سەرەکی    »     پرسیار و وەڵامەکان    »     عەقیدە و مەنهەج     »    ئایا سه‌له‌فییه‌ت پێشكه‌وتن و داهێنان و نوێكارى به‌لاوه‌ بیدعه‌یه‌؟

ئایا سه‌له‌فییه‌ت پێشكه‌وتن و داهێنان و نوێكارى به‌لاوه‌ بیدعه‌یه‌؟ - ماڵپەڕى دکتۆر عبداللطیف أحمد مصطفی
ئایا سه‌له‌فییه‌ت پێشكه‌وتن و داهێنان و نوێكارى به‌لاوه‌ بیدعه‌یه‌؟
دەقی پرسیار :

ئایا سه‌له‌فییه‌ت پێشكه‌وتن و داهێنان و نوێكارى به‌لاوه‌ بیدعه‌یه‌؟


وەڵام :

نه‌خێر، سه‌له‌فییه‌ت یه‌عنى ئیسلام وه‌ ئیسلامیش هانى داوین كه‌ زیاتر لێكۆڵینه‌وه‌ و وردبوونه‌وه‌ و هه‌وڵدانمان هه‌بێت بۆ كارى خێر و به‌رژه‌وه‌ندى موسوڵمانان. وه‌ هه‌ر پێشكه‌وتنێكى دونیایی له‌ بوارى ته‌كنه‌لۆژیا و ئه‌لیكترۆنى و پیشه‌سازى، ئیسلام به‌ باشى ده‌زانێت، به‌ مه‌رجێك له‌ خزمه‌تى خه‌ڵكیدا بێت، وه‌ به‌ هه‌مان شێوه‌ش داهێنانى دونیایی و نوێكاریش، واته‌ سه‌له‌فییه‌ت هیچ كاتێك به‌ كاره‌با و سه‌یاره‌ و قیتار و ته‌یاره‌ و كۆمپیته‌ر و گشت داهێنانه‌ دونیاییه‌كانى ترى نه‌وتووه‌ بیدعه‌یه‌ و خه‌راپه‌. وه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ ئه‌م پڕوپاگه‌نده‌یه‌ بۆ سه‌له‌فییه‌كان ده‌كه‌ن یان نه‌فامن یان ناحه‌ز و بوهتانكه‌رن، چونكه‌ پێغه‌مبه‌ر صلى الله علیه‌ وسلم فه‌رموویه‌تى: «أنتم أعلم بأمور دنياكم» [رواه مسلم]، واته‌: ئێوه‌ شاره‌زاترن به‌ دونیا له‌ من، كه‌واته‌ هیچ كاتێك سه‌له‌فییه‌كان نه‌یانووتوه‌ پێویسته‌ دونیای ئه‌مڕۆى ئێمه‌ وه‌كو دونیاى سه‌رده‌مى پێغه‌مبه‌ر صلى الله علیه‌ وسلم بێت!! نه‌یانوتووه‌ با كاره‌با و سه‌یاره‌ نه‌بێت، وه‌ با خۆشگوزه‌رانى دونیایی نه‌بێت!! چونكه‌ خواى گه‌وره‌ فه‌رموویوتى: {قُلْ مَنْ حَرَّمَ زِينَةَ اللَّهِ الَّتِي أَخْرَجَ لِعِبَادِهِ وَالطَّيِّبَاتِ مِنَ الرِزْقِ} [الأعراف: ٣٢]. واته‌: كێیه‌ ئه‌و كه‌سه‌ى كه‌ ئه‌و ڕازاوه‌یی و جوانیانه‌ حه‌رام ده‌كات كه‌ خوا به‌ خه‌ڵكى به‌خشیوه‌، وه‌ كێ ڕزقه‌ پاكه‌كان حه‌رام ده‌كات له‌ به‌نده‌كانى خوا؟! وه‌ هه‌روه‌ها فه‌رموویه‌تى: {وَلَا تَنْسَ نَصِيبَكَ مِنَ الدُّنْيَا} [القصص: ٧٧]، واته‌: به‌شى خۆشگوزه‌رانى خۆت له‌ دونیا له‌بیرمه‌كه‌، به‌ڵام به‌ مه‌رجێك حه‌ڵاڵ و پاك بێت نه‌ك حه‌رام و پیس و زیانبه‌خش. كه‌واته‌ سه‌له‌فییه‌ت هیچ داهێنان و نوێكارى و پێشكه‌وتنێكى باشى دونیایی له‌ خه‌ڵك حه‌رام نه‌كردووه‌ و به‌لایه‌وه‌ بیدعه‌ نیه‌. به‌ڵكو ئه‌وه‌ى كه‌ به‌لایه‌وه‌ بیدعه‌یه‌ و حه‌رامه‌ ته‌نها ده‌ستكارى كردنى دینه‌ و زیاد و كه‌مى لێ كردنیه‌تى و داهێنانى شتێكى تازه‌یه‌ به‌ناوى دینه‌وه‌ هه‌روه‌كو پێغه‌مبه‌ر صلى الله علیه‌ وسلم فه‌رموویه‌تى: «مَنْ أَحْدَثَ فِى أَمْرِنَا هَذَا مَا لَيْسَ مِنْهُ فَهُوَ رَدٌّ» [رواه مسلم]، واته‌: هه‌ركه‌سێك له‌م دینه‌ى ئێمه‌دا شتێك دابهێنێت و زیادى بكات به‌ناوى دینه‌وه‌ كه‌ له‌ دینه‌كه‌دا نه‌بێت ئه‌وه‌ ڕه‌ت ده‌كرێته‌وه‌ و لێی وه‌رناگیرێت چونكه‌ دین خۆى كامڵ و ته‌واوه‌ و هیچ نوقسانیه‌كى نییه‌ و پێویستى به‌ پینه‌ و زیاده‌ و بیدعه‌ ناكات، هه‌روه‌ك خواى گه‌وره‌ فه‌رموویه‌تى: {الْيَوْمَ أَكْمَلْتُ لَكُمْ دِينَكُمْ} [المائدة: ٣]، واته‌: من ئه‌مڕۆ دینه‌كه‌تانم بۆ كامڵ و ته‌واو كردوون ... كه‌واته‌ ده‌ركه‌وت كه‌ له‌ دیندا داهێنان بیدعه‌یه‌ به‌ناوى دین نه‌ك له‌ دونیادا. بۆ نموونه‌ نوێژى به‌یانى دوو ڕكعه‌ته‌ هه‌ركه‌سێك ڕكعه‌تێكى ترى بۆ زیادبكات ئه‌وه‌ بیدعه‌یه‌ و گومڕاییه‌، وه‌ هه‌روه‌ها له‌ دیندا ته‌نها دوو جه‌ژنى ساڵانه‌ هه‌یه‌، هه‌ركه‌سیك جه‌ژنى سه‌رى ساڵ و جه‌ژنى له‌ دایك بوون زیادبكات ئه‌وه‌ لێی وه‌رناگیرێت. به‌ڵام هه‌ركه‌سێك ڕێگا و بانێكى باش یان بینایه‌كى باش یان سه‌یاره‌یه‌كى باش یان پرۆژه‌یه‌كى دونیایی باش بۆ خه‌ڵكى دابهێنێت ئه‌وه‌ بیدعه‌ نییه‌ به‌ڵكو كارێكى باشه‌.