بەداخەوە وەزارەتى ئەوقاف خۆى بچووک کردەوە - ماڵپەڕى دکتۆر عبداللطیف أحمد مصطفی
سەرەکی    »    ئامۆژگارى    »    بەداخەوە وەزارەتى ئەوقاف خۆى بچووک کردەوە

بەداخەوە وەزارەتى ئەوقاف خۆى بچووک کردەوە

بەداخەوە وەزارەتى ئەوقاف خۆى بچووک کردەوە

وە (گۆڕیان) بەڵام نەک لە باشەوە بۆ باشتر، بەڵکو لە باشەوە بۆ خراپ،

لەکاتێکدا خەڵکى چاوەڕێى گۆڕانى باشترى لێدەکردن!!

بسم الله الرحمن الرحیم

الحمد لله والصلاة والسلام على رسول الله.
تاوەکو چەند مانگێکیش پێش ئێستا تێکراى خوێندکاران و مامۆستایانى خوێندنگا ئاینیەکان و پەیمانگاى زانستە ئیسلامیەکان چاوەڕێى دوو مەشروعى خێرى گەورە بوون لە وەزارەتى ئەوقاف:
١- کردنەوەى قۆناغی سەرەتایی بۆ خوێندنى شەرعى بۆ ئەوەى هەر لە یەکەمى سەرەتاییەوە خوێندکار پەروەردە بکرێت بەگوێرەى زانستى شەرعى و ڕەوشت و ئادابى ئیسلام.
٢- گۆڕینى پەیمانگاکان بۆ کۆلێژ و کردنەوەى زانکۆیەکى ئیسلامى وەک (جامعة الأزهر) بۆ نموونە!
وە ئەم دوو مەشروعەش سەربەرزى و شکۆمەندى دەبوون بۆ وەزارەتى ئەوقاف، بەڵام بەداخەوە وەزارەتى ئەوقاف نەک ئەم شکۆمەندییەى بۆ خۆى دابین نەکرد بەڵکو لەجیاتى ئەوە دوو مەشرووعە مەوجودەکەشی لەناوبرد کە بریتى بوون لە (خوێندنگاکان و پەیمانگاکان) بە:
١- دەرکردنى پەیمانگاکان و دەستبەردار بوون لێیان بۆ وەزارەتێکى تر.
٢- وە دەرکردنى خوێندنگاکان و دەستبەردار بوون لێیان بۆ وەزارەتێکى تر!

بیانوش ئەوەیە پەیمانگاکان و خوێندنگاکان تیرۆر بەرهەم دێنن!

کەوابێت چارەسەر ئەوەیە بەیەکجارى دایان بخەن و مامۆستاکانیش فەصل بکەن!، چونکە ئەگەر خەلەل لەخوێندکار و مامۆستاکان بوو بێت خۆ ئەوان بە نەقڵ کردن بۆ سەر وەزارەتێکى تر هەر دەمێنن!

وە ئەگەر وا نەکەن ئەو دیارە خەلەلەکە لە خودى وەزارەتەکەیە، کەواتە وەزارەتەکە مەهێڵن یان نەقڵى بکەن بۆ سەر وەزارەتێکى تر و بچوکى بکەنەوە!

وە بیانووەکەشیان ڕاست نییە، واتە خوێندنگا و پەیمانگاکان تیرۆریان بەرهەم نەهێناوە، چونکە ئەى ئەو هەموو گەنجە ئەوروپى و ئەمریکى و سینى و روسییەى چونەتە ناو داعش خۆ لە پەیمانگا و خوێندنگاکانى کوردستان دەرنەچوبوون؟

ئەى چەندان گەنجی مهندس و طبیب و دەرچوو و خوێندکارى کۆلێژەکانى تر کە لەناو داعشن خۆ لە پەیمانگا و خوێندنگاکانى کوردستان دەرنەچوبوون؟

ئەوەى تیرۆرى دروستکرد خوێندنى شەرعی ئیسلام نەبوو، بەڵکو چوار شت بوو:

١- توندڕەوى و نەفامێتى و کەم زانستى خاوەن فیکرى تەکفیرى کە لە ڕێگاى تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شوبهەى کافر کردن بڵاودەکەنەوە و گەنجان فریو دەدەن.
٢- توندڕەوى و بێئەدەبى مولحیدەکان بوو بەرامبەر ئیسلام و قورئان و موسڵمانان.
٣- زوڵم و ستەمى هەندێ دەسەڵاتدارى طائیفی بەرامبەر سوننە.
٤- دەوڵەتە زلهێزە کافرەکان کە بازرگانى بە جەنگەوە دەکەن و چەک و تەقەمەنیەکانیان ساغ دەکەنەوە و موسڵمانانیش بەیەکترى لەناودەبەن لە ڕێگاى توندڕەوەکانەوە.

لە کۆتاییدا خوا ڕەحم بکات بزانیین سیاسەتى داهاتووى وەزارەتى ئەوقاف بەرامبەر حوجرەکان و مینبەرەکان چۆن دەبێت، فراوانتر و گەورەترى دەکەن یان بچوکیان دەکەنەوە.

خوا لە هەموو شەڕێک پەنامان بدات، وحسبنا الله ونعم الوکیل.

بەندەى خوا: عبداللطیف أحمد