سەرەکی    »     پرسیار و وەڵامەکان    »     عەقیدە و مەنهەج     »    دەوترێت ناوەكانی خوات لەبەربێت بە تەواوەتی، دەچیتە بەهەشتەوە، ئایا وایە؟

دەوترێت ناوەكانی خوات لەبەربێت بە تەواوەتی، دەچیتە بەهەشتەوە، ئایا وایە؟ - ماڵپەڕى دکتۆر عبداللطیف أحمد مصطفی
دەوترێت ناوەكانی خوات لەبەربێت بە تەواوەتی، دەچیتە بەهەشتەوە، ئایا وایە؟
دەقی پرسیار :

دەوترێت ناوەكانی خوات لەبەربێت بە تەواوەتی، دەچیتە بەهەشتەوە، ئایا وایە؟


وەڵام :

پێغەمبەری خوا صلی الله علیه وسلم فەرمویەتی: «إِنَّ لِلَّهِ تِسْعَةً وَتِسْعِينَ اسْمَا، مِائَةً إِلاَّ وَاحِدًا، مَنْ أَحْصَاهَا دَخَلَ الْجَنَّةَ» واتە: خوای گەورە نەوەد و نۆ ناوی هەیە (سەد یەك كەم)، هەركەسێك (إحصا‌ء)ی بكات دەچێتە بەهەشتەوە، زانایان لە شەرحی ئەو حەدیسەدا دەفەرموون: (من أحصاها) تەنها ئەوە نییە كە هەمووی كۆبكاتەوە و بیژمێرێت، یان بینووسێتەوە و ئەزبەری بكات، (إحصا‌ء) بەوە دەبێت كە ناوە پیرۆزەكانی خوای پەروەردگار بزانیت، وە تێی بگەیت كە مانای چییە، وە چ سیفەتێكیش لە هەریەكێك لەو ناوانەدا وەردەگیرێت (هەر ناوێك بەڵگەیە لەسەر چ سیفەتێك)، وە ئیمانت بە سیفەتەكەش هەبێت وەكو خۆی بە بێ گۆڕانكاری و تەحریف و تەشبیه و تەمثیل، وە بەگوێرەی هەریەكێك لەو سیفەتانە و ناوەڕۆكەكەی هەستیت بە پەرستنی خوای پەروەردگار، كاتێك كە هەست دەكەیت خوای پەروەردگار (السمیع)ـە، (المجیب)ـە، ئەوە تەنها هاوار بكەیتە خوا و داوا لە خوا بكەیت، چونكە تەنها ئەو بیسەرە و وەڵامت دەداتەوە،
وە كە هەست دەكەیت خوای پەروەردگار (العفو) یان (الغفور)ـە، ئەوا هیوای ڕەحمەتی خوای پەروەردگار زۆر بكەیت، كە هەست دەكەیت خوای پەروەردگار (القوي)، (العزیز)ـە، لە توڕەیی خوای پەروەردگار بترسیت و خۆتی لێبپارێزێت، كەواتە هەستیت بە پەرستن بەگوێرەی مانا و داواكاری ناوە پیرۆزەكانی خوای پەروەردگار، ئەوە لە خۆتدا بڕازێنیتەوە و بیهێنیتە جێ، ئەوەیە كە پێغەمبەری خوا صلی الله علیه وسلم فەرمویەتی: (هەركەسێك بیانژمێرێت دەچێتە بەهەشتەوە)، بەڵام -بۆ نمونە- كەسێكی خورافی و گۆڕپەرست و شەخس پەرست هەر نەوەد و نۆ ناوەكە ئەزبەر بكات، بەڵام لەجیاتی ئەوەی هاوار بكاتە (السمیع) و (المجیب)، هاوار بكاتە شێخێك یان مردوویەك، وە بڵێت من نەوەد و نۆ ناوەكەی خوام ئەزبەر كردووە، چیت ئەزبەر كردووە؟!، تۆ لەكاتێكدا ئیمانت پێی نییە لە حەقیقەتدا و كردەوەشی پێناكەیت، تۆ هاوار ناكەیتە (السمیع) و (المجیب)، هاوار دەكەیتە مردوویەك، یان هاوار دەكەیتە دروستكراوێك، كەواتە دەبێت تێبگەین كە ئەم فەرمودە پیرۆزە مانای ئەوەیە كە مرۆڤ دەبێت لە ناوەكانی خوا تێبگات، وە ئیمانی بە سیفاتەكانیش هەبێت كە ئەو ناوانە بەڵگەن لەسەریان بە بێ گۆڕانكاری، وە هەروەها بەگوێرەی ناوەڕۆكەكەی و داخوازی ئەو ناوانەش هەوڵدەیت پەرستشی خوا بكەیت.