سەرەکی    »     پرسیار و وەڵامەکان    »     هەمەجۆر     »    ئەگەر كەسێك بیەوێت ببێت بە (طالب العلم) چۆن دەستپێبكات؟

ئەگەر كەسێك بیەوێت ببێت بە (طالب العلم) چۆن دەستپێبكات؟ - ماڵپەڕى دکتۆر عبداللطیف أحمد مصطفی
ئەگەر كەسێك بیەوێت ببێت بە (طالب العلم) چۆن دەستپێبكات؟
دەقی پرسیار :

ئەگەر كەسێك بیەوێت ببێت بە (طالب العلم) چۆن دەستپێبكات؟


وەڵام :

فێربونی زانستی شەرعی بە پلەیە:
١- پێویستە (زانستخواز) نیەتی خۆی پاك بكاتەوە بۆ خوای پەروەردگار.
٢- پێویستە (زانستی شەرعی) بە لای خۆیەوە شیرین بكات، بزانێت كە ئەو زانستە چەند بەسوود و گرنگە و گرانبەهایە، وە ئەگەر ژیاننامەی هەندێك لە زانایان بخوێنێتەوە كە چۆن پێشتر خواستی زانستیان نەبوو وە دوایی چۆن خۆشویستنی ئەو زانستە كەوتە دڵیانەوە وەكو ئیمامی (الطبري، ابن الجوزي، ابن قدامة، النووي، ابن تيمية، ابن كثير، ابن حجر) وە جگە لەوانیش، كە چۆن خوا هیدایەتی داون و دەستیان كردووە بە (طلب العلم)، بەڵكو وای لێبێت زانستی زیاتر لا خۆشەویست و شیرین بێت.
٣- خاوەنی هیممەتێكی بەرز بێت، ئەگەر نا مرۆڤ كە هیممەتی نەبێت و عەزیمەتێكی ڕاست و جددی نەبێت ئەوا زوو دەڕوخێت و بەرەو دواوە دەكشێتەوە.
٤- پێش ئەوەش كە فێربوونی زانستی شەرعی دەستپێبكات پێویستە هەندێك كتێب بخوێنێتەوە لەسەر ئادابی (طالب العلم) بۆئەوەی ڕەوشتی خۆی جوان بكات، چونكە ئەو زانستە زۆر گرنگە وە مرۆڤیش كە هەڵگری ئەو زانستە بێت پێویستە ئەدەبی هەبێت لە فێربوونی زانستدا، ئەدەبی هەبێت لەگەڵ مامۆستاكەیدا، ئەدەبی هەبێت لەگەڵ هاوڕێكانیدا، ئەدەبی هەبێت لەگەڵ خەڵكدا، جا چەند كتێبێك هەیە لەو بارەیەوە كە بیخوێنێتەوە بۆ نمونە (إقتضاء العلم العمل - البغدادي، تذكرة السامع والمتكلم في أدب العالم والمتعلم - ابن الجماعة، حلية طالب العلم - بكر أبو زيد، كتاب العلم - ابن العثيمين).
٥- پێویستە هاوڕێیەك بۆ خۆی پەیدابكات كە ئەویش (طالب العلم) بێت، بۆئەوەی زیاتر هانی بدات بۆ زیاتر زانست خوێندن وە بۆئەوەی هاوڕێی دنیایی نەبێت، بەڵام ئەگەر هاوڕێی (زانست)ی نەبوو زیاتر هاوڕێیەتی دنیایی كرد ئەوا ئەو كەسانە لە (زانست) ساردی دەكەنەوە و دایدەبڕن.
٦- ئەو كەسەی كە (زانست) دەخوێنێت پێویستە هەر وانەیەك هەوڵبدات لای مامۆستای ئەو وانەیە بیخوێنێت هەروەك خوای گەورە دەفەرموێت: {فَاسْأَلُوا أَهْلَ الذِّكْرِ إِنْ كُنْتُمْ لَا تَعْلَمُونَ}، بۆ نمونە تەماشا دەكات مامۆستایەك هەیە لە (نحو والصرف)دا زۆر زیرەكە با ئەوە لای ئەو مامۆستا زیرەكە بخوێنێت، مامۆستایەك هەیە لە (أصول الفقه)دا زیرەكە ئەوا با بچێت ئوصول لای ئەو بخوێنێت، بەڵام بەمەرجێك ئەو مامۆستایانە (ئەهلی سوننە) بن، چونكە وەكو سەلەف فەرمویانە: (إن هذا العلم دين فانظروا عمّن تأخذون دينكم) ئەو (زانست) خوێندنە واتە دین، دینیش مرۆڤ دەبێت بزانێت لە كێ وەریدەگرێت، لە كەسێك وەریبگرێت كە عەقیدە و مەنهەجی سەلیم بێت، وە هەوڵیش بدات دووربكەوێتەوە لەوەی كە (زانست) وەربگرێت لە كەسانێكی (صحفي) واتە كەسێك نەكاتە مامۆستای خۆی كە هەر ئەوەندە كتێبەكەت لە ژێر دەستی دەرهێنا هیچی پێ نەمێنێت، كەسێكی وابێت كە زانستی شەرعی لە دڵیدا چەسپاو بێت، تەمەنێكی هەبێت، ئەوە چاكترە لەوەی بچێتە لای گەنجێكی دەم ڕووت بیخوێنێت كە جارێ گەنجەكە خۆشی وەكو پێویست لە كتێبەكەی بەردەستی خۆی نەگەیشتووە، لۆمەی ئەوانە ناكەم كە گەنجن و دەرس دەڵێنەوە بەڵكو دوعایان بۆ دەكەم خوای گەورە سەركەوتویان بكات، زیاتر ئیستیقامەتیان بداتێ، زیاتر تێیان بگەیەنێت، وە لە گەنجیشدا زۆر كەسانی باش هەیە كە تێگەیشتون، بەڵام زیاتر هەوڵ بدات كە وانەكان لای كەسێكی تێگەیشتوو بخوێنێت. هەروەها مرۆڤ بەردەوام هەوڵبدات كێ زاناترە و مەنهەجی پاكترە بچێتە لای ئەو چاكتر دەبێت بۆی.
٧- ئەو سیفەتە خراپە فێرنەبێت كە هەندێك (طالب العلم) هەیانە كە پێی دەوترێت (التنمر بالعلم) واتە بچێت مەسئەلەیەك لەبەربكات و زۆر كتێبی لەسەر بخوێنێتەوە بۆئەوەی كە هاتە دەرسەوە مامۆستاكەی بێ توانا بكات، پرسیاری قورس لە مامۆستاكەی بكات (چونكە ئەو بۆ خۆی لە ماڵەوە چەند ڕۆژێكە خەریكە ئەو مەسئەلەیە دەخوێنێتەوە)، چونكە لەوانەیە ئەو مامۆستایە قسەی ئەو هەموو زانایانەی لەبیرنەبێت، یان لەوانەیە مامۆستاكەی بێزار بكات.
٨- پێویستە كردەوە بكات بەو زانستەی كە فێربووە، چونكە بەرەكەت لەوەدایە كە مرۆڤ دوو وشە فێربوو كردەوەی پێبكات، زانست فێربوون بۆ كردەوە پێكردنە، زانست تەنها بۆ ئەوە نییە بڵێی زانستم هەیە و شتێكی خۆشە، بەڵكو ئەو كردەوە پێكردنە ژیانی پڕبەرەكەت بكات و ببێتە ڕێگایەك بەرەو بەهەشتی ببات و لە دۆزەخ ڕزگاری بكات، ئەگەر نا ئەو زانستە شەرعییە دەبێتە بەڵگە بەسەرییەوە و لە ڕۆژی دوایی شایەتی لەسەری دەدات و بەهۆی زانستەكەی خۆیەوە سزا دەدرێت.
٩- هەروەها زۆریش لە خوا بپاڕێتەوە كە خوای گەورە فێری بكات و تێی بگەیەنێت لە دین، چونكە ئەگەر دوعا نەكات و خوای گەورە سەركەوتوی نەكات ئەوا ئەو كەسە لەوە نییە هیچ شتێكی وا فێربێت كە سودی پێ بگەیەنێت.
١٠- هەروەها با لە گرنگترین زانستەكانەوە دەستپێبكات كە ئەویش تەوحید و عەقیدەیە، ئەوجا فقه دوای ئەوە بگەڕێتەوە بۆ نحو و صرف وە هەروەها گرنگی بە لەبەركردنی قورئان بدات بۆ ئەوەی ئاگای لە قورئان بێت وە هەروەها لەبەركردنی فەرمودەش. دەبێت ئەم شتانە بە پلە بكرێت واتە كەم كەم زانست بخوێنێت نەك بێت بڵێت لە مانگێكدا من دەبێت هەموو ئەو زانستانە لەبەربكەم و بیخوێنم، ئەوجا تاوەكو قۆناغی سەرەتایی نەبڕێت و كتێبی بچوك نەخوێنێت با نەچێتە سەر كتێبی مامناوەند وە تا ئەوانیش نەخوێنێت نەچێتە سەر كتێبی گەورە، چونكە ئەگەر ئەوە بكات زیانی پێدەگات، لە كتێبی گەورە ناگات و دواییش توانای ئەوەی نامێنێت بگەڕێتەوە سەر كتێبی بچوك، ئەمەش دەبێتە هۆی هەرەسهێنانی و زانستەكەی لا بەرەو پێشەوە ناچێت.