چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ گۆڤاری چركه‌ - ماڵپەڕى دکتۆر عبداللطیف أحمد مصطفی
سەرەکی    »    چاوپێکەوتنەکان    »    چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ گۆڤاری چركه‌

چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ گۆڤاری چركه‌
 
 
ئه‌م چاوپێكه‌وتنه‌ی گۆڤاری چركە كه‌ له‌گه‌ل دكتۆر عبداللطیف أحمد كردویه‌تی، چه‌ند پرسیارێك له‌سه‌ر مه‌نهه‌ج و ڕێبازی سه‌له‌ف كراوه‌ و وەڵامدراوه‌ته‌وه‌، له‌و پرسیارانه‌ش:
- ئایا بۆ حیزبه‌ ئیسلامییه‌كان سه‌له‌فییه‌كان به‌ پیاوی ده‌سه‌ڵات ناوده‌به‌ن؟
- چی وڵاتێك هاوكاری سه‌له‌فییه‌كان ده‌دات؟
- جیاوازی له‌نێوان سه‌له‌فییه‌كان و گروپه‌ ئیسلامییه‌كان چین؟
- مێژووی دروستبوونی سه‌له‌فییه‌كان كه‌یه‌ و چۆن بووه‌؟
- كێ سه‌رپه‌رشتى سه‌له‌فیيه‌كانى كوردستان ده‌كات؟
- ئێوە حیزبايەتى بە شتيكى هەڵبەستراو دەزانن ئەى ئەو هەموو حیزبانەى بەناوى ئيسلاميەوە هەن لە كوردستان بۆچى دروستبوون؟
ئه‌مانه ‌و چه‌ند پرسیارێكی تر له‌و باره‌یه‌وه‌ بخوێنه‌ره‌وه‌ ...

چركە: زۆرجار حیزبە ئيسلاميیەكان سەلەفيیەكان به ‌پياوى دەسەڵات لە قەڵەم دەدەن، ئايە ئەوە نزيكى ئێوەيە لە هەردوو حیزبي دەسەڵاتدار يان هۆى تر له ‌پشت ئەو شتەوەيە؟
د. عبداللطیف ئەحمەد: ڕاگەياندنى سياسی زۆرجار ڕۆڵێكى ترسناك دەبينێت، ڕاگەياندنی‌ حیزبە سياسيەكانى خۆمان بەتايبەتيش ئيسلاميیەكان و بگرە عەلمانيەكانيش بەشيوەيەكى وا سەلەفيەت لە قەڵەم دەدەن و نيشانی خەڵكى دەدەن كه ‌شتێكى زۆر خەتەر و ترسناك و خراپە، وە ڕاگەياندنى حیزبە ئيسلاميیەكان پڕوپاگەندەى وا دەكەن و وا باسی سەلەفيەت دەكەن بۆئەوەى شوێنكەوتەكانى خۆيان به ‌هيچ شێوەيەك ڕۆژيك له ڕۆژان گوێ نەگرن له ‌مامۆستايەكى سەلەفى، کەسانێکی حیزبە ئيسلاميیەكان دەڵێن: سەلەفيەكان بەكرێگيراون، پياوى يەكێتى و پارتين، ئەو جۆرە قسانە دەكەن بۆئەوەى لايەنگرانى خۆيان و تێكڕاى كۆمەڵگا بە چاوێكى خراپ سەيرى سەلەفيیەكان بكەن و قسەيان لێ قەبوڵ نەكەن، بۆئەوەى ئەو جۆرە ئيسلاميیانە بەربەستێك دابنێن له ‌بەينى خەڵكى خۆيان و خەڵكى تريشدا و لە بەينى سەلەفيیەكان، دێن بوهتان بۆ سەلەفيیەكان دەكەن، دەڵێن سەلەفيیەكان عەلمانين، ئيمە دەڵێین: (ئەوانەى بە سەلەفيیەكان دەڵێن پياوى دەسەڵات ئەوان خۆیانن لەگەڵ عەلمانيەكان دادەنيشن و هاوپەيمانى دروست دەكەن، ڕۆژێك لەگەڵ حسك، ڕۆژێك لەگەڵ زەحمەتكێش، ڕۆژێك لەگەڵ يەكێتى و ڕۆژێك لەگەڵ پارتى، ڕۆژێك لەگەڵ جيهەتى خوارەوەى عێراق، بۆ ئەوان هيچ شتێك موشكیلە نييە، بەڵام سەلەفی كە هيچيشى نەكردوە تۆمەتبارى دەكەن! ئەوە مەبەستى خۆیانی تێدايە، بۆئەوەى لاى خەڵكى سەلەفيیەكان ناشيرن بكەن). بێگومان ئەم بوهتانەش کە دەڵێن: ئێوەى سەلەفی پەیوەندیتان پتەوە لەگەڵ عەلمانیەكان ئەڵقەیەكى ترە له ‌زنجیرە بوهتان و شوبهە و چەواشەكاریەكانى هەندێ لە حیزبیەكان، وە واقیع شاهیدە كه ‌پێچەوانەى ئەم قسەیە ڕاستە و ئەمەش بە چەندەها بەڵگە:
١. كێیە مانگانە زیاتر لە بیست دەفتەر دۆلار وەردەگرێت لە حكومەتى هەرێم سەلەفیەكانن یان حیزبیەكان؟!
٢. كێیە زەوى و زارى پێ دەدرێت وەكو حیزب سەلەفیەكانن یان حیزبیەكان؟!
٣. كێیە مۆڵەتى ڕاگەیاندنی ڕادیۆ و تەلەفزیۆن و كەناڵى ئاسمانى پێ دەدرێت سەلەفیەكانن یان حیزبیەكان؟!
٤. كێیە زوو زوو بە سەركردەكانى پارتى و یەكێتى دەگەن و بەیەكەوە دادەنیشن و دەعوەت دەكرێن و پێدەكەنن و قسەى خۆش لەگەڵ یەكترى دەكەن و مەدحى سەركردەكان دەكەن، سەلەفیەكانن یان حیزبیەكان؟!
٥. كێیە بەشێكى دیاریكراوى هەیە لە تەعین كردن و دامەزراندنى شوێنكەوتووەكانیان، سەلەفیەكانن یان حیزبیەكان؟!
٦. كێیە ڕێگەی پێ دراوە قوتابخانە‌ى تایبەتى خۆیان هەبێت وەك لە چەمچەماڵ و هەولێر؟!
وە هەروەرها ڕێگە دراوە خوێندنگاى سۆفیگەرێتى گەورە هەبن لە چەند شوێنێكى وڵات بەڵام سەلەفی ئەم مافەیان پێ نەدراوە، وە موئتەمەرى تەسەوفی جیهانى بە ئاشكرا دەبەسترێ لە شارى سلێمانى!
٧. حیزبیەكان زۆربەى مزگەوتەكانى هەرێمیان گرتۆتە ژێر ڕكێفی خۆیان و ئیمامەت و وتاریان بەدەستە بەڵام سەلەفیەكان له ‌هەموو حەوزى بیتوێن و پشدەر و كۆیە ... تەنها بە ڕەسمى یەك وتاربێژیان هەبوو لە چوارقوڕنە كه ‌من بووم، كەچى من مەنع كرام لەلایەن حیزب و ئاسایشەوە لەكاتێكدا كە حیزبیەكان مزگەوتەكانى خۆیانیان هەر لەبەردەستە!
وە ئەمەش چوارەمین جارە كە لە وتار لادەبرێم بەبێ بوونى هۆیەكى قانوونى یاخود ئەمنی! بێ ئەوەى جنێومان بە حكومەت دابێت، یان كەسێكمان كافر كردبێت، وە یان خەڵكمان هاندابێت بۆ ئاژاوە و خوێنڕێژى!
بەڵام سەدان وتاربێژى حیزبى لە كوردستاندا وتاریان هەیە وە كە جارجار یەكێكیشیان لاببرێ بۆ ماوەیەك ئەوە لەبەر جنێوەكانیەتى كە لەسەر مینبەر دەیڵێت بە حكومەت و كاربەدەستان، كه ‌لە شەرعدا ئەمە بە ئازایەتى و ئیمان بەرزیەتی داناندرێت بەڵكو بە پێچەوانەى شەرع دادەنرێت! چونكە ئەمە ئامۆژگارى دەسەڵاتدار نییە بەڵکو‌ تەشهیر پێكردنە لەسەر مینبەر! كەوابوو قسەى حیزبیەكان ڕاست دەرنەچوو كە سەلەفیەكان ئازادتر بن لە حیزبیەكان، بەڵكو ئەمە تەنها چەواشەكارییە بۆ ناشیرین كردنى سەلەفیەكان.

چركە: چ وڵاتێك هاوكارى سەلەفيەكان دەكات بەتايبەت باس لەوە دەكرێت كە سەلەفيەكان لەلايەن وڵاتى سعوديەوە هاوكارى دەكرێن، ئێوە چ بۆچونێكتان لەم بارەيەوە هەيە؟
د. عبداللطیف ئەحمەد: هەركەسێك قسەيەك بكات و بەڵگەى پێ نەبێت، نابێت لێى وەربگيرێت ئەمڕۆش وامان لێهاتووە قسە هەڵبەستن و بوختان بۆ يەكتر كردن زۆر ئاسایيە لای ئەوەی کە له ‌خوا نەترسێت، ئەو كەسەی كە دەڵێت سەلەفيەكان پەيوەنديان بە حیزبێكەوە هەيە، يان پەيوەنديان بە وڵاتێكەوە هەيە جا سعوديە بێت يان غەيری‌ سعوديە با بەڵگەيەكمان بۆ بێنێت، سەلەفيەكانى كوردستان پەیوەندیيەكى سياسی و پەیوەندیيەكى تەنزيميان نە به ‌حكومەتى سعوديەوە هەيە، نه ‌بە هيچ شوێنێكى تر، كه گوايە سەلەفيەكان لە سعوديەوە پارەيان بۆ دێت، جا بۆئەوەى خەڵك نەڵێن درۆ دەكات با يەك بەڵگەمان بۆ بێنن و كەشفى بكەن، ئەو كەسەى بوختان بۆ سەلەفيەكان دەكات كه ‌پارەيان لە سعوديەوە بۆ دێت يان تەوجيه لە سعوديە وەردەگرن با بەڵگەكان ئاشكرا بكەن و بڵاوى بكەنەوە. بەڵێ لەوەدا يەكدەگرينەوه کە‌ زۆرێك لە زانايانى سعودى سەلەفين و ئێمەش سەلەفين وه ‌مەنهەجمان لەگەڵ زاناكان يەكە، بەڵام ئەوە ماناى ئەوە نييە کە پەيوەنديمان هەبێ به ‌حكومەتى سعودي نەخێر ئەوە دوو شتى له ‌يەكتر جياوازن.

چركە: جیاوازی چییە لەنێوان سەلەفیەت و مەزهەبیەت؟
د. عبداللطیف ئەحمەد: مەزهەبیەت پابەندبوونە بە ڕا و بۆچونى زانایەكى -بۆ نمونە- وەك ئیمام ئەبو حەنیفە وە زۆربەى حەنەفی مەزهەبەكان وتەى سەرمەزهەب دەخەنە پێش وتەى خوا و پێغەمبەریش لە واقیعدا وە بە زمانى حاڵیان، هەرچەندە بە زمانى دەمیشیان وانەڵێن! وە كە حەدیسێكی‌ ڕاست پێچەوانەى ڕاى مەزهەب بێت ئەوە حەدیسەكە قەبوڵ ناكەن! بەڵام سەلەفیەت پابەندبوون نییە بە ڕا و بۆچونى تاكە زانایەك بەڵكو پابەندبوونە بە ڕا و بۆچون و تێگەیشتنى پێشینەى چاكی ئەم ئوممەتە كە پێغەمبەر و هاوەڵە بەڕێزەكانى و كۆمەڵى زانایانى ئەهلی سوننەتن، وە سەلەفیەت وتەى خوا و پێغەمبەرەكەى دەخاتە پێش وتەى گەورەترین زاناش. وە حەق وەردەگرن لە هەر كەسێكەوە بێت و ڕەتى ناكەنەوە بە بیانوى لا مەزهەبیەت.

چركه‌: جياوازى نيوان سه‌له‌فيه‌ت و گروپه‌ ئيسلاميه‌كانى تر له‌ چيدايه‌؟
د. عبداللطیف ئەحمەد: جياوازى سەلەفيەت لەگەڵ حیزبەكانى تر لەكۆمەڵێك شتدا دەبيندرێت: يەكەميان لەئامانج و هەدەفدا، دووەميان لە وەسيلە ‌و ڕێگاکانی کە دەيگرنەبەر بۆ گەيشتن بە ئامانج. لە ئامانجدا سەلەفيەكان ئامانجيان ئەوەيە که:
١.‌ خەڵك خواى گەورە به ‌تەنها بپەرستن.
٢. وە هيچ كەسێك نەپەرستن و نەیکەنە شەريك بۆ خوا.
٣. خەڵك دەستبگرن بە دينى خوا بەگشتی، وە لە ئیسلام لانەدەن بۆ هیچ دینێکی تری ئاسمانی یان مرۆڤی.
٤. وە لە ڕەوشت و داب و نەریتدا لاسایی کافران نەکەنەوە.
٥. وە لەسەر سوننەت بڕۆن.
٦. دوربكەونەوە له ‌خورافيات و شتى هەڵبەستراو.
ئەمانەش هەدەفى پێغەمبەرانى خوا بوون.
بەڵام حیزبە ئيسلاميەكان ئامانجيان ظاهرى بريتييە لە گەيشتنيان به ‌حوكم و دەسەڵات، جا له ‌ڕێگەى هێمنی دەنگدان‌ و پەڕلەمانەوه بێ، ياخود لە ‌ڕێگەى توندی و جەنگەوە بێت، هەردوو ڕێگاكان دەگرنەبەر بۆ گەيشتن بەحوكم و دەسەڵات. بەڵگەش لەسەر ئەمە هەندێ كەسيان كه ‌سەركردەشيانە دياردەى شەريك بۆ خوا دانان دەبينێت و دەبيستێت، ئينكاریشی لێناكات، لە مەجلیسی ئەودا سوجدە و کڕنوش بۆ شێخێك دەبريت و هاواری دەکرێتێ، ئەویش دەسخۆشیان لێ دەکات! وە ئەمەش بە تۆمارکراوی ڤیدیۆیی هەیە، وە ئەمەش لینکەکەیەتی:
http://safeshare.tv/w/ZBuZmKTsBZ
ئەمە ئاشکراترین بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە ئەوان‌ زۆر گرنگى نادەن بەوەى تەنها خوا بپەرسترێت و خەڵك له ‌دياردەى شيرك دوربكەوێتەوە، گرنگى ئەوان زياتر بەوەيە چۆن بگەنە دەسەڵات وە چۆن دەستبگرن بەسەر حوكمدا.
سەلەفيەكان لەبەرئەوەى تەنها مەبەستيان ئەوەيە خوا بپەرسترێت هەرچى وەسيلەيەك له ‌شەرعدا هاتووە وەك: ووتار، دەرس، ئامۆژگاری، کتێب، ڕۆژنامە، گۆڤار، ڕادیۆ، تەلەفزیۆن، ئنيتەرنێت ... هتد، دەگرنەبەر بۆئەوەى خەڵكى تێبگەن و دوربكەونەوە له ‌شەریك بۆ خوا دانان، بەڵام هیچ وەسیلە و ڕێگایەکی بێ شەرعی ناگرنەبەر بۆ ئەم مەبەستە. بەڵام تەماشا دەكەين حیزبە ئيسلاميەكان كۆمەڵێك وەسائيل و ڕێبازيان هەيە كە دەيگرنەبەر بۆ گەيشتن به ‌ئامانجەكانيان، کە هەندێ‌ لەو وەسيلانە له ‌ديندا حەرامن‌ بەڵام حیزبە ئيسلاميەكان دەيكەن، وەك:
یەكەم: زێدەڕەوی كردن لە بەكافر داناندا بەشێوەیەكى وەها كە هەر سەركردەیەك حوكم بە قورئان نەكات ئەوە یەكسەر كافرە لای زۆرێكیان بێ ئەوەى تەفصیلیشی پێ بدەن كە ئایا حوكم پێ نەكردنەكەى لە باوەڕ پێ نەبوونەوەیە یان لەبەر هۆیەكى تر كە تەنها پێى زاڵم یان فاسق دەبێت نەك كافر.
دووەم: نیشاندانى ئافرەتانى سەر و سینگ ڕوتیش بەناوى زنجیرە دۆبلاژكراوى توركى و ئێرانى و ... لە كەناڵە ئیسلامیەكاندا.
سێهەم: لاسایى كردنەوەى ڕۆژئاوا لە ئاهەنگ و بۆنەكان و ئاهەنگ گێڕان بەهۆى سەرى ساڵ و لەدایك بوون و دامەزراندنى حیزب. وە خۆپیشاندان و مانگرتن.
چوارەم: تيكەڵاوكردنى ژن و پياو.
پێنجەم: لاسایى كردنەوەى ئیسلامیەكان بۆ ڕۆژئاواییەكان لە جل و بەرگدا، وە فەتواى لەبەركردنى پانتۆڵ بۆ ئافرەتان بە مەرجێ لەچكەى لەسەر بێت. وه پۆشاكى ئافرەتان سەردەمیانەیە، نەك شەرعیانە‌.
شەشەم: پێشخستنى عەقڵ لەسەر دەقەكانى قورئان و فەرمودە، وە لێكدانەوەى دەقەكان بەگوێرەى تێگەیشتنى سەردەمیانەى خۆیان، نەك بەگوێرەى تێگەشتنى زانایانى ئەهلى سوننەت.
حەوتەم: پارچە پارچە كردنى موسڵمانان بەناوى حیزبایەتى بۆئەوەى بگەنە دەسەلات.
هەشتەم: گرنگ نیە ئەندامى حیزب هاوار بكاتە شێخ و مەشایەخ یان هاوار بكاتە خوا، لەسەر بیدعە بڕوات یان لەسەر سوننەت، ئەشعەرى بێت یان ماتوریدى، نەقشەبەندى بێت یان قادرى، سۆفى بێت یان دەروێش، موعتەزیلى بێت یان مورجیئە، تەكفیرى بێت یان نا، هەموو ئەوانە جێگایان دەبێتەوە لەناو بازنەى حیزبە ئیسلامیەكاندا، چونكە بەشێك لە بنەماى (الغایة تبرر الوسیلة)یان تێدایە، وە گرنگ ئەوەیە لەگەڵ ئەم حیزبەدا بن و دەنگى بۆ بدەن و سەرى بخەن، جا گرنگ نیە كەوتبنە ناو زۆنگاوى شیرك و بیدعەوە یان نا!
نۆیەم: وازهێنانی هەندێ لە ئیسلامیەكان لە داوای حوكمى خوا، وە ڕازی بوونیان بە حوكمی دیمۆكراسی ئەوروپی، وە بانگەشە كردن بۆ دیموكراسیەت و فرە حیزبێتى و هەڵبژاردن و ... هەروەك دكتۆر عصام العريان ئەندامی مەكتەبی ئیرشادی ئیخوان المسلمین لە ڕاگەیاندنێكیدا وتی: (ئێمە خوازیاری حوكمێكی ئیسلامی نین!، بەڵكو سیستەمێكی دیمۆكراتی پەڕلەمانی هاوشێوەى ئەوروپامان دەوێت)!.
تێبینی: دەقی ئەم نووسراوە لە شریتی سەر شاشەى كەناڵی ئاسمانی سپێدە نووسرابوو، وە ئێستاش بە تۆماركراوی هەیە!.
دەیەم: حیزبیەكان لە چەندان بابەتدا ناگەڕێنەوە بۆ دەقە شەرعیەكان، بەڵكو دەگەڕێنەوە بۆ فەتواى ئەمیر و ڕابەرەكان، وە بڕیارى ئەوان دەخرێتە پێش لێكدانەوەى زانایانى سەلەف، زۆرجار زۆر لە ئیسلامیەكان وا دەزانن كە ئەوان بوونەتە سەددێك و بەرهەڵستى لە عەلمانیەت دەكەن، بەڵام خۆشیان نازانن كە لە جیاتى ئەوەى سەددێكى بەربەست بن، بوونەتە جسر و پردێك عەلمانیەتیان بەسەردا پەڕیوەتەوە بۆ ناو موسوسڵمانان، چونكە خەڵكى جاران مۆسیقایان بە حەڵاڵ نەدەزانى تاوەكو ئیسلامیەكان بۆیان حەڵاڵ نەكردن، وە كە حەڵاڵ كرا ئەو كاتە بۆ دەبێت مۆسیقاى ئیسلامیەكان حەڵاڵ بێت، بەڵام مۆسیقاى عەلمانیەكان حەرام بێت؟! كەواتە: ئەوان خەڵكیان ڕاكێشا بۆ عەلمانیەت لەم بابەتە، وە هەروەها خەڵكى حیزبایەتیان پێ باش نەبوو! بەڵام ئیسلامیەكان فرە حیزبێتیان حەڵاڵ كرد! كەوابوو خەڵكى دەڵێن: كە هەر حیزبایەتى بكەین ئەوە با لەگەڵ حیزبێك بین كە كاروبارى وڵاتى بەدەستە نەك حیزبێكى بێ دەسەڵاتى كۆڵەوار كە هیچى بەدەست نیە.
وە هەروەها زۆرێك لە ئیسلامیەكان بە عەمەلی ڕیش تاشینیان حەڵاڵ كرد بۆ خەڵكى، وە هەر ئەوانن دیفاع لە زۆرێك لە بیدعە دەكەن! كەواتە ئەوانیش بەناوی ئاسانكاری و خۆگونجاندن و مۆدێرن و نوێكاری و بەرژەوەندی حیزبەوە بەشێكی عەلمانیەتیان تێدایە و بوونەتە هۆكاری بڵاوبوونەوەیشی.

چركە: ئايە دەكرێت سەلەفيەت وەك گروپێكى ئيسلامى ناو بندرێت؟
د. عبداللطیف ئەحمەد: پێغەمبەرى ئيسلام صلى الله عليه وسلم فەرموى: «وتفترق أمتي على ثلاث وسبعين ملة كلهم في النار إلا ملة واحدة ... ما أنا عليه وأصحابي»، واتە: لە ئاخيرى زەمان ئوممەتى ئيسلام دەبێتە حەفتا و سێ فيرقە (گروپ) هەمووشيان بۆ ئاگرن‌ تەنها يەك گروپ نەبێ، ئەويش ئەو کۆمەڵە‌يە كه ‌له‌سەر مەنهەجى من و هاوەڵانمن. بێگومان سەلەفيەکان كۆمەڵێك له ‌مامۆستا و قوتابی‌ و پياوی دیندارن كە خەريكى ئەوەن دين وەكو خۆى به ‌خەڵك بگەیەنن، وەكو خۆشی پەيڕەوى لێبكەن، ئەمما بڵێین گروپێكى حیزبی بن وەكو گروپ و حیزبەكانى تر، نەخێر، چونكە له ‌زۆر شتدا جياوازى هەيە لەنيوان سەلەفيەت و گروپەكانى تر بۆيە نابێت بە يەك چاو سەيرى سەلەفيەت و حیزبەكانى تر بكرێت.

چركه‌: ميژووى دروستبوونى سه‌له‌فيه‌كان له ‌كوردستان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كه‌ى؟
د. عبداللطیف ئەحمەد: بسم الله الرحمن الرحيم، سه‌باره‌ت به‌ دروستبوونى سه‌له‌فيه‌ت له‌ كوردستان و غه‌يرى كوردستاندا، پێويسته‌ بزانرێت كه‌‌ ئایا سه‌له‌فيه‌ت حیزبێكه‌ دروستكراوه‌، يان مه‌نهه‌ج و تێگه‌يشتنه‌ له‌ دين، وه‌ چۆنيه‌تى په‌يڕه‌و كردنه‌ له ‌دين؟! سه‌له‌فيه‌ت بريتي نييه‌ له‌ حیزبێك كه‌ كۆمه‌ڵێك كه‌س هه‌ستابن به‌يه‌كه‌وه‌ دايانمه‌زراندبێت، له ‌فڵانه‌ شوێنه ‌و‌ له ‌فڵانه‌ مێژووه، واتا مێژووى دروستكردنى هه‌بێت!، ئه‌وه‌ نييه‌، به‌ڵکو سه‌له‌فيه‌ت بريتیيه‌ له‌و مه‌نهه‌جه‌ى كه ‌پێغه‌مبه‌ر و هاوەڵانى له‌سه‌رى بوون له ‌تێگه‌يشتن و په‌يڕه‌و كردنى دين. وه‌ ئه‌و شێوازه‌ په‌يڕه‌و كردنه‌ش بۆ دين‌ بەدرێژايی مێژوو هه‌بووه‌ له ‌سه‌رده‌مى پێغه‌مبه‌ر صلى الله عليه وسلم تا ئه‌مڕۆ، به‌ڵام ته‌ماشا ده‌كه‌ين چونكه‌ له‌ هه‌ندێ سه‌رده‌م، له‌ هه‌ندێ شوێندا که‌ زانايانى سه‌له‌فی نين ئه‌وه‌ ئه‌و مه‌نهه‌جی سه‌له‌فیه‌‌ پاكه‌ و ئه‌و دينه‌ ڕاسته‌ لەبه‌رچاوى خه‌ڵك نييه‌، جا كه ‌زانايه‌كى سه‌له‌فى په‌یدا‌بوو ئه‌وه‌ خه‌ڵك واده‌زانن که‌ ئه‌و زانایه‌ سه‌له‌فيه‌تی تازه‌ دامه‌زراندووه!‌، نه‌خێر، ئه‌و كه‌سه‌ سه‌له‌فيه‌تى ته‌نها زیندو کردۆته‌وه ‌و بڵاویكردۆته‌وه نەك دایهێنابێت و دایمه‌زراندبێت‌، كه‌واته‌ سه‌له‌فيه‌ت بريتی نييه ‌له‌ حیزب و چه‌ند كه‌سێك هه‌ستابن به ‌دروستكردنى و ميژووى دروستكردنى دياریکراوی هه‌بێت وەك تێکڕای حیزبه‌کان، چونکه‌ سه‌له‌فیه‌ت درێژبوونه‌وه‌یه‌کی ئاسایی ئه‌م دینه‌ ئیسلامه‌یه‌ که‌ ‌پێغه‌مبه‌ر صلى الله عليه وسلم و هاوه‌ڵانى له‌سه‌رى بوون له ‌تيگه‌يشتن و په‌يڕه‌و كردنى دين، وه‌ به‌درێژايی مێژوو هه‌بووه‌ و زاناکانی وه‌ك مالیك و شافیعی و ئه‌حمه‌د و ... هاوشێوه‌ی ئه‌وان پێشه‌واى بوون تا ئه‌مڕۆ.