سەرەکی    »     پرسیار و وەڵامەکان    »     هەمەجۆر     »    ئایا پاره‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ سه‌نته‌رى ئینته‌رنێتیان هه‌یه‌ حه‌رامه‌؟

ئایا پاره‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ سه‌نته‌رى ئینته‌رنێتیان هه‌یه‌ حه‌رامه‌؟ - ماڵپەڕى دکتۆر عبداللطیف أحمد مصطفی
ئایا پاره‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ سه‌نته‌رى ئینته‌رنێتیان هه‌یه‌ حه‌رامه‌؟
دەقی پرسیار :

ئایا پاره‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ سه‌نته‌رى ئینته‌رنێتیان هه‌یه‌ حه‌رامه‌؟


وەڵام :

ئینته‌رنێت هۆكارێكه‌، باش و خراپیشى تێدایه‌، به‌گوێره‌ى به‌كارهێنانى ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ به‌كاریده‌هێنێت، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كى گشتى ناتوانین بڵێین حه‌رامه‌، ئه‌گه‌ر كه‌سێك به‌ باشى به‌كاریبهێنێت، سوودى زۆرى لێده‌بینێت، هه‌روه‌كو كۆمپیوته‌ر، مۆبایل ... هتد. بۆ نمونه‌ كه‌سانێك چه‌ك له‌پێناوى خوادا به‌كارده‌هێنن، وه‌ كه‌سانێكى تریش بۆ كوشتنى موسڵمانان به‌شێوه‌یه‌كى ناحه‌ق به‌كاریده‌هێنن، كه‌واته‌ خودى ئینته‌رنێته‌كه‌ هۆكارێكه ‌و هیچ كه‌سێكى ئه‌هلى علمیشم نه‌بیستووه‌ كه‌ حوكمى حه‌رامى به‌سه‌ر ئینته‌رنێتدا بدات، به‌ڵام حوكمه‌كه‌ى دراوه‌ به‌سه‌ر به‌كارهێنانه‌كه‌یدا. ئه‌گه‌ر پرسیارى تاكه‌ كه‌سێك بكرێت، ئه‌وه‌ ده‌ڵێین تاكه‌ كه‌س ئه‌گه‌ر له‌ خواى گه‌وره‌ نه‌ترسێت و ته‌قواى خواى نه‌بێت، به‌كارهێنانى توشى هه‌ڵه‌ى ده‌كات و توشى تاوانى ده‌كات، بۆیه‌ پێویسته‌ به‌كارینه‌هێنێت. ئه‌گه‌ر ئیمانه‌كه‌ى ڕێگر نه‌بێت، به‌ ته‌نها ئینته‌رنێتێكى له‌ ماڵه‌وه‌ هه‌بێت، ئه‌وه‌ مه‌ترسى زۆرى لێده‌كرێت كه‌ توشى گوناهـ و تاوان ببێت، وه‌ هه‌ر ئه‌وه‌نده‌شى ئاسانه‌ كه‌ مرۆڤ پێى خلیسكا، كه‌ خلیسكا دوایى زۆر دورده‌كه‌وێته‌وه‌ و خۆشى نازانێت وه‌ ڕۆژ به‌ دواى ڕۆژ له‌ ڕێگاى ڕاست زیاتر دوورده‌كه‌وێته‌وه‌، هه‌روه‌كو خواى گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت: {فَقَدْ ضَلَّ ضَلَالًا بَعِيدًا} گومڕاییه‌كه‌ى زۆر دوورى ده‌خاته‌وه‌ له‌ ڕێگاى ڕاست و خواپه‌رستى. به‌ نیسبه‌ت ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ سه‌نته‌رى ئینته‌رنێتیان هه‌یه‌، واته‌ ئه‌وان هێڵى ئینته‌رنێت دابه‌ش ده‌كه‌ن به‌سه‌ر خه‌ڵكیدا، ئه‌وا لێره‌دا ده‌ڵێین قاعیده‌یه‌كى فیقهیمان هه‌یه‌ (الحكم للأعم الأغلب)، حوكمى شتێك (حه‌ڵاڵ و حه‌رامه‌تییه‌كه‌ى) به‌گوێره‌ى گشت و زۆرینه‌یه‌، ئه‌گه‌ر زۆرینه‌ى ئه‌و خه‌ڵكانه‌ى كه‌ هێڵى ئینته‌رنێت ڕاده‌كێشن كه‌سانێكى له‌ خوا نه‌ترس و هه‌رزه‌كار و شه‌هوه‌تبازن، بێگومان ئه‌و كه‌سه‌ تاوانبار ده‌بێت كه‌ ئه‌و هێڵه‌ ئینته‌رنێتییانه‌ دابه‌ش ده‌كات به‌سه‌ر خه‌ڵكیدا و ده‌یفرۆشێت، وه‌ ئه‌گه‌ر زۆرینه‌ش بۆ چاكه‌ و بۆ كارى موباح (شتێكى حه‌ڵاڵ) به‌كاریبهێنن ئه‌وه‌ (إن شاء الله) هیچى له‌سه‌ر نییه‌. كه‌واته‌ حوكمه‌كه‌ بۆ زۆرینه‌یه‌، ئایا زۆرینه‌ كه‌سانێكى خاوه‌ن مه‌صاڵحى گه‌وره‌ن و بۆ بازرگانى و كارى باش به‌كاریده‌هێنن یان كه‌سانێكن بۆ شه‌هوه‌تبازى و كارى خراپه ‌و په‌یوه‌ندى خراپ به‌كاریده‌هێنن.