سەرەکی    »     پرسیار و وەڵامەکان    »     عەقیدە و مەنهەج     »    بۆچى سه‌له‌فییه‌كان توندترن له‌ حیزبه‌ ئیسلامیه‌كان؟!

بۆچى سه‌له‌فییه‌كان توندترن له‌ حیزبه‌ ئیسلامیه‌كان؟! - ماڵپەڕى دکتۆر عبداللطیف أحمد مصطفی
بۆچى سه‌له‌فییه‌كان توندترن له‌ حیزبه‌ ئیسلامیه‌كان؟!
دەقی پرسیار :

بۆچى سه‌له‌فییه‌كان توندترن له‌ حیزبه‌ ئیسلامیه‌كان؟!


وەڵام :

پێویسته‌ پێش وه‌ڵامه‌كه‌ بزانین ئایا ئه‌و توندییه‌ى له‌ سه‌له‌فییه‌كاندا هه‌یه‌ له‌ چ بوارێكدایه‌، بێگومان سه‌له‌فییه‌كان له‌ ده‌ست گرتنیان به‌ قورئان و سوننه‌ت و لانه‌دانیان بۆ ڕاوبۆچون و قیل و قال به‌هێزترن له‌ حیزبه‌ ئیسلامیه‌كان. به‌و مانایه‌ى كه‌ سه‌له‌فییه‌كان لاناده‌ن له‌ به‌ڵگه‌ى قورئان و سوننه‌ت، وه‌ قسه‌ى هیچ زانا و ئه‌میر و ئه‌میندارێك ناخه‌نه‌ پێش قسه‌ى خوا و پێغه‌مبه‌ر صلى الله علیه‌ وسلم. بۆ نموونه‌ پێغه‌مبه‌ر -صلى الله علیه‌ وسلم- فه‌رموویه‌تى مۆسیقا حه‌رامه،‌ سه‌له‌فیه‌كانیش به‌ حه‌رامى داده‌نێن و به‌ فه‌رمان و ڕاوبۆچونى هیچ سه‌ركرده‌یه‌ك حه‌ڵاڵى ناكه‌ن، وه‌ چه‌ندان نموونه‌ى تریش، وه‌ ئه‌م پاپه‌ندبوونه‌ش به‌ قورئان و سوننه‌ت له‌لایه‌ن سه‌له‌فییه‌كانه‌وه‌ توندڕه‌وی نیه‌، به‌ڵكو پاپه‌ندبوونێكى به‌هێزه‌ به‌ حه‌ق وه‌ك خواى گوره‌ فه‌رمانى كردووه:‌ {خُذُوا مَا آتَيْنَاكُمْ بِقُوَّةٍ} [البقرة: ٦٣]، {خُذِ الْكِتَابَ بِقُوَّةٍ} [مريم: ١٢]. وه‌ هه‌روه‌ها لەلایه‌كى تره‌وه‌ سه‌له‌فیه‌كان زۆر جه‌خت ده‌خه‌نه‌ سه‌ر ته‌نها خواپه‌رستى و ته‌نها هاوار كردنه‌ خوا، وه‌ دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ گشت دیارده‌كانى شه‌خص په‌رستى و گۆڕ په‌رستى، به‌ڵام چه‌ندان جار بینیومانه‌ له‌ كه‌ناڵه‌ ئیسلامیه‌كان كه‌سانێكى وا هێنراونه‌ته‌ سه‌ر شاشه‌ كه‌ بانگه‌واز بۆ بیدعه‌ و خوڕافه‌ ده‌كه‌ن، وه‌ ئه‌گه‌ر پێویستیش بكات ناوى ئه‌و كه‌سانه‌ باس ده‌كه‌ین. وه‌ هه‌روه‌ها له‌ بوارى سوننه‌ت و بیدعه‌دا سه‌له‌فییه‌كان هه‌وڵى زیندوو كردنه‌وه‌ى سوننه‌ت و نه‌هێشتن و كه‌مكردنه‌وه‌ى بیدعه‌ ده‌ده‌ن، له‌كاتێكدا حیزبه‌ ئیسلامیه‌كان خۆیان ئاهه‌نگى بیدعه‌ ده‌كه‌ن!! وه‌ ئه‌مه‌ى سه‌له‌فییه‌كانیش به‌ توندڕه‌وی دانانرێت، به‌ڵكو ئه‌وه‌ى حیزبیه‌كان به‌ كه‌مته‌رخه‌مى و كورتڕه‌وى داده‌نرێت. به‌ڵام كه‌ مه‌به‌ست له‌ توندڕه‌وی بریتى بێت له‌ توندڕه‌وى و زێده‌ڕه‌وی له‌ ته‌كفیردا ئه‌وه‌ سه‌له‌فییه‌كان له‌ حیزبه‌ ئیسلامیه‌كان دورترن له‌ زێده‌ڕه‌وى له‌ ته‌كفیردا، سه‌له‌فییه‌كان كۆمه‌ڵگه‌ به‌ موسوڵمان ده‌زانن و كه‌سیش ته‌كفیر ناكه‌ن كه‌ مه‌رجه‌كانى ته‌كفیر كردنى تێدا نه‌بێت و ڕێگره‌كانیشى تێدا هه‌ڵنه‌گیرابێت به‌ پێچه‌وانه‌ى هه‌ندێ له‌ نووسه‌ر و كه‌سایه‌تى حیزبه‌ ئیسلامیه‌كان كه‌ تێیاندا هه‌یه‌ كۆمه‌ڵگه‌ى وڵاته‌ ئیسلامیه‌كان به‌ كۆمه‌ڵگه‌ى جاهیلى له‌ قه‌ڵه‌م داوه‌ و سه‌ركرده‌ى گشت وڵاته‌ ئیسلامیه‌كانیشیان به‌ كافر داناوه‌ و بوونه‌ته‌ هۆى خوێن ڕێژییه‌كى زۆر. سه‌له‌فیه‌كان به‌ سه‌دان كتێبیان نووسیوه‌ له‌ دژى زێده‌ڕه‌وى له‌ ته‌كفیر و توندڕه‌وی و كاولكارى و ڕه‌شه‌ كوژى. كه‌وابوو واقیع شاهێده‌ و نووسراو و كتێبی هه‌ردوولا شاهێدن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ كێ توندڕه‌وه‌ و كێش میانڕه‌وه‌.