سەرەکی    »     پرسیار و وەڵامەکان    »     عەقیدە و مەنهەج     »    ده‌وترێت ناوه‌كانى خوات له‌به‌ربێت به‌ ته‌واوه‌تى، ده‌چیته‌ به‌هه‌شته‌وه‌، ئایا وایه‌؟

ده‌وترێت ناوه‌كانى خوات له‌به‌ربێت به‌ ته‌واوه‌تى، ده‌چیته‌ به‌هه‌شته‌وه‌، ئایا وایه‌؟ - ماڵپەڕى دکتۆر عبداللطیف أحمد مصطفی
ده‌وترێت ناوه‌كانى خوات له‌به‌ربێت به‌ ته‌واوه‌تى، ده‌چیته‌ به‌هه‌شته‌وه‌، ئایا وایه‌؟
دەقی پرسیار :

ده‌وترێت ناوه‌كانى خوات له‌به‌ربێت به‌ ته‌واوه‌تى، ده‌چیته‌ به‌هه‌شته‌وه‌، ئایا وایه‌؟


وەڵام :

پێغه‌مبه‌رى خوا صلى الله علیه وسلم فه‌رمویه‌تى: «إن لله تسعة وتسعين إسماً، مائة إلا واحدة، من أحصاها دخل الجنة»، واته‌: خواى گه‌وره‌ نه‌وه‌د و نۆ ناوى هه‌یه‌ (سه‌د یه‌ك كه‌م)، هه‌ركه‌سێك (إحصاء)ى بكات ده‌چێته‌ به‌هه‌شته‌وه‌، زانایان له‌ شه‌رحى ئه‌و حه‌دیثه‌دا ده‌فه‌رموون: (من أحصاها) ته‌نها ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ هه‌مووى كۆبكاته‌وه ‌و بیژمێرێت، یان بینووسێته‌وه ‌و ئه‌زبه‌رى بكات، (إحصاء) به‌وه‌ ده‌بێت كه‌ ناوه‌ پیرۆزه‌كانى خواى په‌روه‌ردگار بزانیت، وه‌ تێى بگه‌یت كه‌ ماناى چيیه‌، وه‌ چ سیفه‌تێكیش له‌ هه‌ریه‌كێك له‌و ناوانه‌دا وه‌رده‌گیرێت (هه‌ر ناوێك به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر چ سیفه‌تێك)، وه‌ ئیمانت به‌ سیفه‌ته‌كه‌ش هه‌بێت وه‌كو خۆى به‌ بێ گۆڕانكارى و ته‌حریف و ته‌شبیه و ته‌مثیل، وه‌ به‌گوێره‌ى هه‌ریه‌كێك له‌و سیفه‌تانه‌ و ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ى هه‌ستیت به‌ په‌رستنى خواى په‌روه‌ردگار، كاتێك كه‌ هه‌ست ده‌كه‌یت خواى په‌روه‌ردگار (السمیع)ـە، (المجیب)ـە، ئه‌وه‌ ته‌نها هاوار بكه‌یته‌ خوا و داوا له‌ خوا بكه‌یت چونكه‌ ته‌نها ئه‌و بیسه‌ره‌ و وه‌ڵامت ده‌داته‌وه‌، وه‌ كه‌ هه‌ست ده‌كه‌یت خواى په‌روه‌ردگار (العفو) یان (الغفور)ـە، ئه‌وا هیواى ڕه‌حمه‌تى خواى په‌روه‌ردگار زۆر بكه‌یت، كه‌ هه‌ست ده‌كه‌یت خواى په‌روه‌ردگار (القوي)، (العزیز)ـە، له‌ توڕه‌یى خواى په‌روه‌ردگار بترسیت و خۆتى لێبپارێزێت، كه‌واته‌ هه‌ستیت به‌ په‌رستن به‌گوێره‌ى مانا و داواكارى ناوه‌ پیرۆزه‌كانى خواى په‌روه‌ردگار، ئه‌وه‌ له‌ خۆتدا بڕازێنیته‌وه‌ و بهێنیته‌ جێ، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پێغه‌مبه‌رى خوا صلى الله علیه وسلم فه‌رمویه‌تى هه‌ركه‌سێك بیانژمێرێت ده‌چێته‌ به‌هه‌شته‌وه‌، به‌ڵام (بۆ نمونه‌) كه‌سێكى خورافى و گۆڕپه‌رست و شه‌خس په‌رست هه‌ر نه‌وه‌د و نۆ ناوه‌كه‌ ئه‌زبه‌ر بكات، به‌ڵام له‌جیاتى ئه‌وه‌ى هاوار بكاته‌ (السمیع) و (المجیب)، هاوار بكاته‌ شێخێك یان مردویه‌ك وه‌ بڵێت من نه‌وه‌د و نۆ ناوه‌كه‌ى خوام ئه‌زبه‌ركردووه‌، چیت ئه‌زبه‌ركردووه‌؟!، تۆ له‌كاتێكدا ئیمانت پێى نییه‌ له‌ حه‌قیقه‌تدا و كرده‌وه‌شى پێناكه‌یت، تۆ هاوار ناكه‌یته‌ (السمیع) و (المجیب)، هاوار ده‌كه‌یته‌ مردویه‌ك یان هاوار ده‌كه‌یته‌ دروستكراوێك، كه‌واته‌ ده‌بێت تێبگه‌ین كه‌ ئه‌م فه‌رموده‌ پیرۆزه‌ ماناى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ مرۆڤ ده‌بێت له‌ ناوه‌كانى خوا تێبگات، وه‌ ئیمانى به‌ سیفاته‌كانیش هه‌بێت كه‌ ئه‌و ناوانه‌ به‌ڵگه‌ن له‌سه‌ریان به‌ بێ گۆڕانكارى، وه‌ هه‌روه‌ها به‌گوێره‌ى ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ى و داخوازى ئه‌و ناوانه‌ش هه‌وڵده‌یت په‌رستشى خوا بكه‌یت.