ ئه‌ویان وه‌رگرتووه‌ و شوێنكه‌وتوان له‌ هاوەڵان وه‌ریانگرتووه‌ و زانا گه‌وره‌كان و ئیمامه‌ به‌رزه‌كان له‌ شوێنكه‌وتوان وه‌ریانگرتووه‌، جیل به‌ جیل، پۆل به‌ پۆل، سه‌رده‌م به‌ سه‌رده‌م، تا گه‌یشتۆته‌ ئێمه، ئێمه‌ش له‌سه‌ر ئه‌و دینه‌ین كه‌ پێغه‌مبه‌رى خوا صلى الله علیه وسلم له‌سه‌رى بووه‌، حیزب نین، بۆیه‌ش سه‌له‌فیه‌ت له‌ هه‌موو وڵاتان هه‌یه‌، هه‌ر وڵاتێك له‌م دونیایه‌ وڵاتى ئیسلامى یان نا ئیسلامى، موسوڵمان هه‌ن كه‌ له‌سه‌ر ئه‌و دینه‌ ده‌ڕۆن ‌پێغه‌مبه‌رى خوا صلى الله علیه وسلم له‌سه‌رى ڕۆیشتووه‌ كه‌ سه‌له‌فیه‌ته، بێگومان ئه‌م حیزبانه‌ هى ئه‌م سه‌رده‌مه‌ن و له‌ هه‌موو شوێنێكیش نین، بۆ نموونه‌ ئه‌و حیزبانه‌ى كه‌ به‌ناوى ئیسلامەوە‌ن له‌ كوردستانى ئێمه‌ بارودۆخى سیاسى وای لێكردوون دروست ببن، ئه‌وه‌ شتێك نییه‌ بڵێن له‌ وڵاتانى ترى ئیسلامیش هه‌یه‌، یان له‌ وڵاتانى ترى جیهانیش هه‌یه‌، حیزبێك ڕۆژێك له‌ ڕۆژان دروستبووه‌ پێشتر نه‌بووه‌، هه‌روه‌ها له‌ چوارچێوه‌ى جوگرافیایه‌كى ته‌سكیشدا دروستبووه‌، شتێك نییه‌ بڵین دینى خوایه ‌و بۆ هه‌موو خه‌ڵكه‌، خه‌ڵكانێكیش كه‌ نه‌چنه‌ ناو ئه‌و حیزبه‌ زه‌ره‌ر ناكه‌ن له ‌دینه‌كه‌، یان ئه‌گه‌ر كه‌سێك نه‌بێته‌ فڵان حیزبه ‌ئیسلامی‌ بۆ دینه‌كه‌ى هیچ زه‌ره‌ر نییه‌، نه ‌به‌هه‌شت به‌وه ‌به‌ستراوه‌ته‌وه‌ كه‌ ببیته‌ حیزبێكى ئیسلامى، نه ‌جه‌هه‌نه‌میش له‌وه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌ كه ‌نه‌بیته ‌حیزبى، و ئه‌گه‌ر نەبیتە‌ حیزبى ئیسلامى ده‌چیته‌ جه‌هه‌نه‌م، بەڵام سه‌له‌فیه‌ت كه‌ دینى خوایه‌ و بۆ پێغه‌مبه‌ر صلى الله علیه وسلم ناردویه‌تى، كه‌سێك به‌ڕاستى سه‌له‌فى نه‌بێت كه‌ له‌سه‌ر مه‌نهه‌جى پێغه‌مبه‌ر صلى الله علیه وسلم نه‌ڕوات، ئه‌وه ‌جه‌هه‌نەمى به‌ نسیب ده‌بێت، هه‌روه‌ها به‌هه‌شته‌كه ‌ده‌دۆڕێنێت، كه‌واته‌ پێویسته ‌له ‌قسه‌ كردندا لێكى جیابكه‌ینه‌وه ‌و وا نه‌زانین كه ‌سه‌له‌فیه‌تیش حیزبێكه‌ وه‌ك چۆن گروپه‌ ئیسلامییه‌كان و حیزبه‌كانى تر حیزبێكن، نه‌خێر، هیچ كه‌سیش نییه‌ بڵێن فڵانه‌ كه‌س حیزبى سه‌له‌فیه‌تى دانا، ئه‌گه‌ر هه‌موو خه‌ڵكى سه‌ر ڕووى زه‌وى كۆببنه‌وه‌ بڵێن و بزانن ئه‌مڕۆ كێ زه‌عیم و سه‌ركرده‌ى سه‌له‌فیه‌كانه‌ ناتوانن دیارى بكه‌ن، چونكه‌ شتى وا نییه‌، چونكه‌ سه‌له‌فیه‌ت دینى خوایه‌ هه‌ركه‌سێك له‌ ئاستى خۆیه‌وه‌ له ‌دینى خوا تێبگات، به‌و شێوه‌یه‌ى كه‌ پێغه‌مبه‌رى خوا صلى الله علیه وسلم له‌سه‌رى بووه‌ ئه‌وه‌ سه‌له‌فیه‌ته‌، جا ئێمه‌ له‌ كوردستاندا له‌ حیزبى ئیسلامى نزیكتر بین، یان له‌ حیزبى عەلمانى نزیكتر بین، مه‌سه‌له‌ى دوور و نزیكى سه‌یرى ئه‌و كه‌سه‌ ده‌كرێت، بۆئه‌وه‌ى تا چه‌ند ئه‌و كه‌سه‌ كرده‌وه‌ى باشه ‌و ئیمانداره‌ و خزمه‌تگوزاره‌، چاكەكاره‌ نه‌ك خراپه‌كار، هه‌ركه‌سێك چاكه‌خواز بێت ئێمه‌ خۆشمان ده‌وێت، هه‌ركه‌سێكیش زه‌ره‌رمه‌ند بێت و زیانبه‌خش بێت دژى خوا بێت، ئێمه‌ خۆشمان ناوێت، بەڵام په‌یوه‌ندى ئێمه‌ له‌گه‌ڵ حیزبه‌ ئیسلامییه‌كان و عەلمانیه‌كان چییه‌؟ ئێمه‌ حیزبى عەلمانى چۆن سه‌یر ده‌كه‌ین؟ بۆ نمونه‌ ئه‌مڕۆ له‌ كوردستاندا، كوردستانى ئێمه‌ حكومه‌ته‌، كه ‌حكومه‌ته‌ خواى په‌روه‌ردگار و شه‌رعى ئیسلام واجبى كردووه‌ هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ سوڵته‌ بكه‌ین به‌شێوه‌یه‌كى وا هه‌وڵ ده‌ده‌ین ئه‌و سوڵته‌یه‌ به‌ره‌و باشى بڕوات، به‌ره‌و خراپى نه‌ڕوات، هه‌ڵه‌ى بۆ ڕاستبكه‌ینه‌وه‌ نه‌ك لێى له‌ هه‌ڵدێر بین، لێى به‌په‌له ‌بین زوو هه‌ڵدێرێت، چونكه‌ ململانێ له‌سه‌ر كورسى ده‌سەڵات ئیشى ئێمه‌ نییه‌، سه‌له‌فیه‌ت ئه‌وه ‌نییه‌ ململانێ لەسه‌ر كورسى بكه‌ین، ئه‌وانه‌ش كه‌ كردویانه‌ سه‌یریكه‌ چیان لێ به‌سه‌رهات، كاتى خۆى كه‌ ئیمامى حوسێن هات بۆ كوفه ‌بۆئه‌وه‌ى بێت سوڵته‌ به‌ده‌ست بهێنێت، بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و حكومه‌ته‌ى پێشتر هه‌بووه‌ نه‌مێنێت، كه‌چى غه‌دریان لێكرد و له‌ ده‌رئه‌نجامدا ئیمامى حوسێن سه‌ربڕدرا، هه‌روه‌ها له‌م سه‌رده‌مه‌ى ئێستاشدا هه‌ندێك ئیخوان موسلمین له‌ سوریا شۆڕشیان دروستكرد دژى ده‌سەڵات، كه‌چى به ‌ته‌یاره‌ لێیان دان و زۆریان لێ كوشتن به‌بێ ئامانج، كه‌واته‌ ئێمه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تدا به‌ ئه‌ندازه‌ى چاكه‌ له‌گه‌ڵى داین، ئه‌گه‌ر حكومه‌ت ئه‌مرى خراپه‌مان پێبكات جێبه‌جێى ناكه‌ین، ئێمه‌ ئه‌م وڵاته‌ به‌ وڵاتى خۆمان ده‌زانین، ئه‌گه‌ر حكومه‌ت كارى چاكه‌ بكات پێمان خۆشه‌، ئه‌گه‌ر كارى خراپه ‌بكات ئه‌ڵێین خوا هیدایه‌تیان بدات، ئه‌گه‌ر ئامۆژگاریه‌كیشمان هه‌بێت به‌ ته‌نها و به‌ ئاشكرا به‌ به‌رپرسه‌كان گوتومانه ‌ئاوا بكه‌ن چاكه‌ ئه‌وه‌ش ته‌نها له‌به‌ر خاترى په‌روه‌ردگار، ده‌نا هیچ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كى دنیایمان له‌گه‌ڵ حكومه‌ت و سوڵته‌دا نییه‌، حیزبێكى ئیسلامى له‌وانه‌یه‌ مانگى ده‌ ده‌فته‌ر دۆلار وه‌ربگرێت، به‌ڵام سه‌له‌فیه‌ت یه‌ك دینارێكیش له‌ حكومه‌تى كوردستان وه‌رناگرێت، حیزبى ئیسلامى له‌وانه‌یه‌ چه‌نده‌ها كورسى له‌ په‌ڕله‌ماندا هه‌بێ و تیایدا داده‌نیشن، بەڵام سه‌له‌فیه‌ت تا ئێستا له‌ هیچ شوێنێك كورسیه‌كى نییه‌، داواى كورسیش ناكات، ئێمه‌ دینى خۆشمان بۆ هیچ حاكم و ده‌سەڵاتدارێك نافرۆشین، خراپه‌ به‌لامانه‌وه‌ خراپه‌، ئه‌گه‌ر هه‌موو ده‌سەڵاتدارانى دنیا بیانه‌وێت شتێك بكه‌ن ئه‌گه‌ر ئێمه‌ بزانین خراپه‌ ده‌ڵێین خراپه‌، جا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ فه‌سڵ بكرێین، لەسه‌ر ئه‌وه‌ سجن بكرێین، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ له‌ سێداره‌ بدرێین، هه‌رچى بكرێت نابێت ئینسان دینى خۆى بگۆڕێت، چونكه‌ حكومه‌ت ئه‌وه‌ى پێخۆشبێت، به‌داخه‌وه‌ كه‌ كاتى خۆى مه‌لا بوون، له‌ سه‌رده‌مى ڕژێمى به‌عس ویستویانه‌ به‌ گوێره‌ى ئه‌و سه‌رده‌مه‌ فەتوا بده‌ن، كه‌ ئه‌مڕۆش سوڵته‌یه‌كى تر هاتۆته‌ پێشه‌وه‌ له‌ به‌غدا، یان له‌ غه‌یره‌ به‌غدا دیسان سوڵته‌ چى پێویسته‌، چ فەتوایه‌كى ده‌وێت، ئاوا فەتواى بۆ ده‌ده‌ن، ئه‌وانه‌ نه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندى خه‌ڵكدان و نه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندى سوڵتەدان، به‌ڵكو ته‌نها به‌رژه‌وه‌ندى گیرفانى خۆیان ده‌وێت. سه‌باره‌ت به ‌په‌یوه‌ندى ئێمه ‌و حیزبه‌ ئیسلامییه‌كان له‌و حیزبانه‌ نزیكین یان دوورین، من باسمكرد ته‌رازوویه‌ك هه‌یه‌ بریتییه‌ له‌ قورئان و فه‌رمووده‌، هه‌ركه‌سێك به‌گوێره‌ى قورئان و فه‌رمووده‌ مامه‌ڵه‌ بكات ئێمه‌ خۆشمان ده‌وێت، بەڵام ئێمه‌ حیزبایه‌تى به ‌كارێكى شه‌رعى نازانین، خواى په‌روه‌ردگار له‌ چه‌نده‌ها ئایه‌ت نه‌هى له‌وه‌ كردووه‌ موسوڵمانان پارچه‌ پارچه‌ بن، گروپ گروپ بن، ئێمه‌ وا حیساب ده‌كه‌ین هه‌رچى موسوڵمان له‌كوردستان و غه‌یره‌ كوردستان هه‌ن براى ئێمه‌ن، هه‌موومان به‌یه‌كه‌وه‌ حیزبى خواین، به‌س نه‌ك من حیزبێك دروست بكه‌م و یه‌كێكى تر له‌ شوێنێكى تر حیزبێك دروستبكات به‌ناوى حیزبى ئیسلامى، من ئه‌وانه‌ به ‌كارى شه‌رعى نازانم، له‌به‌رئه‌وه‌ چه‌نده‌ها جار ئامۆژگاریمان كردوون و پێمان وتوون با بانگه‌وازه‌كه‌تان بۆ ته‌نها خواپه‌رستى بێت، نه‌ك بۆ ململانێى كورسى و بازنه‌ى ته‌سكى حیزبایه‌تى، پێمان وتوون كه‌ زۆر شت هه‌یه‌ بێ شه‌رعییه‌ وازى لێ بێنن وه‌ك: حیزبایه‌تى و توندڕه‌وى و خه‌ڵك به‌ كافر دانان له‌لایه‌ن هه‌ندێكیانه‌وه‌، زیندوكردنه‌وه‌ى بیدعه ‌و پشتگوێخستنى سوننه‌ت و گۆرانى و مۆسیقا و ... هتد، بەڵام به‌داخه‌وه‌ بۆچوون و ڕاى ئه‌میر و ئه‌میندار و پێشه‌واكانیان خستۆته‌ پێش تێگه‌یشتنى سه‌له‌فى صاڵح بۆ قورئان و سوننه‌ت.

پرووشه‌: بۆچى تا ئێستا سه‌له‌فیه‌كان له‌ كوردستان پێشه‌وایه‌كیان نییه‌ یاخود سه‌ركرده‌یه‌كیان نییه‌؟
مامۆستا عبداللطیف: سه‌له‌فیه‌ت بریتییه‌ له‌ دین، دینیش بانگه‌وازكردنى خه‌ڵكه‌ بۆ لاى خوا، بۆ باشه‌ و دوركه‌وتنه‌وه‌ له‌ خراپه‌، ئه‌و وه‌سیله‌یه‌ى له‌ سه‌له‌فیه‌تدا هه‌یه‌، ئه‌و وه‌سیله‌یه‌ كه‌ پێغه‌مبه‌ران بۆى هاتوون، واتا خه‌ڵك له‌ دینى خوا تێبگه‌یه‌نن، دینى خوا به‌ خه‌ڵك ڕابگه‌یه‌نن، ئه‌مما ئه‌ميرێكیان هه‌بێت ئێمه‌ ته‌كه‌تول و حیزبێك نین تاكو ئه‌میرێكمان هه‌بێت، ڕێكخراوێك هه‌بێت ڕێكخستنى هه‌بێ، بۆیه‌ ئێمه‌ پێویستمان به‌وه‌ نییه‌.

پرووشه‌: ئه‌مڕۆ ده‌بینین له‌ سه‌رده‌مى ته‌كنه‌لۆجیا و جیهانگیرى سنورى بیركردنه‌وه‌ى ئینسانه‌كان تێكشكاون له‌م سه‌رده‌مه‌دا ئاین ده‌توانێت چى به‌ مرۆڤ ببه‌خشێت؟
مامۆستا عبداللطیف: ئاینى پیرۆزى ئیسلام ئاینێك نییه‌ دانراوى عه‌قڵى كۆمه‌ڵه‌ كه‌سێك بىێ واتا كۆمه‌ڵه‌ كه‌سێك نه‌هاتوون دانیشن ئاینێك دابنێن كه‌ پێى ده‌وترێت ئاینى ئیسلام، تاوه‌كو بڵێین ئه‌و ئاینه‌ به‌گوێره‌ى عه‌قڵى ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ ڕۆشنبیره‌یه‌، به‌گوێره‌ى ئه‌و سه‌رده‌مه‌یه ‌كه‌ ئه‌وان تێیدا نووسیویانه‌، به‌ڵكو ئاینێكه‌ هى خواى گه‌وره‌یه ‌و خواى په‌روه‌ردگاریش هه‌ر ده‌مێنێ، له‌ هه‌موو سه‌رده‌مێكدا، سه‌رده‌مى شارستانیه‌ت و پێشكه‌وتن و جیهانگیرى و دنیا بوون به‌ یه‌ك و له‌ هه‌موو سه‌رده‌مێكدا ئاینى ئیسلامى پیرۆز هه‌ر له‌ پێشه‌وه‌یه‌ و هه‌ر خزمه‌تگوزاره‌ به‌ خه‌ڵك و كه‌سێك گه‌ر بێتو به‌ ئینصاف و به ‌ویژدانه‌وه‌ سه‌یرى ئیسلام بكات، تاوه‌كو ژیان به‌ره‌و پێشێ بڕوات، زانست به‌ره‌و پێشكه‌وتن بڕوا، ئه‌وجار زیاتر گه‌وره‌یى و مه‌زنى و سودبه‌خشیه‌تى ئیسلامى بۆ ده‌رده‌كه‌وێ، ئیسلام له‌گه‌ڵ هه‌موو سه‌رده‌مێكه‌، جا ئایا سنوور بمێنێ له‌ نێوان وڵاتان یان نه‌مێنێ یان دنیا ببێته‌ یه‌ك گوند یاخود پارچه‌ پارچه‌ بێ، هه‌موو خه‌ڵك سود له‌ ئیسلام ده‌كات ئه‌گه‌ر بێتو به‌ڕاستى له‌ ئیسلام تێبگات، چونكه‌ ئیسلامى ڕاسته‌قینه‌ تاكه‌ ڕێگایه‌ بۆ تێگه‌یشتن له‌ ژیان، وه‌ بۆ بەخته‌وه‌رى و ئاسوده‌یى و ئاسایش و دادپه‌روه‌رى، چونكه‌ ئیسلام به‌رنامه‌یه‌كى گشتى هه‌موو بواره‌كانى ژیانه‌ و مرۆڤ پێویستى پێیه‌تى له‌ گشت كات و شوێن و حاڵه‌تێكدا، چونكه‌ ئیسلام په‌یوه‌ندى نێوان مرۆڤه‌كان به‌ باشترین شێوه‌ ڕێكده‌خات، سه‌ره‌ڕاى په‌یوه‌ندى نیوان مرۆڤ و په‌روه‌ردگاره‌كه‌ى ئیسلام ڕه‌وشتى جوان به‌ خه‌ڵك ده‌به‌خشێت هانیان ده‌دات بۆ دادپه‌روه‌رى و چاكه‌كارى، داوێنپاكى و ده‌ستپاكى و هه‌موو كارێكى باش، له‌ ڕه‌وشتى ناشرین به‌دووریان ده‌گرێت و قه‌ده‌غه‌ى ده‌كات لێیان، زوڵم و سته‌م و ده‌ستدرێژى و كارى خواردنى ماڵى خه‌ڵك به‌ ناحه‌ق و خوێنڕشتنى خه‌ڵك، كه‌واته‌ هه‌رچه‌نده‌ خه‌ڵك به‌ره‌و پێش بچن له‌ بواره‌كانى دنیا، ئه‌وه‌ زیاتر پێویستیان به‌ شه‌ریعه‌تى ئیسلامه‌، له‌ هه‌موو بواره‌كاندا نه‌ك بێ پێویست بن لێی، چونكه‌ هه‌ركاتێك خه‌ڵك وازى هێنا له‌ ئیسلام، ئه‌وا خراپه‌كارى و ئاشووب و  په‌شێوى له‌ وڵاتدا بڵاوده‌بێته‌وه‌.

پرووشه‌: هه‌ستناكه‌ى له‌م سه‌رده‌مه‌دا جۆرێك له‌ پێكدادانى فیكرى له‌ نێوان عه‌لمانیه‌ت و ئیسلامیه‌ت و جیهانگه‌رایى دایه‌، ئه‌مه‌ وایكردووه‌ كێشەى فیكرى بۆ تاكى موسوڵمان دروست بێت؟
مامۆستا عبداللطیف: كێشه‌ له‌ نێوان عه‌لمانیه‌ت و ئیسلامیه‌تدا بێ گومان هه‌یه‌، بەڵام ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ چى؟، عه‌لمانیه‌كان گه‌ر وابزانن پێشكه‌وتنى خه‌ڵك و ڕۆشنبیرى خه‌ڵك و شارستانیه‌تى خه‌ڵك له‌وه‌دایه‌ كه ‌واز له‌ دین بهێندرێ به‌هه‌ڵه‌داچوون، له‌ كوردستانى ئێمه‌دا ئه‌و ڕۆشنبیرانه‌ى كه‌ ده‌یانه‌وێت ببن به‌ عەلمانى، ده‌یانه‌وێت كێ بكه‌ن به‌ پێشه‌واى خۆیان له‌ عه‌لمانیه‌تدا، بێگومان یان سیاسه‌تمه‌دارانى ئه‌وروپا یان ئه‌مەریكا یان ڕۆژهەڵات و یابان و چین ئه‌و وڵاته‌ پێشكه‌وتووانه‌ له‌ ته‌كنه‌لۆجیاى دنیادا، ئه‌گه‌ر بێین سه‌یرى ئه‌وان بكه‌ین خه‌ڵكانى ڕۆشنیبرى كوردستان ئه‌وانه‌ و ئه‌و كه‌سایه‌تیانه‌ بكا به‌ پێشه‌واى و پێشه‌نگى خۆى، ئه‌وان وازیان له‌ دینى خۆیان نەهێناوه‌، دژایه‌تى دینى خۆشیان ناكه‌ن، به‌ڵكو به‌شدارى بۆنه‌ ئاینیه‌كان ده‌كه‌ن و شانازى پێوه ‌ده‌كه‌ن، له‌ جۆرج بۆشه‌وه‌ ده‌ستى پێ بكه‌ین، بۆش دژایه‌تى دینى مه‌سیحیه‌ت ناكات، شانازى به‌ دینى خۆیه‌وه‌ ده‌كات، بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ یابان له‌وپه‌ڕى بۆ ئه‌وپه‌ڕى دونیا له‌ناو یاباندا دین قه‌ده‌غه‌ نییه‌، براده‌رێكم كه‌ ئه‌ندازیاره ‌و لێپرسراوى پۆسته‌یه‌، به‌ وه‌فد چوبووه‌ یابان وتى له‌ یابان كه‌ له‌ ته‌كنه‌لۆجیه‌ت و له‌ زانست و پیشه‌سازیدا زۆر پێشكه‌وتووه‌، وتى كه‌ ئێمه‌ وه‌ك ئه‌ندازیاران له‌گه‌ڵیان دانیشتین، پێیان وتین با بچین سه‌ردانێكى سیاحه‌تیان پێبكه‌ین، سه‌ردانێكى مه‌عبه‌ده‌كانیان پێكردین وتى كامه‌ پڕۆفیسۆر و پێشكه‌وتووە كه‌ ده‌گاته‌ لاى بته‌كانیان سوجده‌ى بۆ ده‌بات، هه‌تا له‌وه‌دا هه‌یانه‌ مشك ده‌په‌رستێ كه‌ مشك زینده‌وه‌رێكى زۆر موقه‌ده‌س و پیرۆزه‌ لاى هه‌ندێك له‌ یابانییه‌كان، مه‌به‌ستم له‌ چییه؟‌، هیچ كه‌سێك وازى له‌ دین نه‌هێناوه‌، جا دینه‌كه‌ى گاورى بێ، جوله‌كه‌ بێ، مشك په‌رستى بێ، گا په‌رست بێ هیچ قه‌ومێك وازى له‌ دینه‌كه‌ى نه‌هێناوه‌ بەناوى پێشكه‌وتن و شارستانیه‌ته‌وه‌، یا به‌ناوى عه‌لمانیه‌ته‌وه‌، بۆ ئێمه‌ ئه‌وڕۆ له‌ كوردستاندا واز له‌ دینى حه‌قى خۆمان بهێنین به‌ناوى عه‌لمانیه‌ته‌وه‌، ئایا وازهێنان له‌ دین كورد به‌ره‌و پێش ده‌با؟ نه‌خێر به‌ره‌و دواوه‌ى ده‌با، گه‌وره‌ترین خیانه‌ت كه‌ كه‌سانێكى عه‌لمانى له‌و میلله‌ت و له‌و گه‌له‌ى ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌و خه‌ڵكه‌ له‌ ئیسلام داببڕن، چونكه‌ به‌وه‌ سود به‌ كورد ناگه‌یه‌نن، ئیسلام وه‌كو چى وایه‌؟، ئیسلام وه‌كو قادرمه‌یه‌ك وه‌كو مه‌سعه‌دێك وایه‌ كه‌ بۆ بینایه‌ك زۆر به‌رز بێت ئه‌گه‌ر من سوارى مه‌سعه‌ده‌كه‌ بم سه‌رمده‌خات، ئه‌گه‌ر ڕه‌ش پێستێكیش سوارى بێت هه‌ر سه‌ریده‌خات، گه‌ر كافرێكیش سوارى بێ هه‌ر به‌رزى ده‌كاته‌وه‌، دینى ئیسلام هه‌ركه‌سێك به‌ڕاستى دەستى پێوه ‌بگرێ به‌رزى ده‌كاته‌وه‌، گه‌ر عه‌ره‌ب ده‌ستى پێوه‌ بگرێ كه‌ عه‌ره‌ب زۆر زه‌لیل بوون له‌ سه‌ره‌تاى ناردنى پێغه‌مبه‌ردا صلى الله علیه وسلم به‌و ئیسلامه‌وه‌ خوا به‌رزى كردنه‌وه‌، ئێمه‌ى گه‌لى كوردیش كه‌ ده‌ست به‌ ئیسلامه‌وه‌ بگرین خوا به‌رزمان ده‌كاته‌وه‌، بەڵام به‌داخه‌وه‌ خه‌ڵك واده‌زانێ ئیسلام سه‌به‌بى نه‌هامه‌تى و سه‌به‌بى دواكه‌وتویى و ژێرده‌سته‌یى كورده‌، جا تاكى موسوڵمان پێویست ناكا له‌ سه‌رگه‌ردانیدا بێ، كێشه‌یه‌ك و ململانێیه‌ك له‌ نێوان ئیسلامى و عه‌لمانیدا هه‌یه‌، من ئیسلام وه‌كو دینه‌كه‌ باسده‌كه‌م نه‌ك وه‌ك گروپى حیزبى باسبكه‌م، گه‌ر كه‌سێك به‌ڕاستى له‌ ئیسلامدا مابێ دژایه‌تى ئیسلام ناكات، بەڵام هه‌ندێك جار چه‌ند نمونه‌یه‌ك به‌ناوى ئیسلام ده‌بینین كه‌ ئیسلامى ڕاسته‌قینه‌ نییه‌، ئه‌وانه‌ ده‌بنه‌ نیشانه‌یه‌كى خراپ بۆئه‌وه‌ى كه‌ خه‌ڵك به‌هۆى ئه‌وانه‌وه‌ له‌ ئیسلام وه‌رگه‌ڕێت و ئیسلام ڕەفزبێ لاى و قەبوڵى نه‌بێ.

پرووشه‌: ئه‌مڕۆ ئاین لاى تاكى كورد به‌ره‌و كاڵبوونه‌وه‌ ده‌چێت، له‌م قۆناغه‌دا پیاوانى ئاینى چ ئه‌ركێكیان له‌سه‌ر شانه‌ و تا چه‌ند پیاوانى ئاینى به‌و ئه‌ركه‌ هه‌ستاون؟
مامۆستا عبداللطیف: به‌رپرسى یه‌كه‌مى كاڵبوونه‌وه‌ى ئاین مامۆستایانى ئاینین، مامۆستایانى ئاینى به‌ڕاستى كه‌ مه‌به‌ستیان خوا بێت و له‌گه‌ڵ ئه‌و دینه‌ ڕاست بكه‌ن كه ‌ده‌ڵێن من پێشه‌وام و كه ‌هه‌موو ڕۆژێك ده‌چێته‌ سه‌ر میمبه‌ر و ده‌ڵێت (ئێمه‌ میراتگرى پێغه‌مبه‌رانین) ده‌بێ پێغه‌مبه‌ران چیان كردووه‌ مه‌لاكانیش ئه‌وه‌ بكه‌ن، نه‌ك توندڕه‌وى و تیرۆرستى كه‌ له‌ دیندا نین، ڕاگه‌یاندن و بانگه‌وازكردنى خه‌ڵك بۆ ده‌ستگرتن به‌ ئیسلام، پاپه‌ندبوون به‌ شه‌ریعه‌تى جوانى ئیسلام ئه‌ركى سه‌ر شانى مامۆستایانه‌، بەڵام زۆرێك له‌ مامۆستایانى ئاینى ئه‌گه‌ر بێتو (٧٠) ساڵ له‌ مزگه‌وتێك و له‌ گوندێك مه‌لا بن، ئه‌و ڕۆژه‌ كه‌ چووه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ى چۆن بینیوه‌، ئه‌و ڕۆژه‌ش كه‌ له‌ گونده‌كه‌ نامێنێت ئه‌م خه‌ڵكه‌ هه‌ر به‌ هه‌مان شێوه‌یه‌، كۆمه‌ڵێك وتارى ته‌قلیدى و فۆلكلۆرى كۆن كه‌ بۆى نووسراوه‌ته‌وه‌ دووباره‌ى ده‌كاته‌وه‌ و دوو ساڵ و سێ ساڵ پێش ئێستا كه‌ نه‌فسى ڕۆژ چ وتارێكى داوه‌، دووباره‌ ده‌یخوێنێته‌وه‌ به‌بێ ڕه‌چاوكردنى ئه‌وه‌ى ئایا ئه‌و ووتاره‌ له‌گه‌ڵ زروفى ئه‌مڕۆى خه‌ڵك گونجاوه‌، خه‌ڵك ئه‌مڕۆ ئه‌وه‌ موشكیله‌كانێتى، یان پێویستیان به ‌شتى تر هه‌یه‌، به‌داخه‌وه‌ زۆر له‌ مه‌لاكان ئاگایان له‌وه‌ نییه‌، له‌ هه‌مووش خراپتر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ مه‌لا دینه‌كه‌ى خۆى بفرۆشێت، والله ئه‌و مه‌لایه‌ بۆ حكومه‌تى كوردستان و به‌رپرسان دڵسۆز نییه‌ كه‌ دینى خوا ده‌فرۆشێت، به‌ڵكو ئه‌و مه‌لایه‌ دڵسۆزه‌ كه‌ دینى خوا به‌ جوانى ڕاده‌گه‌یه‌نێ، كه‌ مه‌سئول هه‌ڵه‌ى كرد ئامۆژگاریان بكات، كه‌ خه‌ڵكى فه‌قیر هه‌ڵه‌یان كرد ئامۆژگاریان بكات، ئه‌ركى سه‌ر شانى مه‌لا و ئێمه‌یه‌ ئه‌و ئیسلامه‌ به‌ نه‌رمی و حیكمه‌ت و جوانى به‌ خه‌ڵك ڕابگه‌یه‌نین، تێیان بگه‌یه‌نین ئه‌و دینه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندى ئه‌وان دایه‌.

پرووشه‌: زۆرجار له‌لایه‌ن ڕۆشنبیرانه‌وه‌ گله‌یى ئه‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ به‌شێكى زۆر له‌ مه‌لاكان به‌ناوى ئاینه‌وه‌ قسه ‌ده‌كه‌ن، له‌كاتێكدا ئه‌وه‌ى ئه‌وان هێماى بۆ ده‌كه‌ن به‌شێكه‌ له‌ تێگه‌یشتنى خۆیان بۆ ئاین، نه‌ك خودى ئاین، تۆ سه‌باره‌ت به‌مه‌ چى ده‌ڵێیت؟
مامۆستا عبداللطیف: ئه‌گه‌ر مامۆستایانى ئه‌و قۆناغه‌ ته‌قلیدى و كوێرانه‌ لاساییانه‌ ببڕن، قورئان و فه‌رمووده‌ بخوێننه‌وه‌ و تێى بگه‌ن ئه‌وه‌ جێگه‌ى دڵخۆشیه‌، بەڵام به‌داخه‌وه‌ به ‌دانپێدانانى چه‌ندین مامۆستا به‌و واقیعه‌ش كه‌ ئێستا تێیدا ده‌ژین مامۆستایانى ئاینى كه‌مێكى كه‌م نه‌بێت له‌ چوارچێوه‌یه‌كى ته‌سكى ته‌قلیدى كوێرانه‌دا ده‌سوڕێنه‌وه‌، ئه‌و كتێبه‌ى كه‌ خوێندوێتیه‌وه‌ كه‌ هیچ ئایه‌ت و فه‌رمووده‌یه‌كى تێدا نییه‌، ته‌نها مه‌تنێكه‌ و ده‌قێكى فقهیه‌ و ئه‌وه‌ بۆ خه‌ڵك ده‌خوێنێته‌وه‌ و كۆتایى به‌ خوتبه‌كه‌ى ده‌هێنێت، ئه‌گه‌ر مامۆستایانى ئاینى ئێمه‌ بگه‌نه‌ ئه‌و ئاسته‌ى كه‌ قورئان بخوێننه‌وه‌ له‌ قورئان تێبگه‌ن، به‌ كوردى بۆ هاوڵاتیانى ته‌فسیر بكه‌ن زۆر جێگه‌ى دڵخۆشیه‌، بەڵام ئه‌وه‌یان نییه‌، قورئان به‌س بۆ پیرۆزى و موباره‌كى ده‌خوێننه‌وه‌، یان زۆرێك له‌وان له‌كاتى منداڵبوونى ئافره‌تێك قورئان به‌سه‌ر منداڵه‌كه‌دا ده‌خوێننه‌وه‌ بۆئه‌وه‌ى شه‌وه‌ نه‌یباته‌وه‌ كه‌ هیچ ئه‌سڵ و ئه‌ساسێكى نییه‌، قورئان نامه‌ى خوایه‌ بۆ ئێمه‌ و پێوسته‌ بیخوێنینه‌وه‌ و تێبگه‌ین، به‌خته‌وه‌ر بین، زۆر كه‌س له‌ خۆیه‌وه‌ قسه‌ ده‌كات، به‌ناوى خواوه ‌قسه‌ ده‌كات، بەڵام مه‌رج نیه‌ دینى خوا وابێت، له‌وانه‌یه‌ ڕه‌ئى و بۆچونى خۆى بێت، هه‌ركاتێك باس له‌ قورئان و فه‌رمووده‌ كرا، پێویسته‌ بڵێین ئه‌وه‌ دینى خوایه‌.

پرووشه‌: به ‌بڕواى تۆ هۆى چیه‌ خه‌ڵكانێكى زۆرى موسڵمان ده‌بن به‌ مه‌سیحى؟
مامۆستا عبداللطیف: من ده‌ڵێم ئه‌وانه‌ هه‌ر به‌ناو و هه‌ویه‌ موسوڵمان بوون، بەڵام له‌ ئیسلام تێنه‌گه‌شتوون، ئه‌و كه‌سانه‌ش له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندى دنیا ده‌بن به‌ مه‌سیحى، نه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ى تێگه‌یشتوون و پێشتر زانیویانه‌ كه‌ ئیسلام چیه‌، مه‌سیحیه‌تیان پێ باشتر بووه‌ له‌ ئیسلام، به‌ ئاشكرا ده‌ڵێم ئه‌و كه‌سانه‌ى ئه‌مڕۆ ده‌بن به‌ مه‌سیحى با بزانن حوكمى مه‌سیحیان بۆ ناكرێت، به‌ڵكو ئه‌وانه‌ حوكمى موڕته‌دیان بۆ ده‌كرێت، موڕته‌د واته‌ له‌ دین هه‌ڵگه‌ڕابێته‌وه‌، ئه‌وه‌ كه‌سێكى كافره‌، له ‌دیندا وه‌ك كه‌سێكى جوله‌كه ‌و گاورێك حسابى بۆ ناكرێت، موڕته‌دیش له‌سه‌ر هیچ دینێك نیه‌، خه‌ڵك به‌هۆى نه‌زانیه‌وه‌ بووه‌ به‌ مه‌سیح، ئه‌گه‌ر لێره‌دا نموونه‌یه‌ك بهێنینه‌وه‌، ئێمه‌ گاورێكمان دیت له‌ شارى مه‌دینه‌ ووتى ئه‌و كاته‌ى كه‌ گاور بووین ئێمه‌یان له‌ لوبنانه‌وه‌ نارد بۆ مصر، بۆئه‌وه‌ى خه‌ڵك بكه‌ینه‌ گاور، خه‌ڵكێكى زۆر له‌ مصر له‌ برسان ووتیان ئێمه‌ بووینه‌ نه‌صرانى و ئێمه‌ش مووچه‌مان بۆ بڕینه‌وه‌، دوایی پێمان گووتن ده‌بێت بتانبه‌ین له‌ لوبنان زانكۆیه‌ك هه‌یه‌ له‌وێ بخوێنن بۆئه‌وه‌ ببنه‌ مه‌سیحیه‌كى ته‌واو، له‌ ڕێگه‌دا یه‌كێكیان پژمى و سڵاوى له‌سه‌ر پێغه‌مبه‌ر صلى الله علیه وسلم لێدا، هه‌موو خه‌ڵكى ناو قیتاره‌كه‌ ووتیان: (صلوا على النبي)، ئێمه‌ ڕامان گرت و ووتمان ئێوه‌ بوونه‌ مه‌سیحى چۆن صه‌لاوات له‌سه‌ر پێغه‌مبه‌ر صلى الله علیه وسلم لێده‌ده‌ن، له‌ وەڵامدا ووتیان مه‌سیحى چى، ئێمه‌ ئیشمان به‌ پاره‌یه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ ناچاربووین پێیان بڵێین دابه‌زن ئێوه‌ مه‌سیحى ڕاست نین، ئه‌وه‌ى ئه‌مڕۆش ده‌بێته‌ مه‌سیحى هه‌ر له‌و بابه‌ته‌یه ‌و له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندیه‌ نه‌ك به‌ قه‌ناعه‌ت و گه‌ڕان به‌دواى زانست و زانیارى ببێته‌ مه‌سیحى.

پرووشه‌: له‌ناو ئیسلامدا كۆمه‌ڵێك مه‌زهه‌ب هه‌یه‌، له‌ناو ئه‌و مه‌زهه‌بانه‌ش كۆمه‌ڵێك گرووپى جیاواز هه‌ن، هه‌ستناكه‌ى ئه‌مه‌ بۆته‌ كێشه‌یه‌ك بۆ هاوڵاتیانى موسوڵمان؟
مامۆستا عبداللطیف: بێگومان ته‌فره‌قه ‌و گرووپ گرووپ له‌ به‌رژه‌وه‌ندى گه‌لى كوردا نیه‌، به‌ڵكو تاوه‌كو موسوڵمانان له‌گه‌ڵ یه‌كتریدا بن یه‌كڕیز بن به‌رژه‌وه‌ندیان زیاتر ده‌بێت، ئه‌وڕۆ كه ‌ده‌بینین چه‌نده‌ها مه‌زهه‌ب و فكر و ڕه‌ئى جیاواز هه‌یه‌، وا له‌ خه‌ڵكى ساده‌ ده‌كات سه‌رى لێ بشێوێت و پرسیارى ئه‌وه‌ بكات ئایا كامه‌ ڕاسته‌، چاره‌سه‌رى ئه‌مه‌ ئه‌وه‌یه‌ هه‌ركه‌سێك دیندارى ده‌كات، دیندارى به ‌گرووپ گرووپ و حیزب حیزبێن نیه‌، دیندارى ئه‌وه‌یه‌ یه‌ك خوا هه‌یه‌، یه‌ك قورئان هه‌یه‌، مادام یه‌ك خوا هه‌بێت قبوڵ نیه‌ دوو حیزب هه‌بێت، مادام یه‌ك پێغه‌مبه‌ر صلى الله علیه وسلم هه‌بێت نابێت دوو شوێنكه‌وته‌ى هه‌بێت، ده‌بێت هه‌موومان وا بكه‌ین شوێنى پێغمبه‌ر صلى الله علیه وسلم بكه‌وین و ده‌ست به‌ قورئانه‌وه‌ بگرین، خواى گه‌وره‌ به ‌ته‌نها بپه‌رستین، بۆئه‌وه‌ى خه‌ڵك به‌خته‌وه‌ر بن نه‌ك له‌ دوو دڵیدا بژین.

پرووشه‌: زۆرجار هاوڵاتیان گله‌یى ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه ‌سه‌ریان لێشێواوه‌ له‌وه‌ى بیر و بۆچوونى سه‌له‌فیه‌كان به‌هه‌ند وه‌ربگرن، یان ڕه‌ئى گرووپه‌ ئیسلامیه‌كانى تر؟
مامۆستا عبداللطیف: چاره‌سه‌رى سه‌رلێشێواوى و دوودڵى بریتیه ‌له‌ زانستێكى ته‌واو سه‌باره‌ت به‌ ئاینى ئیسلام، بۆئه‌وه‌ى بۆت ده‌ربكه‌وێت قسه‌ى كێ ڕاسته‌، دینى كێ ڕاسته‌، نابێت به‌و شێوازه‌ سه‌یر بكه‌ین كه‌ كێ باڵا به‌رزه‌ و كێ باڵا كورته‌، ژماره‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ى له‌گه‌ڵیدایه‌ كه‌من یان زۆرن، ئه‌مانه‌ هیچیان پێوه‌رى ڕاسته‌قینه‌ نین، پێوه‌رى ڕاسته‌قینه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بزانین كێ له‌سه‌ر هه‌قه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ تۆ له‌ قورئان و فه‌رمووده‌ شاره‌زا بیت، ئه‌و كاته‌ تێده‌گه‌یت كێ خه‌ڵك بۆ لاى خوا بانگده‌كات و كێش بۆ لاى خۆى.

پرووشه‌: وه‌ك سه‌له‌فیه‌ت تا چه‌ند باوه‌ڕتان به‌ نه‌ته‌وه‌گه‌رایى هه‌یه‌، یاخود بڵیین تا چه‌ند هه‌بوونى ده‌وڵه‌تى كوردى به‌ شیاو ده‌زانن؟
مامۆستا عبداللطیف: ئێمه‌ كوردین و پێمان وایه‌ هه‌ركه‌سێك له‌ نه‌ته‌وه‌كه‌ى خۆى بێبه‌رى بێت، حاشا بكات وه‌ك چۆن ده‌ڵێن منداڵێك له‌ باوك، دایكى خۆى، حاشا بكات كه‌سێكى ڕه‌سه‌ن نیه‌، ئه‌و كه‌سه‌ش كه ‌حاشا له‌ نه‌ته‌وه‌كه‌ى خۆى ده‌كات به‌ ڕەسه‌نى نابینین، ئێمه‌ كوردین و سوپاسى خوا ده‌كه‌ین كه‌ به‌ كوردى دروستى كردووین، خێر له‌وه‌دایه‌ بۆیه‌ خواى گه‌وره‌ به ‌كوردى دروستى كردووین، ئێمه‌ پێمان خۆشه‌ قه‌ومى خۆمان له‌پێش هه‌موو قه‌ومه‌كانى تر له‌ دین تێبگات و پێشبكه‌وێت و چاكه‌ بكات، ئازادیه‌كى شیاوى خۆى هه‌بێت، بەڵام له‌ ڕوانگه‌یه‌كى تر، كه‌ من كوردم له‌ غه‌یره‌ كورد پێ باشتر بێت، نه‌خێر، سه‌له‌فیه‌ت ئه‌وه‌ى پێ قبوڵ نیه‌، ته‌رازووى باشى و خراپى چاكبوونى نه‌ته‌وه‌ییه‌، هه‌روه‌كو چۆن ئه‌مڕۆ كوه‌یت وڵاتى خۆى هه‌یه‌، به‌حره‌ین وڵاتى خۆى هه‌یه‌ ... هتد، ئه‌گه‌ر كوردستانى ئێمه‌ش وڵاتى هه‌بێت هیچ ناشه‌رعى نیه‌، بەڵام ئێمه‌ ته‌عه‌سوبى قه‌ومیمان نیه‌، هه‌روه‌كو چۆن بۆ خۆمان نیمانه‌، بۆ عه‌ره‌ب و فارسیش قبوڵى ناكه‌ین، هه‌ق له‌پێش هه‌موو شتێكه‌وه‌یه‌ .

پرووشه‌: زۆرجار ده‌گوترێت بودجه‌ى سه‌له‌فیه‌كانى كوردستان له‌ وڵاتانى ده‌ره‌وه‌ دێت، ده‌كرێت بزانین بودجه‌ى مانگانه ‌و ساڵانه‌ى سه‌له‌فیه‌كانى كوردستان چه‌نده‌؟
مامۆستا عبداللطیف: والله وشه‌ى بودجه‌ نه‌ ماناو نه‌ له‌فزه‌كه‌ى له‌ناو سه‌له‌فیه‌تدا نییه‌، دینارێك نیه‌ بڵێین ئه‌و دیناره‌ هى سه‌له‌فیه‌كانه‌، ئه‌وه‌ له‌ فڵانه‌ جیهه‌ته‌ و له‌ فڵانه‌ شوێن بۆیان هاتووه‌، وه‌ك پێشتر ووتم سه‌له‌فیه‌ت بریتی نیه‌ له‌ گروپێكى حیزبى ئه‌میرێكى هه‌بێ و ڕێكخستنى هه‌بێ، ئه‌ندامێكى هه‌بێ، سه‌له‌فیه‌ت بریتیه‌ له‌ دینى خوا، بانگكردنى خه‌ڵكه‌ بۆ دینى خوا، له‌ واقیعشدا دیاره‌ سه‌له‌فیه‌كان چیان هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر بودجه‌یان له‌ شوێنێكه‌وه‌ بۆ بێت ده‌بێت پێیانه‌وه‌ دیار بێت، به ‌پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌ر گروپێك له‌ كوردستان بودجه‌ى تایبه‌تى خۆى هه‌یه‌، بەڵام ئێمه‌ گروپ نین هه‌تا بودجه‌ى تایبه‌تى خۆمان هه‌بێت.

پرووشه‌: له‌ ئیسلامدا تا چه‌ند ڕێگه‌ دراوه‌ مرۆڤ موقه‌ده‌س بێت، وه‌ك موقه‌ده‌س كردنى شێخ، مه‌لا، سه‌ید، له‌ناو كۆمه‌ڵگاى كوردیدا؟
مامۆستا عبداللطیف: هیچ ئینسانێك موقه‌ده‌س نیه‌، خواى په‌روه‌ردگار له‌ بنەچه‌دا ئینسانى دروست كردووه‌ به‌ باشترین شێوه‌، ئینسان له‌چاو هه‌موو بوونه‌وه‌ره‌كانى تر جوانترین شكڵ و شێوه‌ى هه‌یه‌، تاوه‌كو ئیمان و ئه‌خلاق و ڕه‌وشتى هه‌بێت به‌ جوانى ده‌مێنێته‌وه‌، كه‌ ئیمان و ئه‌خلاق و ڕه‌وشتى نه‌ما داده‌به‌زێت، ئێمه‌ له‌ ئیسلامدا شه‌خس به‌ موقه‌ده‌س و پیرۆز نازانین، له‌ شه‌خس ڕێز ده‌گرین، ئه‌ما بیكه‌ینه‌ هۆكار له‌ به‌ینى خۆمان و خودا و بڵێین شێخ فڵانه‌ كه‌س واسته‌مان بۆ ده‌كات و بۆمان ده‌پاڕێته‌وه‌ له‌ خوا، ئه‌وه‌ له‌ گوناهمان خۆش ده‌بێت، ئه‌وه‌ له‌ ئیسلامدا نیه‌، ئه‌وه‌ دینى كافره‌كانه‌. هه‌ركه‌سێك له‌ غه‌یرى خوا هاواركاته‌ كه‌سێك و په‌نا به‌ كه‌سێك بگرێت، داوا له‌ كه‌سێك بكات، یا شێخ عبدالقادرى گه‌یلانى بێ، چاكه‌ سوور و مامۆستا بێ ... هتد، هه‌ركه‌سێك ئه‌وه‌ بكات گوناهێكى كردووه‌ له‌ زیناكردن و قه‌تڵ كردن گه‌وره‌تره‌، بەڵام به‌داخه‌وه‌ خه‌ڵك نازانێت، ده‌نا ده‌بێت یه‌ك خوا بپه‌رستێت. ئه‌و كه‌سه‌ى ده‌چێته‌ سه‌ر قه‌برى پیاوچاكێك و ئاژه‌ڵێك له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌بات و سه‌رى ده‌بڕێت و به‌ده‌ورى قه‌بره‌كه‌دا ده‌سوڕێته‌وه‌، ئه‌وه‌ ئه‌گه‌ر زینا بكات زۆر باشتره‌ و گوناهه‌كه‌ى زۆر كه‌متره‌ له‌و كاره‌ى كه‌ كردوویه‌تى. ئه‌مما ته‌به‌قه‌یه‌ك هه‌بێ وخه‌ڵك سوجده‌ى بۆ ببات، یان سه‌ر نەوى بكات بۆ كۆمه‌ڵێكى تر ئه‌وه‌ له‌ ئیسلامدا نیه‌، ئیسلام بۆ ئه‌وه‌ هاتووه‌ خه‌ڵكى ڕزگاربكات له‌ كۆیلایه‌تى كردنى بۆ عه‌بد، بۆ به‌ندایه‌تى كردن بۆ خوا.