چاوپێکەوتن لەگەڵ ڕۆژنامەی هاوڵاتی - ماڵپەڕى دکتۆر عبداللطیف أحمد مصطفی
سەرەکی    »    چاوپێکەوتنەکان    »    چاوپێکەوتن لەگەڵ ڕۆژنامەی هاوڵاتی

چاوپێکەوتن لەگەڵ ڕۆژنامەی هاوڵاتی
 
 
 
 
الحمد لله والصلاة والسلام على رسول الله وعلى آله وصحبه ومن والاه.
ئەم چاوپێکەوتنە پێکهاتووە لە چەند پرسیارێکی مەنهەجی کە زۆر لە خەڵکی دەیکات، هەرچەندە زۆربەی، چەندین جار بەڕێز مامۆستا عبداللطیف وەڵامی داوەتەوە.
داواکارین لە هەر بەڕێزێک و هەر ماڵپەڕ و بڵاوکراوەیەک کاتێک بڵاوی دەکاتەوە ئاماژە بە سەرچاوەکەی بدات، چونکە زۆر جار بابەت بڵاوکراوەتەوە بۆ هەر مەبەستێک بووبێت لێی بڕاوە.
 
پرسیار: هەندێك كەس كە ئێمە قسەمان لەگەڵ كردوون دەڵێن: (ئەوانەی وەكو باوكی حارث بیردەكەنەوە) سەرچاوەكەیان سعودیە‌یە و بە (مەدخەلی) ناوتان دەبەن‌ و ڕێككەوتوون لەگەڵ دەسەڵات حكومڕانی بۆ ئەوان‌ و فەتواش بۆ ئێوە، قسەی تۆ لەسەر ئەمە چیە؟
وەڵام: وەڵامەكەم ئەوەیە: (باوكی حارث) برایەكی سەلەفییە وە نە ئەو و نە هیچ كەسێكی تریش مەعصوم نییە لە هەڵە، و بیركردنەوە و بۆچونی هیچ كەسێكیش لە سەلەفییەكان بریتی نییە لە بڕیارێكی حیزبی تاوەكو بڵێن: ئەوە حزبێكن و بڕیارێكیان دەركرد، ئەوەی كە (باوكی حارث) وتوویەتی تێگەیشتنی خۆیەتی لە هەندێك لە دەقەكانی فەرموودەكانی پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم سەبارەت بە مامەڵەكردن لەگەڵ سەركردە كە موسڵمان بێت، بەڵام تا چ ڕادەیەك پێكاویەتی یان نەیپێكاوە ئەوە بابەتێكی ترە إن شا‌ء الله. بەڵام ئەمە سەرچاوەكەی لە دەقەكاندا هەڵقوڵیوە نەك سەرچاوەكەی لەوەوە هەڵقوڵیبێت كە سەر بە سعودیە بێت، هیچ عیلاقەیەك لە نێوان ئەم دوو بابەتەدا نییە كە (باوكی حارث) یان كەسێكی تر شتێكی تر بڵێت یان سەلەفییەك قسەیەكی تر بكەن یەكسەر بڵێن سعودیەیە!، نەخێر سوپاس بۆ خوای گەورە سەرچاوەی فەتوای مامۆستایانی سەلەفی بریتییە لە قورئان و سوننەت، هەر كەسێك جەخت لەسەر ئەوە بكاتەوە و سور بێت كە سەلەفییەكان سەر بە سعودیەن، دەڵێین ئەوە تەنها بوهتانێكە، بوهتانیش هەموو كەسێك لە توانایدا هەیە كە لە خوا نەترسێت، وە قسەكردن ئاسانە و تۆمەتباركردنی خەڵك ئاسانە كە بەو بڵێیت ئێرانیە و بەو بڵێی سعودییە و بەوی تر بڵێی ئیسڕائیلیە و ئەمریكی و بڕیتانیە، تۆمەتباركردنی خەڵك ئاسانە بەڵام ئەوەی كە ئاسان نییە بەڵگە هێنانەوەیە لەسەر قسەكەت، جا هەر كەسێك تۆمەتباری سەلەفییەكان دەكات بەوەی كە سەر بە سعودیە بن، دەڵێین زەحمەت نەبێت بەڵگەیەك بهێنەوە بۆ ئەوەی بە درۆزن و بوهتانكەر دەرنەچیت.
بەڵكو بە پێچەوانەوە كاتی خۆی بزوتنەوەی ئیسلامی (بۆ نموونە) عیلاقە و پەیوەندی هەبووە لەگەڵ حكومەتی سعودیە، بەڵام بە هیچ شێوازێك سەلەفییەكان هیچ عیلاقەیەكیان لەگەڵ حكومەتی سعودیە نییە، تەنها بوترێ: مامۆستایانی سەلەفی، زانایانی سەلەفی سعودیە یان زانایانی سەلەفی غەیری وڵاتی سعودیە لە هەندێ شوێنی دونیا دەناسن و یەكتر دەناسن، و هەمان مەنهەجن بەڵێ‌، ئەمما سعودیە وەكو حكومەت و نظام و سیاسەت هیچ عیلاقەیەك لە نێوان سەلەفییەكانی كوردستان و حكومەتی سعودیە نییە، پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم دەفەرمووێت: «الْبَيِّنَةُ عَلَى الْمُدَّعِي»، واتە: هەر كەسێك دەعوای شتێك بكات ئەوە پێویستە بەڵگەی پێ بێت كە بەڵگەی پێ نەبێت ئەوا قسەكەی قەبوڵ ناكرێت و بە درۆ دادەنرێت.
خاڵێكی تر كە دەڵێ‌: بە سەلەفییەكان دەڵێن مەدخەلی، وشەی مەدخەلیەت ئەمە تەنها بۆ ناشیرین كردن و ناوزڕاندنە، پێشتر لە سەردەمی (محمد بن عبدالوهاب)  -ڕەحمەتی خوای لێ‌ بێت- كە زانایەك بوو هات دینی تەوحیدی بۆ خەڵكی زیندوو كردەوە و دینی ئیسلامی پاكی بۆ خەڵكی بڵاودەكردەوە كە خەڵكی چی تر شەخص پەرست و قەبر پەرستی نەكات و تەفرەقە لە دیندا نەكەن قسەی فڵان و فڵان نەخەنە پێش قسەی خوا و پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم، یەكسەر دژایەتی كرا لەلایەن ئەو كەسانەی كە دینەكەیان ڕاست وەرنەگرتبوو، جا هەر كەسێك باسی قورئان وسوننەتی بكردایە دەیانوت وەهابیە. دوای ئەو عالمێكی تر شێخ (محمد أمان الجامي) كاتێك كە دەعوەی كرد بۆ تەوحید و سوننەت و خەڵكی وریا دەكردەوە لە زۆر شتێك كە هێنراوەتە ناو دین و لە دیندا نییە، دیسانەوە هەر كەسێك باسی قورئان و سوننەتی بكردایە دەیانوت ئەوە جامییە.
ئەمڕۆ بۆ ماوەیەكە كە شێخ (ربیع بن هادي المدخلي) باسدەكرێت، (مەدخەلی) عەشیرەتێكە و ئەو زانایە سەر بەو عەشیرەتەیە كە باسی ئەوەی كردووە خەڵكینە با ئێمە تەكفیر و زێدەڕەوی و تیرۆر و زۆر شت هەیە بە ناوی دینەوە نەمان بێت، هەروەها ڕەخنەی لە هەندێك لە كەسەیاتییە ناودارەكانی ئیسلامییەكان گرت كە قسەی هەڵەیان كردووە بەرامبەر پێغەمبەر موسی -علیه السلام- و بەرامبەر خەلیفە (عثمانی كوڕی عفان) -ڕەزای خوای لێ‌ بێت- و بەرامبەر عەمری كوڕی عاص و بەرامبەر موعاویە، كە شێخ ڕەبیع هاتووە ڕەخنەی گرتووە لە نووسراوی ئەو جۆرە كەسایەتییە ئیسلامیە حیزبییانە، ئەوا حیزبە ئیسلامییەكان ڕقیان پێی هەڵساوە و قسەی پێ دەڵێن و تۆمەتباری دەكەن و قسەی ناشیرینی پێ دەڵێن لە كاتێكدا كە شێخ ڕەبیع دیفاع لە پێغەمبەر موسی دەكات دەڵێت: سەید قطب لە كتێبەكەیدا پێغەمبەر موسی -علیە السلام- بە كەسێكی عەصەبی میزاج وەصف دەكات كە ئەمەش لایەق نییە بۆ پێغەمبەران، كەچی هەوادارانی سەید قطب پێی ناڕەحەت دەبن، وە هەروەها شێخ ڕەبیع كاتێك دیفاع لە خەلیفە عثمانی كوڕی عەففان -خوای لێ‌ ڕازی بێت- دەكات دەڵێت سەید قطب نەیپێكاوە و قسەكەی ڕاست نییە كە دەڵێ‌ خەلافەتی عوسمان بە خەلافەت دانانرێت، لێرە و لەوێ‌ دیسان هەوادارانی سەید قطب دێن ڕقیان لە شێخ ڕەبیع هەڵدەسێت، كە ڕقیشیان لێ‌ هەڵدەسێت ناچن لای خەڵكی بڵێن واللە شێخ ڕەبیع دیفاعی لە پێغەمبەر موسی و خەلیفە عثمان و صەحابە كردووە، دەچن بوهتانی بۆ دەكەن: كاكە ئەوە موخابەراتی سعودیەیە، ئەمە ئیسڕائیلییە و موخابەراتە، كۆمەڵێك بوهتانی بۆ دەكەن، لە پاش ئەوە هەر كەسێك دیسان باسی قورئان و سوننەت بكات و بڵێت فڵانە كەس هەڵەی كردووە ئەوە تۆمەتەكە ئامادەیە كاكە ئەوانە مەدخەلین.
نەخێر واللە كە ئێمە ڕازی نەبین تەقلیدی ئیمامی شافعی و مالك و ئەبو حەنیفە بكەین بە لاسایكردنەوەیەكی كوێرانە، ئەوا تەقلیدی شێخ ئیبن باز و ڕەبیع و ئەلبانی هەر ناكەین، لە دینی خوادا ئێمە ئەو تەقلیدە بە دروست نازانین، بەڵكو زانایان هەموویان خاوەن ڕێزن لامان و شوێن قورئان و سوننەت كەوتووین نەك شوێنی شێخ ڕەبیع مەدخەلی، وە ئێمە لە چەندان فەتوادا ڕامان جیاوازە لە ڕای شێخ ڕەبیع مەدخەلی!.
 
پرسیار: سەبارەت بەوەی: سەلەفییەكان لەگەڵ حكومەت ڕێككەوتبن بە شێوەیەك كە سوڵتە بۆ حكومەت و دوو حیزبە عەلمانییەكە و فەتواش بۆ سەلەفییەكان؟
وەڵام: ئەمە درۆیەكی زۆر گەورە و ئاشكرایە هەركەس لە كوردستان بژیت ئەزانێت كە ئەمە بوهتانە، چونكە:
یەكەمیان: ئەگەر سەیری لیژنەی فەتواكان بكەین لە هەموو شار و شارۆچكە و قەزا و ناحیە و گوندەكاندا لە هەموو كوردستان ئەبینین لیژنەی فەتوای ئەم حكومەتە پێكهاتووە لە كەسانێكی كۆمەڵ و كەسانێكی بزوتنەوە و كەسانێكی یەكگرتوو و كەسانێكی سۆفی و كەسانێكی یەكێتی و پارتی، بەڵام تاوەكو ئێستا لە لیژنەی فەتوادا مامۆستایەكی سەلەفی دانەنراوە كە بووترێت ئەمە مامۆستایەكی سەلەفییە و لە لیژنەی فەتوادایە بە تایبەتی لیژنەی فەتوای باڵای كوردستان یەك مامۆستای سەلەفی تێدا نییە!.
لەبەرئەوەش نییە كە مامۆستایانی سەلەفی زانست و عیلمیان بە ئەندازەی ئەو مامۆستایانە پێ‌ نەبێت كە لە لیژنەی فەتوان، وابزانم الحمد الله مامۆستایانی لیژنەی فەتواش و غەیری ئەوانیش زانست و زانیاری مامۆستایانی سەلەفی دەزانن، كە خاوەنی زانیارین، بەڵام دانەنراوە، دەی كە شتی واهەبێت و ئیتفاقێك لە نێوان حكومەت و سەلەفییەكان هەبێت ئەو كاتە دەبوو لیژنەی فەتوا بە دەستی سەلەفییەكان بێت وەكو لە پرسیارەكەدا هاتووە كە ئەمەش دەركەوت بوهتان و درۆیە.
سەبارەت بەوەی: (ڕێككەوتن هەبێت)، هیچ جۆرە ڕێككەوتنێك لە نیوان سەلەفییەكان و حكومەتدا نییە، بەڵام ڕێكەوتن لە نیوان كۆمەڵ و بزوتنەوە و یەكگرتوو لەگەڵ حكومەت و یەكێتی و پارتی هەیە كە جار جار بەیەكەوە حكومەت دروست دەكەن و جار جار هەڵیدەوەشێننەوە، و بەیەكەوە دەچنە هەڵبژاردنەكان جار جار، بەڵام بە هیچ شێوازێك لە نێوان سەلەفی وحكومەتدا ئەم جۆرە ئیتفاقیە و ڕێككەوتنانە نییە، سەلەفی تەنها كەسانێكن وەكو تێكڕای خەڵكی كوردستان خەڵكی سادە كە خۆیان شەهادەیان بەدەستهێناوە و بە حەقی خۆیان دامەزراون لە قوتابخانە بێت یان زانكۆ یان لە پەیمانگا یا لە مزگەوت بێت، خەتیب بن یان مامۆستا بن، وەكو تێكڕای خەڵكی ئەم كوردستانە ئەو شوێنانەیان بەدەستهێناوە كە شایستەی ئەوەن، ئەمەش بە شێوەیەكی یاسایی، ئەمما ڕێكەوتن هەبێت هیچ شێوە ڕێكکەوتنێك نییە، وە هەر كەسێك ئیدعای ئەوە دەكات دەڵێین: زەحمەت نەبێت ڕاستی قسەكەت بۆ گەلی كورد دەربخە، بۆ ئەوەی دەركەوێت تۆ ڕاست دەكەیت بەڵام بێگومان تەنها قسە و بوهتانێكە و هیچ بنەمایەكی ڕاستەقینەی نییە.
 
پرسیار: دەوترێت سەلەفییەكان (مەسعود بارزانی) بە وەلی ئەمر دەزانن؟
وەڵام: سەبارەت بە وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە كە چەند جاری تر كەسانی تر لە كۆمەڵ یان یەكگرتوو دووچاری ئەم پرسیارەیان كردووین، بۆ ئەوەی بمانخەنە مەوقفێكەوە بە گومانی خۆیان و بۆ خەڵكی دەربخەن كە ئێمە لەسەر حەق نین و كەسانی بە كرێ‌ گیراوین بە گومانی ئەوان!، منیش لە وەڵامدا دەڵێم:
كە پێشتریش وتوومە بە فەزڵی خوای گەورە ئامادەین ئێمەی سەلەفی لە شوێنێكی گشتی و ئاشكرای ئەم كوردستانە لە هەولێر یان سلێمانی یان هەر شوێنێك كۆبینەوە لەبەردەم خەڵك با سەركردایەتی مەكتەب سیاسی كۆمەڵ و یەكگرتوو و بزوتنەوەش بێن بە سەركردەكەشیانەوە، ئێمەش مامۆستایەكی سەلەفی دەچێت دادەنیشین با هەموو میدیا و كەناڵە ئاسمانیەكانیش بێن وێنەی بگرن بەشێوەی ڕاستەوخۆ پەخشی بكەن، ئەوسا ئەم پرسیارەی ئەمڕۆ لە من كراوە هەمان پرسیار ئەكەین لە ئەمینداری یەكگرتوو و ئەمیری كۆمەڵ و ڕابەری بزوتنەوە، هەمان پرسیار لەوان دەكەین ئایا ئێوە وەكو كۆمەڵ و بزوتنەوە و یەكگرتوو سەرۆكی هەرێمتان بەلاوە موسڵمانە یان كافرە؟
با بە ئاشكرا وەڵامی خەڵكی بدەنەوە: یان ئا، یان نا، دەڵێن موسڵمانە یان كافرە؟ كە بڵێن موسڵمانە ئەو كاتە دەڵێین:
كەوابوو ئێوە ئەو كاتە یان دەبێت بەگوێرەی حوكمی قورئان و سوننەت بڕیار بدەن لە مامەڵە كردن لەگەڵیدا، وە یان بەگوێرەی بیروبۆچوونی خۆتان دوور لە قورئان و سوننەت و حوكمی خوا!، جا كە بڵین مامەڵەیەكی شەرعی لەگەڵ دەكەین ئەوە ئەو كاتە وەكو سەلەفییەكان دەبن و بۆتان نابێت ڕەخنەیان لێبگرن لەم بوارەدا.
بەڵام ئەگەر ئێوەش بڵێن ئەگەر موسڵمانیش بێت هەر بە وەلی ئەمر و كاربەدەستی نازانین ئەوە خۆتان شاهیدی لەسەر خۆتان ئەدەن كە حوكم بە قورئان و حەدیس ناكەن بەڵكو حوكم بە بیروبۆچوونی خۆتان ئەكەن!، چونكە كە حوكم بە قورئان و حەدیس بكەن ئەوە مادام سەركردە موسڵمان بێت پێویستە بە وەلی ئەمر بزانرێت، بەڵام تەنها لەو شتانەشدا گوێڕایەڵی بكرێت كە پێچەوانەی شەرع نییە و تاوان نییە. كەواتە با ئەم قسانەی كە ئێستا وتم با بكرێتە پڕۆژەیەكی عەمەلی و بە زووترین كات ئەم جەلسەیە ڕێك بخرێت بۆ ئەوەی بۆ خەڵكی ڕوون بێتەوە و هیچی تر لە ژێرەوە قسە نەكرێت و بڵێن سەلەفییەكان فڵانە كەس بە وەلی ئەمر دەزانن، وە ئەوەی من بیزانم ئەمینداری یەكگرتوو و ئەمیری كۆمەڵ و سەرۆكی بزوتنەوەی ئیسلامیش هیچیان سەرۆكی هەرێم بە كافر نازانن، ئەوەی ئێمە لێمان زانیون، باسی گەنجی هەرزەكار و حەماسی ناكەین باسی سەركردایەتی و مەكتەب سیاسیان دەكەم باسی لیژنەی فەتواكانیان دەكەم كە هەر یەكێك لەم حیزبانە زانایانی خۆیانیان هەیە كە تاوەكو ئێستا بڕیارێكیان دەرنەكردووە كە بڵێن سەرۆكی هەرێم كافرە، هەرچەندە من مەبەستم نییە مەسعود بارزانی بێت یان زەید بێت یان عەمر بێت!، ئایا تاوەكو ئێستا فەتوایەكیان دەركردووە بڵێن كافرە؟ وەڵامەكەی نەخێر، فەتوایان دەرنەكردووە و بە موسڵمانیان داناوە، دەی كە موسڵمان بێت، با بگەڕێینەوە بۆ قورئان و سوننەت بۆ ئەوەی بزانین چۆن دەبێت مامەڵە لەگەڵ سەركردەیەكی موسڵمان بكەین، قورئان و حەدیس پێمان دەڵێن دەبێت گوێڕایەڵ بیت لە چاكەدا بەڵام (لا طاعة لمخوق في معصية الخالق) لە مەعصیەتدا گوێڕایەڵی هیچ كەسێك ناكەین گوێڕایەڵی تەنها قورئان و حەدیس دەكرێت و فەرمانی خوا و پێغەمبەری خوا صلى الله علیه وسلم دەكرێت و كە دەڵێین گوێڕایەڵی تەنها لە چاكەدا دەكەین و پێویستە لە چاكەدا بكرێت، مەبەست ئەو هەموو قانون و یاسایەیە كە لە ووڵاتدا هەیە ئەمڕۆ بۆ نموونە:
یاسای ڕێكخستنی قوتابخانەكان و ڕێكخستنی زانكۆكان و ڕێكخستنی نەخۆشخانە و ڕێكخستنی ڕێگاوبان و ڕێكخستنی هاتووچۆ ... هتد، ئەمە كۆمەڵێك یاسایە كە دژی شەرع نەبێت پێویستە پابەندی ببین، جا سەرۆكی حكومەت فڵان بێت یان فیسار كەواتە ئەمە وەڵامی ئێمەیە وە سەرچاوەی ئەم فەتوایەشم قورئان و فەرموودەكانی پێغەمبەرە صلى الله علیه وسلم، بۆیە با لە خوا بترسن ئەو كەسانەی كە یەكسەر تۆمەتێكمان بۆ دروست دەكات و وا دەری دەخات كە ئێمە بۆیە ئەم قسانە ئەكەین چونكە پەیوەندیمان بە سەرۆكی هەرێمەوە هەیە یان خاڵ و خوارزاین!.
نا والله هیچ عیلاقەیەكمان لەگەڵ سەرۆكی هەرێم نییە، من خۆم كە وەڵامتان ئەدەمەوە تاوەكو ئێستا لە ژیانمدا ڕووبەڕوو سەرۆكی هەرێمم نەبینیووە و لە ژیانمدا سانییەك لەگەڵی دانەنیشتووم بە هیچ شێوازێك و هیچ داخوازیەكیشم لێ‌ نەكردووە و هیچ شتێكی تایبەتیشی بۆ سەلەفییەكان نەكردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا قسەكەمان پێویستە بە گوێرەی حوكمی شەرعی بێت.
بەڵام كە هەر سێ‌ حیزبە ئیسلامیيەكە لە وەڵامدا ووتیان: نەخێر ئێمە بەلامانەوە كافرە ئەوە ئەو كاتە حوكمەكە دەگۆڕێت، كە بەلاتانەوە كافرە دەی خیانەت لە خەڵكی مەكەن و بۆیان ڕوون بكەنەوە و فەتوایەك دەربكەن كە سەرۆكی هەرێم كافرە بۆ ئەوەی موسڵمانانی كوردستان بزانن، وە ئەمەش ناكەن چونكە پێم وانییە بە كافری بزانن، كەواتە ناچار ئەڵێن موسڵمانە، كەواتە ئەو قسەی كە من كردم لەگەڵ ئەو قسەیەی ئەوان فەرقی چییە؟!، بۆ لە خوا ناترسن و بە ئێمە ئەڵێن ئەوانە بە كرێ‌ گیراوی سەرۆكی هەرێمن یان لە سنووری یەكێتی بووترێت بە كرێ‌ گیراوی یەكێتین، لەبەر چی؟ هۆكارەكەی چییە بە كرێ‌ گیراو بین؟ ئایا ئێمە وەكو ئێوە زەوی و زارمان وەرگرتووە؟ ئایا وەكو ئێوە بودجەمان هەیە لە حكومەتی هەرێمدا؟ ئایا وەكو ئێوە سەیارە و كۆمەڵێك شتمان بۆ دێت یان وەزارەتمان هەبووە؟ نەخێر هیچمان نییە!. خۆ ئێمەش بە گەندەڵی و زوڵمەكەیان ڕازی نین لە ئێوەش زیاتر!
بۆ نمونە ئەوەتە ئێوە موافیقی بڕیارەكەی حكومەت بوون لەسەر سولفەی خانوو بەرە پێشتریش كە ڕیبا (تأمین)ی تێدا بوو، بەڵام ئێمەی سەلەفی تا ئێستاش بە حەڵالی نازانین لەبەر ئەو مەرجەی لە سەدا دە (١٠%) زیادە ئەچێتە سەر پارەكە كە هاووڵاتی دوای بخات!
كەواتە فەرقەكە لەوەدایە ئێمە دەزانین حوكمی شەرعی بەگوێرەی قورئان و حەدیس چییە؟ بەڵام ئەوان یان حوكمی شەرعی نازانن وە یان ئەیزانن بەڵام كاری پێ‌ ناكەن، كە لێیان بپرسیت شتەكە بە ئاشكرا وەڵام بدەنەوە هەموویان وەكو ئێمە دەڵێن سەرۆكی هەرێم موسڵمانە، دەی كە موسڵمانە چۆن مامەڵە لەگەڵ سەرۆكی موسڵمان دەكرێت بەگوێرەی حەماسەتی خۆتان و پرۆگرامی تایبەتی خۆتان؟ یان بەگوێرەی قورئان و حەدیس، بێگومان بەگوێرەی قورئان و فەرموودە نایكەن بۆیە تەماشا دەكەین لە سەرەوە دەڵێن موسڵمانە و لە خوارەوەش شۆڕش و دژایەتی و كۆمەڵێك شت دەكرێت، ئەگەر بڵێن ئێمە مەبەستمان دەرچوون نییە لە حوكم و سوڵتە و كێشە نانەوە نییە و مەبەستمان چاكسازییە، ئێمەش دەڵێین كەس ڕەخنە لە چاكسازی ناگرێت و دەستی ئێمەش لە ناو دەستی ئێوە و هەموو كەسێك مەبەستی چاكسازی بێت واتە: فەرمان كردن بە چاكە و نەهی كردن لە خراپە بكات، بەڵام بەگوێرەی شەرع بۆ چاككردنی بواری ووڵات كەس گلەیی لەوەدا نییە.
 
پرسیار: ئایا هەوڵی گۆڕینی سەرۆكی هەرێم ناشەرعییە، بۆچوونی ئێوە لەو بوارەوە؟
وەڵام: سەرەتا داوا دەكەین لە خوای پەروەردگار كێ‌ كەسێكی باشە و بۆ خوا صوڵحاوە و خزمەت بە میللەت دەكات ئەوە سەركردەی ئەم گەلە موسڵمانە بێت.
وە بۆچوونمان سەبارەت بەو مەسەلەیە بەم شێوەیەیە:
بێگومان موسڵمانان لەسەر شەرت و مەرجی خۆیانن «المسلمون علی شروطهم»، وە سەرۆكی هەرێمیش كە خۆی ڕازی بووە بە مەرجێك وە هەموو حیزبەكان ڕازی بوون پێی وە پەڕلەمان پێی ڕازی بووە و مەرجیان لە بەینی خۆیان داناوە كە ئیتفاقیان لەسەر كردووە كە هەر چوار ساڵێك جارێك بگۆڕدرێت وە خۆیشی تەوقیعی كردووە و دانی پێداناوە و پێی ڕازییە (هەرچەندە ئەم شێوازە حوكمڕانیە بنچینەیەك نییە لە بنچینەكانی حوكمڕانی ئیسلامی).
جا كەوابوو موسڵمان دەبێ‌ پابەندی مەرجی خۆی بێت كەواتە ئێستا باس لە گۆڕینی ناكرێت چونكە كە كاتەكەی تەواوبوو ئەوە ڕاستەوخۆ لادەچێت، كەوابوو پێویستە باس لەوە بكرێت ئایا دابنرێتەوە یان دانەنرێتەوە، نەك لاببرێت یان نا!
بە لای من وەكو مامۆستایەكی سەلەفی داواكارم خوای گەورە كەسێك بكاتە سەركردەی ئەم وڵاتە كە بەبەزەیی بێت لەگەڵ میللەت و عادل و دادپەروەرانە بیربكاتەوە لەگەڵ هەموو كەسێكدا و خزمەت بە دینی خوای پەروەردگار بكات، چونكە سەركەوتنی ئەم میللەتە و ئاسودە بوونی و بەختەوەری ڕاستەقینەی لەوەدایە كە سەركردەكانی پابەندی دینی خوا بن و ڕێگا بۆ بڵاوبوونەوەی دین بدەن زیاتر، كەواتە سەركردە كاتێك عادل بێت و ئیماندار بێت میللەتەكەشی دەحەسێتەوە لەبەردەستی بەڵام كاتێك كە ئیماندار نەبوو یان عادل نەبوو بێگومان میللەتەكەشی ناحەسێتەوە.
وە هەروەها بۆ ئەوەی برایانی یەكگرتووش و كۆمەڵیش و بزوتنەوەش لێمان حاڵی بن نموونە دەهێنمەوە بە توركیا و بە مصر: سەرۆكی توركیا لای ئێمەی سەلەفیش و لای یەكگرتووش موسڵمانە بەڵام ئایە تا ئێستاش حوكمڕانی لە توركیا عەلمانییە یان ئیسلامییە؟ وەڵامەكەی خۆیان دەڵێن عەلمانییە و حوكم ئیسلامی نییە، باشە برایانی یەكگرتوو پێیان چۆنە كە خەڵكی توركیا هان بدەین بۆ شۆڕشێك دژی سەرۆكی توركیا و لای بدەن؟!
بێگومان دەڵێن قەدەغەیە نابێ!، بۆ؟، ئێستا برسیار دەكەین ئایا لەبەرئەوە قەدەغەیە و نابێ چونكە سەرۆكی توركیا ئیخوانە یان لەبەرئەوەیە كە موسڵمانە؟ ئەگەر بڵێن لەبەرئەوەیە موسڵمانە!، ئیستا دێین هەمان پرسیارتان لێ دەكەین سەرۆكی هەرێم بەلاتانەوە چییە؟ كە وتتان موسڵمانە وە كە واش دەڵێن كەواتە هەمان حوكمی بدەنێ بڵێن حوكم عەلمانییە دەڵێین لە توركیاش عەلمانییە.
ئەگەر بشڵێن لەبەرئەوەی ئیخوانە ئەوكاتە دەبێ ئێوە ئیعلانی بكەن كە ئێوە شۆڕش بۆ ئەوە دەكەن حیزبی ئیخوان سوڵتەی بكەوێتە دەست نەك حوكمی خوای گەورە حوكمڕانی بكات لە وڵاتەكاندا.
 
پرسیار: ئایە ئێوە خاوەنی هیچ گروپ و ڕێكخراوێك نین چونكە ئێستا بەو شێوە دەبینرێن لە كوردستان مزگەوتی خۆتان هەیە و سایت و ماڵپەڕی تایبەتتان هەیە چۆن ئەوانە بەڕێوەدەبەن؟
وەڵام: بێگومان سوپاس بۆ خوای گەورە سەلەفییەكان لە هەموو جیهاندا لە جیهانی ئیسلامی و غەیری جیهانی ئیسلامیشدا سەلەفیەت هەیە لە هەموو شوێنێك، وە لە هەموو سەردەمێكدا هەبووە، وە بەردەوامیش سەلەفییەت زیاد دەكات الحمد لله. بۆ؟ چونكە خەڵك ڕۆژ لە دوای ڕۆژ كە دینی حەقیان بۆ دەرئەركەوێت ئەگەڕێنەوە بۆی الحمد لله، چونكە خەڵكەكە بۆی دەردەكەوێ سەلەفییەكان خەڵك بانگ ناكەن بۆلای خۆیان، سەلەفییەكان خەڵك بانگ ناكەن بیانكەن بە پردێك و بەسەریاندا بازبدەن و بپەڕنەوە، سەلەفییەكان بە خەڵك ناڵێن خەڵكینە ئێوە دوو سێ ڕۆژ دەرستان پێ دەڵێین ڕۆژی چوارەمیشیان لیستەكەمان هەڵدەواسین دەبێ دەنگ بۆ ئێمە بدەن و ئێمە بگەیەنن بە كورسی و پەڕلەمان.
خەڵك تێگەیشتووە كە بانگەوازی سەلەفییەكان بۆ ئەوەیە كە خوا بەتەنها بپەرسترێ و شوێن پێغەمبەری خوا بكەوێ علیه الصلاة والسلام بۆ ئەوەی لە دونیا لەسەر ڕێگای ڕاست بێت بەختەوەر بێت لە قیامەت بچێتە بەهەشتەوە و لە جەهەننەم ڕزگاری بێت بۆیە سەلەفییەت زیاد دەكات كە زیاد دەكات بەڵێ مزگەوتی دەكەوێتە دەست كە زیاد دەكات مامۆستای زۆر دەبێت لە هەموو شوێنێك دەبێت كەواتە بوونی ڕێژەیەكی زۆری سەلەفییەت لە كوردستان یان لە جیهاندا مانای ئەوە نییە كەبڵێین ئەمانە حیزبێكن و سەركردەیەكیان هەیە، بەڵكو مانای ئەوەیە كە مەنهەجێكی حەقیان هەیە و هەموویان شوێنی كەوتوون، بۆیە بڵاوبۆتەوە سوپاس بۆ خوای گەورە، ئەی چۆن مزگەوتیان بەدەستە؟ ووتمان: هەركەسێك ئەمڕۆ خاوەن بڕوانامەیەك بێت، چ دەرچووی كۆلێژی شەریعەت بێت، چ دەرچووی پەیمانگای زانستە ئیسلامییەكان بێت، چ دەرسی شەرعی خوێندبێت و خاوەن مۆڵەتی مەلایەتی بێت شایستەی ئەوەیە كە مزگەوتی هەبێت، كەواتە بۆ دەبێت بۆ مامۆستایانی تر حەڵاڵ بێت؟ بەڵام بۆ سەلەفییەكان حەرام بێت كە مزگەوت بگرنە دەست؟! كە مزگەوتیشیان هەبێت دیارە حیزبین، هیچ بەڵگەیەك نییە لەسەر ئەوە، بۆیە من دەڵێم: سەلەفییەكان حیزب نین بەو مانا سیاسییەی كە ئەمڕۆ هەیە، بەڵێ‌ كۆمەڵن، هاوكاری یەكتر دەكەن لە كاری چاكە و بڵاوكردنەوەی حەق، بەڵام ئەمیریان هەبێت، یان ڕابەریان هەبێت و بەیعەتیان پێدابێت و بودجە و ئابونەیان هەبێت و پلانیان دانابێت بۆ ئەوەی چەند ساڵێكی تر بگەنە پەڕلەمان، ئەو جۆرە شتانەیان نییە، بەڵكو دەیانەوێ‌ دینی ئیسلام بڵاوبێتەوە لە هەموو ئاستەكاندا بەو شێوازەی كە پێغەمبەری خوا صلی الله علیە وسلم كردویەتی.
 
پرسیار: دەربارەی سایت و ماڵپەڕەكان؟
وەڵام: یەك كەس دەتوانێ‌ سایتێك ببات بەڕێوە، هەركەسێك ئاگاداری ئینتەرنێت بێت ئەوە دەزانێ‌ كە هەركەسێك بۆ خۆی دەتوانێت سایت و ماڵپەڕی هەبێت و زۆر ئاساییە.
سایتی فەرمیمان نییە بەناوی سەلەفییەتەوە، بەڵكو هەر مامۆستایەك دەتوانێ‌ سایتی تایبەتی خۆی هەبێت و ئەوەش شتێكی ئاساییە.
كە سەیری هەولێر بكەین تەماشاكە مەعجون فرۆش و تەماتە فرۆش كەناڵی ئاسمانی هەیە نەك تەنها سایتی هەیە، كەواتە ئەوە شتێكی ئاساییە و بەڵگەی حیزبی بوون نییە.
 
پرسیار: دەوترێت سەلەفییەكان لەلایەن دەسەڵاتەوە هاوكاری مادی دەكرێن، ئەمە تا چەند ڕاستە؟
وەڵام: ئەمە لە سەدا صفر ڕاستە، دیسان دووبارەی دەكەمەوە با ئەو بەڵگانەمان پیشان بدەن كە ڕاستی ئەم قسەیە دەسەلمێنێ‌، تا ئێستا من نەمبیستووە هاوكاری هیچ مامۆستایەكی سەلەفی كرابێت بەتایبەت، یان بەناوی سەلەفیەتەوە، هەرگیز شتی وا نەبووە،، هەر مامۆستایەك كە كار و كاسپی خۆی هەبێ‌، یان خەریكی بازرگانییەك بێت، یان بە بڕوانامەی خۆی گەیشتبێتە پلە و پایەیەك وەكو تێكڕای خەڵكی كوردستان، وە زۆربەی هەرە زۆری مامۆستایان هەریەكەو كار و كاسپی تایبەت بە خۆی هەیە، بەڵام ئەوەی كە پارە وەردەگرێت لە حكومەت دیارە كێیە، حیزبەكانن نەك ئێمەی سەلەفی بین، ئەوە ئەو پەندە عەرەبیەیان بەسەردا هاتووە كە دەڵێ‌: نەخۆشی خۆیانە دەیدەن بەسەر ئێمەدا.
 
پرسیار: ئەندامی حیزبە ئیسلامییەكان بەڵگەی هاوكاری كردنی سەلەفییەكان لەلایەن دەسەڵاتەوە بەوە دەهێننەوە كە دەڵێن دەسەڵات هیچ پەیڕەوانێكیان دەستگیر ناكات و هەر مزگەوتێكی تازە بكرێتەوە دەدرێت بە ئەوان؟
وەڵام: هیچ بەڵگەیەكی دەست نەكەوتووە بۆ ئەوەی بیسەلمێنی كە سەلەفییەكان لەلایەن دەسەڵاتەوە هاوكاری دەكرێن تەنها ئەوە نەبێ‌ كە سەلەفییەكان بۆ ناگیرێن، سەلەفییەكان كارێك ناكەن كە خوای گەورە پێی ناخۆش بێت و ببێتە هۆی خوێن ڕێژیەكی ناڕەوا و كۆمەڵكوژی و خەڵك كوژی و موسڵمان كوژی، ئەگەر من بچمە ناو بازاڕ و بڵێم فڵان كافرە و فڵان مەلعونە و فڵان تی ئێن تی بۆ دابنێم و پلانی كوشتن بۆ فڵان دابنێم ئەو كاتە منیش موستەحەقی گرتن دەبم و حكومەت دەمگرێ‌، بەس كە ئێمە جۆرە كارێك ناكەین كە كەسانێك دەیانكرد تا دوێنێ‌ و پێرێ‌، بۆیە سەلەفی نەگیراوە، ئەمڕۆ كە ناگیرێت هۆكارەكەی ئەوەیە، كە سوپاس بۆ خوا سەلەفی لەگەڵ توند و تیژی و تەكفیر كردنی ناڕەوا و لەگەڵ تێكدانی ئەمن و ئاسایشی ئەم وڵاتە نییە كەواتە بۆ دەبێ‌ بگیرێ‌؟! وە ئایا هەركەس نەگیرێ‌ بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە بە كرێ‌ گیراو بێ‌؟! خۆ تا ئێستا مامۆستا علی باپیر نەگیراوە لەلایەن حكومەتەوە، مامۆستا صلاح الدین بهاء الدین نەگیراوە، مامۆستا محمد فرج نەگیراوە، كەواتە ئەوانە هەمویان بە كرێ‌ گیراون و لەگەڵ دەسەڵاتن!. یان گیرانی كەسانێك هۆكارێكی ناشەرعی هەیە كە لەوانەیە لە ئێمەدا نەبێت، بەڵكو بە پێچەوانەوە سوپاس بۆ خوای گەورە بانگەوازی مامۆستایانی سەلەفی بووە بە هۆكاری بڵاوبوونەوەی ئەمن و ئاسایش لە وڵاتدا، ئەمن و ئاسایشێكی شەرعی، واتە ئێمە بووین بە هۆكارێك بۆ ئەوەی خەڵكانێك بە زێدەڕەوی و توندڕەوی بیرنەكاتەوە، خەڵكانێك نەكەونە یەكتر كوژی لەناو ئەو میللەتەدا، یانی تا دوێنێ‌ بە چەكەوە بەرامبەر یەكێتی و پارتی وەستا بوون كە بەلایانەوە كافر بوون و خوێنی یەكتریان دەڕشت، ئەمڕۆش بەیەكەوەن و دەعوەتی یەكتر دەخۆن و لە پەڕلەمان بەیەكەوە دانیشتون! ئێمە نە ئەوەی دوێنێمان كردووە و نە ئەوەی ئەمڕۆش دەكەین، ئەوەی دوێنێ‌ ئەوان كردیان بوو بەهۆكاری گرتنی كۆمەڵێكیان، ئەوەی ئەمڕۆش دەیكەن بووە بەهۆكاری وەرگرتنی كۆمەڵێك پارە، ئێمە نە ئەوەی دوێنێ‌ و نە ئەوەی ئەمڕۆش دەكەین، خەریكی بانگەواز و مزگەوتی خۆمان بووین.
ئەما هەر مزگەوتێك بكرێتەوە دەدرێتە سەلەفی دیسان ئەمەش بوهتانە، بەڵكو ڕاستەقینەی گرتنە دەستی مزگەوتەكان دەگەڕێتەوە بۆ متمانەی ئەو خەڵكە موسڵمانە بە مامۆستایانی سەلەفی، خەڵك الحمد لله تێگەیشتووە كە مامۆستای سەلەفی بە عیلمن، مامۆستایانی سەلەفی بە تەقوان سوپاس بۆ خوا، مامۆستایانی سەلەفی دینی ڕاستەقینە بە خەڵكی دەڵێن، مامۆستایانی سەلەفی خەڵكی بانگ ناكەن بۆ حیزبایەتی، بەڵكو خەڵكی بانگ دەكەن بۆلای دینی خوا، خەڵك متمانەیان پێدەكەن، زۆربەی خەڵكی كە مزگەوت دروست دەكەن گەیشتونەتە ئەو باوەڕە خۆی بەدوای مامۆستای سەلەفیدا دەگەڕێ‌ و مزگەوتەكەی تەسلیم دەكات، نەك حكومەت بیداتێ‌، ئەما وەكو حكومەت بۆ نمونە من یەكێكم لەو كەسانەی كە چەند جار حكومەت لای بردوم، و چەند حیزب لای بردوم لەسەر مینبەر و مەنعی كردوم لەوەی كە وتار بدەم، كەواتە ئەو قسەیە بەڵگە نییە لەسەر ئەوەی كە سەلەفییەكان و حكومەت پەیوەندییەكیان هەیە، بەڵكو بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە مامۆستایانی سەلەفی الحمد لله جێگای ڕێزن لەناو خەڵكیدا، خەڵك ڕۆژ لەدوای ڕۆژ متمانەیان پێدەكەن و باوەڕ بە فەتواكانیان دەكات.
وە لەگەڵ ئەوەیشدا كە بەراورد بكەین با بزانین بۆ نمونە شارێكی وەكو شاری سلێمانی با سەرژمێری بكەن بزانن چەند مزگەوت بەدەست سەلەفییە وە چەند مزگەوت بەدەست سۆفییە و چەند مزگەوت بەدەست كۆمەڵە و چەند مزگەوت بەدەست یەكگرتووە تەماشا دەكەین كەمترین ژمارەی مزگەوت بەدەست سەلەفییە! چەند مزگەوتێك بە پەنجەی دەستێك دەژمێردرێن بەدەست سەلەفییە باقی هیچی بەدەست سەلەفی نییە، هیچی بەدەست سەلەفی نییە، كەواتە ئەگەر ئەوە بەڵگەبێت كە مامۆستای سەلەفی مزگەوتی بەدەستە كەواتە حیزبە ئیسلامییەكان زیاتر كۆمەك دەكرێن لەلایەن حكومەتەوە چونكە ئەوان مزگەوتی زیاتریان بەدەستە، وە بەتایبەتی كە سەیری هەولێر بكەین لەهەموو شاری هەولێر یەك خەتیبـی سەلەفی تێدا نییە كەواتە كوانێ هاوكاری حكومەت و هاوكاری حیزب بۆ سەلەفییەكان بەڵام ئەو هەموو مەلای بزوتنەوە و كۆمەڵی تێدایە.
 
پرسیار: ڕۆژنامەنووسێكی ئیسلامی لەبارەی ئێوەوە (سەلەفی) ئەڵێ: لە كۆتایی ساڵەكانی نەوەددەوە كۆمەڵێك لە كوردستان وەكو خەڵكانێكی سەلەفی سەریان هەڵدا بەناوی مەدخەلی كۆمەڵە گەنجێكی دیندار كە تەنیا بیروبۆچونیان وابوو كە دەبێت تەنها خۆت فێری زانستە شەرعییەكان بكەیت و وازبهێنرێت لە سیاسەت و هەوڵدان بۆ دەسەڵات لەسەر مەنهەجی كەسێك دانرا كە ناوی ڕەبیعی كوڕی هادی مەدخەلی بوو كە ئێستا لە وڵاتی عەرەبستانی سعودی ژیان دەباتەسەر بە زانایەكی مەدخەلی ئاماژەی پێ دەكرێت.
وەڵام: نەخێر سەلەفییەكان بە فەزڵی خوا لە هەموو سەردەمێكدا هەبوون، كەسانێك سوپاس بۆ خوا ئەو دین و مەنهەجەی كە ئەمڕۆ مامۆستایانی سەلەفی بۆ نمونە لەم كوردستانەی خۆمان باسی دەكەن بڕۆ هەموو وڵاتەكانی جیهان سەلەفی لە هەر وڵاتێك ببینی هەمان شت باس دەكات كە مامۆستایەكی سەلەفی لە گوندێكی شارەزوور باسی دەكات، وە بگەڕێوە بۆ سەد ساڵ پێش ئێستە كیتابی مامۆستایانی سەلەفی بخوێنەرەوە هەمان قسەیە كە مەلایەكی سەلەفی لە گوندێكی خۆشناوەتی باسی دەكات، بگەڕێوە پێنج سەد ساڵ پێش ئێستە هەزار ساڵ پێش ئێستە كەواتە سەلەفییەت لە نەوەددەكان سەری هەڵنەداوە بەڵكو هەر بووە بە درێژایی مێژوو، وە دوای ئەوەی سوپاس بۆ خوای گەورە كوردستانەكەمان ئازاد بوو ئەو جاریش دەعوە و بانگەوازیش ئازاد بوو لەو كاتەوە وردە وردە بانگەوازی سەلەفی لە كوردستانی ئێمە سەری هەڵدایەوە و گەشەی كردەوە. ئەمما دعوەی سەلەفی لەو ساڵەوە دروست بووبێ ئەمە نەزانین و نەفامییە دەنا دەعوەی سەلەفی هەر هەبووە، وە ئەو شتانەی كە ئێمە باسی دەكەین بڕۆوە بۆ ئەو كیتابانەی سەد ساڵ دوو سەد ساڵ سێ سەد ساڵ هەزار ساڵ پێش ئێستا نووسراوە، ئەوە یەعنی كە سەیری نووسراوەكانی مەلای گەورەی كۆیە بكەن مەلای گەورەی كۆیە تەفسیرەكەی بۆ نمونە ئەو قسانەی من ئەمڕۆ وەكو مامۆستایەكی سەلەفی دەیكەم ئەوانەیە كە زۆربەی ئەو قسانەیە كە مەلای گەورەی كۆیە كردویەتی كە چەند ساڵ پێش ئێستا بووە نەك لە نەوەددەكان سەری هەڵدابێت. كە باسی تەوحید دەكا باسی ئەوە دەكات شەخس پەرستی نەكەین باوەڕمان بە شتی خوڕافیات نەبێ وە بابگەڕێینەوە سەردەمی ئیمام ئەحمەدی كوڕی حەنبەل ئیمام شافعی ڕەحمەتی خوای لێبێ ئەو قسانەی كە دەیكەین ئەوەیە كە ئەوان كردویانە.
كەواتە سەلەفییەت بریتی نییە لە حیزبێك كە لە نەوەددەكان پەیدا بووبێت ئەوە كەسانێكن یا ناحاڵین یان دەیانەوێ چەواشەكاری لە قەزیەكەدا بكەن، بەڵام ئەگەر هەڵیگێڕێتەوە و بڵێی حیزبە ئیسلامییەكان لە هەشتاكان و نەوەددەكانەوە دروست بوون ئەوەیانە ڕاستە. هەر ڕۆژەی حیزبێك لەدایك دەبێت لە هەشتاكانەوە بیگرە تا ئەمڕۆی ئێمە وەكو حیزبەكان تازە دروست بوون ئەمما وەكو عەقیدە و مەنهەجی سەلەفی بەردەوام هەبووە بە فەزڵی خوای گەورە چونكە مامۆستایانی سەلەفی لەسەر مینبەرەكانمان لە دەرسەكانمان جۆرە كیتابێك بۆ خەڵك شەرح دەكەین ئەوەیە كە كیتابی وا هەیە هەزار و دوو سەد ساڵ پێش ئێستا نووسراوە هەیە هەزار ساڵ پێش ئێستا نووسراوە ئەو كیتابەمان شەرح كردووە وە بڵاومان كردووەتەوە لەناو خەڵكدا كەواتە دعوەی سەلەفی هەر بەردەوام بووە.
وە كە بیروبۆچونمان وا بێت خۆت فێری زانستی شەرعی كەیت ئێمە دەڵێین: فێربوون ڕێگای هەموو سەعادەتی و بەختەوەری و خێرێكە، وە پێغەمبەر صلی الله علیە وسلم یەكەم شت كە خوای گەورە بۆی دابەزاند بریتی بوو لە {اقْرَأْ بِاسْمِ رَبِّكَ الَّذِي خَلَقَ} كەواتە فێربوونی زانستی شەرعی وە شارەزاكردنی موسڵمانان لە دینە ڕاستەقینەكەیان ئەمە بیدایەتی هەموو خێر و عیزەتێك و كەرامەتێكە بۆ ئەم میللەتە و بۆ موسڵمانان بۆیە كە ئەوان خۆیان بەوەوە مەشغوڵ ئەكەن مانای ئەوەیە كە لەسەر مەنهەجی قورئان و حەدیس دەڕۆن.
ئەمما كە سەلەفییەكان بڵێن وازبهێنرێت لە سیاسەت ئەوە ئەڵێم: سیاسەت دوو جۆری هەیە سیاسەتێك كە سیاسەتی شەرعی بێت واتە بەڕێوەبردنێكی شەرعی ئەوە ئێمەی سەلەفی ئیمانمان پێیەتی سەدا سەد «كانت بنو إسرائيل تسوسهم الأنبياء ...» بەنو ئیسرائیل كێ سیاسەت مەدارێتی دەكردن كێ فەرمانڕەوایەتی دەكردن كێ بەڕێوەی دەبردن؟ پێغەمبەران علیهم الصلاة والسلام كەواتە بە هەمان شێوەیش ئەمڕۆ باوەڕمان بە سیاسەتی شەرعی هەیە ئەمما سیاسەتێك كە پێچەوانەی سیاسەتی شەرعی قورئان و سوننەت بێت ئەوە نەخێر.
قورئان و سوننەت پێت بڵێت وەلی ئەمرێك سەركردەیەك كە موسڵمان بوو تۆ نابێت بە كافری بزانی یان كە موسڵمان بوو نابێت تۆ جەنگی لە دژ بكەیت و خوێن ڕێژی لەناو موسڵمانان بكەیت بۆ ئەوەی خۆت بگەیتە دەسەڵات ئەو سیاسەتە ئێمە بە شەرعی نازانین و باوەڕمان بەو سیاسەتە نییە چونكە ئەوە سیاسەتی خەواریجە نەك سیاسەتی محمدی كوڕی عبدالله بێت علیه الصلاە والسلام وە سیاسەتی ئەبو بەكر و عومەر نییە. كەواتە كە دەڵێن سەلەفییەكان باوەڕیان بە سیایەت نییە باوەڕمان بە سیاسەتێك نییە پێچەوانەی سیاسەتی شەرعی بێت یا باوەڕمان بەوە نییە كە بە فرتوفێڵ ئێمە بگەینە سوڵتە و دەسەڵات، كاتێك كاتی هەڵبژاردنەكان هات هەریەك لە حیزبەكان بە قسە ئەو كوردستانە دەكاتە بەهەشتێك بۆ خەڵك بە ئیسلامی و بە عەلمانیەتەوە دوایش كە سەردەكەون هیچ نابینین لە جاران خراپتر هەروەكو جارانە ئەو جۆرە سیاسەتانە باوەڕمان پێی نییە، بەڵام سیاسەتی شەرعی باوەڕمان پێیەتی.
دێتەوە سەر ئەوەی كە گوایە ئەوانە مەدخەلین وتمان حاشا وكلا والله ئێمە هیچ عالمێك بە تەنها بە شایستەی ئەوە نازانین كە دینەكەمانی لێوەرگرین بە تەنها، ڕەبیع بن هادی مەدخەلی و تێكڕای زانایانی ئوممەتی ئیسلامی ئەوانەی كە لەسەر قورئان و سوننەتن هەموویان لامان بەڕێزن لامان خۆشەویستن وە هیچیشیان مەعصوم نین لە هەڵە ئەوەی كە تێیدا پێكابێتیان وەریدەگرین ئەوەیش كە نەیانپێكابێت ئەوە قەبوڵمان نییە و حەقەكەمان بەلاوە قەبوڵە بەڵام وتمان ئەوانە ناحەزانی سەلەفی و دەعوەی سەلەفی دێن ناو و ناتۆرەیان لێدەنێن بۆئەوەی خەڵكیان لێ بڕەتێننەوە.
 
پرسیار: هەروەها ئەڵێ ئەم گروپە بەشێوەیەكی بەرچاو وشەی بیدعە بەكارئەهێنن بۆ هەركەسێك دژی دەسەڵات یان وەلی ئەمر بێت هەركەسێك لەگەڵ هەوا و ئارەزوی ئەودا نەبێت؟
وەڵام: ئەوە خۆی لە خۆیدا بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە ئەو كەسەی كە ئەو قسەیە دەكات چاوی هەڵنایەت بە زاراوە شەرعییەكان وە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی خۆی لە بیدعەدا دەژی بۆیە وشەی بیدعەی زۆر بەلاوە قورسە زۆری پێناخۆشە ئەگینا پێغەمبەری خوا صلی الله علیه وسلم لە هەموو وتارێك خوتبەی حاجە كە دەستی پێكردووە وشەی بیدعەی بەكارهێناوە وەك دەیفەرموو: «أما بعد فإن خير الحديث كتاب الله ... وكل بدعة ضلالة».
بیدعە یەعنی چی؟ یەعنی شتێك بەناوی دینەوە زیاد بكرێت بهێنرێتە ناو دین كە تێیدا نەبێت، ئێمەی پاسەوانی دین مامۆستایانی سەلەفی پاسەوانی دینەكەن وەكو خۆی نایەڵن شتێكی زیادكراو جا هەركەسێك بەناوی دینەوە زیادیكا و بیخاتە ناو دینەوە ئێمە ناهێڵین وە بۆ خەڵكی ڕوون دەكەینەوە خەڵكینە وەرن ئەمە زیادەیە ئەمە بیدعەیە ئەمە داهێنراوە لە دیندا و قەبوڵ نییە بەڵام داهێنان لە دونیادا گوناهـ نییە وە باوەڕمان پێیەتی وە هانی خەڵك دەدەین با ئێمەیش لە دونیادا لە پێش هەموو وڵاتان بین با ئێمەیش داهێنانمان هەبێت بەڵام داهێنان لە دیندا نابێت چونكە {الْيَوْمَ أَكْمَلْتُ لَكُمْ دِينَكُمْ} دین كامڵ بووە، تەواو بووە پێویستی بە زیادە نییە جا ئەمە دیارە خۆی بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە ئەو كەسە دەیەوێ بەگوێرەی هەوا و میزاجی خۆی هەوا و ئارەزوی خۆی شت لە دین زیادكات وە كەسیش پێی نەڵێ بیدعەت كردووە نەك ئەو وەسفەی بە ئێمەی وتووە هەرشتێك لەگەڵ هەوا و ئارەزوی خۆیان ئێمە هەرشتێك لەگەڵ قورئان و سوننەت نەبێت هەوا و ئارەزوی خۆمان دەخەینە ژێر پێی خۆمانەوە قەبوڵ نییە بەلامانەوە.
ئەم خاڵەی كە هەركەسێك بەرامبەر سەركردە و بەرامبەر حكومەت قسە بكات كە گوایە ئێمەی سەلەفی بڵێین بیدعەیە حاشا ئەمەیش بوهتانێكە شتی وامان نەوتووە ئێمە دەڵێین ئەو بڕیارانەی كە لەم حكومەتەوە دەرچێت دوو جۆرە چاكە هەیە و خراپە هەیە وەكو پێغەمبەر صلی الله علیه وسلم فەرمووی: «تعرف منهم وتنكر» ئەوەی كە مەعروفە چاكەیە بڵێن چاكە ئەوەیش كە خراپەیە بڵێین خراپە نەك هەرچی چاكیش بێت هەر بڵێین خراپە ئاخر ئەوە ئینساف نییە و عەدالەت نییە بۆیە با بڵێین هەركەسێك قسەی حەق كات بە حكومەت بڵێت چاكە بكە و خراپە مەكە ئێمە پێی بڵێین بیدعەیە حاشا وكلا بەڵكو دەستخۆشی لە هەركەسێك دەكەین كە ئەم وڵاتە بەرەو چاكە بەرێ وە ڕەخنەی بنیاتنەر لە حكومەت بگرێت بۆ بەرەو پێش چوون و چاككردنی ئێمە دەستخۆشی لێدەكەین وە هەوڵەكانیشیان بە بەرز دەزانین ئەو كەسانەی كە بوونە هۆی ئەوەی وڵاتەكەمان بەرەو چاكتر بڕوا گەندەڵی تێدا كەمبێتەوە، و بێگومان وتمان هەوا و ئارەزووی ئێمە هیچ نییە بەڵكو دەمانەوێ خەڵك شوێن قورئان و سوننەت كەوێ‌ نەك هەوا و ئارەزووی ئێمە وە خەڵكێكیش كە لەگەڵ قورئان و سوننەت نەیەتەوە پێی دەڵێین موبتەدیع نەك لەگەڵ هەوا و ئارەزووی ئێمە، بۆ نمونە كەسانێك زۆر شت دەكەن بەناوی دینەوە كە لە دینی خوادا نییە بەوانەمان وتووە موبتەدیع، وە هەر ڕەخنەیەكیش گیرابێت لە هەركەسێك لەلایەن مامۆستایانی سەلەفییەوە بە بەڵگە شتەكان باسكراوە نەك بەبێ بەڵگە.
 
پرسیار: دەڵێن: سەلەفییەكان ئەوانە بە وەلی ئەمر دەزانن كە ئێستە لەسەر دەسەڵاتن وەك حاكمە عەلمانییەكان.
وەڵام: ئایە ئەمڕۆ لە كوردوستانی ئێمە سەروكی هەرێم وەلی ئەمرە یان سەروكی كۆمەڵ و سەرۆكی بزوتنەوە و سەرۆكی یەكگرتوو؟ كێ وەلی ئەمرە تا ئێستا كاروباری ئەم وڵاتە بەدەست ڕابەری كۆمەڵە یان بەدەست ئەمینداری یەكگرتووە كاروباری وڵاتی ئێمە بەدەست كامیانە؟! بێگومان بەدەست هیچیان نییە ئەمە واقیعە نابێت لە واقیع ڕاكەن، ئەمە حەقیقەتێكی حاشا لێنەكراوە ئەوەی كە ئەمڕۆ كاربەدەستە لە وڵاتی ئێمەدا سەروەكی هەرێمە یاخود سەرۆكی وەزیرانە سەرۆكی حكومەتە جا پێشتر دكتۆر بەرهەم بوو ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانییە هەر كامێكیان بێت ئەوانە كاریان بەدەستە ئەوانەیش لە دوو حاڵەت تێپەڕ ناكەن یان موسڵمانن یان كافرن كە موسڵمان بێت بتەوێ و نەتەوێ دەبێت بە وەلی ئەمری بزانیت وە لە شەرعیشدا گوێڕایەڵی بیت و بەس، وە كە بەلاشتەوە موسڵمان نییە خیانەت لەو خەڵكە مەكە و كەتمی حەق مەكە و مەیشارەوە بە خەڵك بڵێن خەڵكینە فڵانە كەس كافرە و موسڵمان نییە كە ئەوەیش ناكەن بۆیە ئەوان یەعنی (یلعبون علی الحبلین) وەكو عەرەب دەڵێ‌ لەسەر دووپەت یاری دەكەن، لەلایەكەوە كە دووچاریان بیتەوە پێیان بڵێیت موسڵمانە یان كافرە؟ دەڵێن موسڵمانە، بەڵام مامەڵەی موسڵمانی لەگەڵ ناكەن!.
 
پرسیار: ئەڵێن: وتوتانە نابێت هیچ ڕەخنەیەكیان لێ بگیرێت.
وەڵام: نا والله با ڕەخنەیان لێبگیرێت با ڕاست بكرێنەوە ئامۆژگاری بكرێن با دەستیان بگیرێت لە كاری خراپەدا یەعنی ڕێبگیرێت لە كاری خراپەدا، ئەبەدەن ئەوە قسەی ئێمە نییە بەڵام بەشێوازێكی شەرعی كە میللەت و وڵاتەكە بەرەو چاكتر بەرێ نەك بەشێوازێكی وا كە میللەت بەرەو كاولی و خوێن ڕێژی و بە هیلاك چوون بڕوا و مونكەرەكەی زیاتر بێ و خەڵك وروژاندن بێ و بەس.
 
پرسیار: ئەڵێن: وتوتانە ئەگەر كەسێك قسەیەكی پێوتن ئەوە فاسقە و لە ئەمری وەلی ئەمر دەرئەچێتە دەرەوە.
وەڵام: تەنها بوهتانێكە بەڵام جنێو پێوتن سیفەتی ئینسانی موسڵمان نییە وە كێشەكانیش بە جنێو چارەسەر ناكرێن من بچم لەسەر مینبەرەوە دەست بكەم بە جنێودان بە سەرۆكی هەرێم بە سەرۆكی حكومەت ئەمە شێوازێكی شەرعی نییە و سیفەتی موسڵمان نییە.
پێغەمبەری خوا صلی الله علیە وسلم دەفەرموێ: «سباب المسلم فسوق» هەركەسێ موسڵمان بێ دەبێ خۆی بە بەرز بزانێ بگرە بەرامبەر بە یەهودیش پێغەمبەری خوا صلی الله علیە وسلم ڕازی نەبوو «إن المؤمن ليس بِلعّان ... ولا الفاحش البذيء» جنێودان چارەسەر نییە بەڵام ئامۆژگاری كردنی خێر هاوكاری بوون لەسەر كاری خێر ڕێگرتن لە كاری شەڕ بەم شێوازە، جنێودان سیفەتی موسڵمان نییە.
 
پرسیار: ئەڵێن: سەلەفییەكان چەند بەرامبەر عەلمانییەكان بێدەنگن ئەوەندەیش ڕەخنە لە ئیسلامییەكان دەگرن.
وەڵام: ئیسلامیەكان وایان لە ئێمە دەوێ‌ كار بە ئایەتی {وَلْتَكُنْ مِنْكُمْ أُمَّةٌ يَدْعُونَ إِلَى الْخَيْرِ وَيَأْمُرُونَ بِالْمَعْرُوفِ وَيَنْهَوْنَ عَنِ الْمُنْكَرِ وَأُولَئِكَ هُمُ الْمُفْلِحُونَ} نەكەین بە گشتی لەكاتێكدا خوای پەروەردگار كە فەرمانی كردووە ئەمر بە چاكە بكرێت نەهی لە خراپە بكرێت نەیفەرمووە تەنها ئەم ئایەتە بۆ عەلمانییەكانە كە ئیسلامییەك غەڵەتیش بكات نابێت ڕێگری لێ‌ بكەیت مونكەریش بكات وە نابێت فەرمانی چاكەیشی پێبكەین نابێت پێی بڵێی غەڵەتت كردووە!!
ئەوان دیارە وایان دەوێت، پێغەمبەر صلی الله علیە وسلم فەرموویەتی: «من ترى منكم منكرا فليغيره بيده ... فبلسانه» ئێمە هەركەسێك غەڵەت بكات پێی دەڵێین هەڵەیت با سەلەفیش بێت پێش هەموو كەسێك وە چەندان مامۆستا هەیە سەلەفییە وتوومانە غەڵەتە وە كۆمەڵ بێت بزوتنەوە بێت یەكگرتو بێت یەكێتی بێت پارتی بێت هەركەسێك بێت غەڵەت بكات دەڵێین غەڵەتە وە چەندان جار لەسەر مینبەر بۆ نمونە كۆمەڵە شتانێك لە ڕۆژنامەكاندا نووسراوە كە وتومانە ئەوە غەڵەتە لە جیهەتی عەلمانێكەدا نووسراوە غایەتی دەرەجە ئینكاریمان لەسەر كردووە، بۆ خۆم پێش ئەوەی كە لە كەناڵی (ئێن ئاڕ تی) ئەمساڵ موقابەلە بكرێم بڵیم مەولود بیدعەیە ئینكاری لەو جۆرە ئیسلامییانە بكەم كە مەولود دەكەن پێشتر لە هەمان كەناڵدا ئینكاریم لە عەلمانییەكان كرد، وە پار وتم عەلمانییەت لە تەرازووی ئیسلامدا جێی نابێتەوە و مەبدەئی عەلمانییەت و لادینی كوفرە، بەڵام ئیسلامییەكان دەیانەوێ ئێمە چاوپۆشی بكەین لە هەر هەڵەیەك كە ئەوان دەیكەن هەمووشی پۆشاكی ئیسلامی لەبەر بكەن لەگەڵ ئەوەیشدا كابرای ئیسلامی بیدعە و بێ‌ شەرعی دەكات و ناوی ئیسلامی لێ دەنێت شەرعیەتیشی دەداتێ‌، بۆ نمونە مۆسیقا لە كەناڵە عەلمانییەكان لێ دەدرێت و لەكەناڵە ئیسلامییەكانیش لێدەدرێت بەڵام جیاوازیەكەی چییە؟ ئەگەر بێتو ئیسلامییەك مۆسیقا لێدا كەواتە حەڵاڵی كرد بەڵام وەرە پرسیار لە كابرایەكی یەكێتی یان پارتی بكە بۆ مۆسیقا لێ ئەدەیت دەڵێ والله حەزم لێیەتی خۆشە هەروەكو پێیشی بڵێی بۆچی مەشروب دەخۆی دەڵێ والله حەزم لێیەتی بڵێی حەڵاڵە ناڵێ حەڵاڵە، كەواتە زۆر جار كابرای یەكێتی و پارتی ناچێ مونكەرەكە حەڵاڵ كات ئیلا مەگەر كەسێكیان عەلمانی بێت دژە دین بێت جیاوازە، بەڵام وەرە لە كابرای ئیسلامی بپرسە بۆ مۆسیقا لێدەدەیت دەڵێ والله حەڵاڵە وەكو چۆن پێغەمبەر صلی الله علیە وسلم فەرموویەتی: قەومێك دێن لە ئاخیری زەمان چوار شت حەڵاڵ دەكەن یەكێك لەوانە مۆسیقایە.
كەواتە ئەو مونكەرەی كە ئیسلامییەك دەیكات بە ناوی ئیسلامەوە موشكیلەكەی گەورەترە، بۆ؟ چونكە شتێك كە دین نییە وردە وردە لە موستەقبەل بۆ ئەم خەڵكە دەیكەن بە دین!، چۆن ساڵانێكی زۆر پێش ئێستا مەزهەبییەت لە خەڵك كرابوو بە دین واتە دین تەنها مەزهەبی شافعیە غەیری ئەوە هیچی دین نییە كە ئایەتی قورئان و حەدیسیشی لەسەر بێت!، دوایی تەریقەت و شەخس پەرستی و هاوار كردنە غەیری خوا لە خەڵك كرا بە دین بەناوی دینەوە، تۆ بڕۆ سوجدە بۆ كەسێكی تر بەرە وە واش بزانە لە خوا نزیك دەبیتەوە بڕۆ ناڵی كەرێك هەڵواسە و واش بزانە لە چاوەزار دەتپارێزێ وە كرابوش بە دین، ئەمڕۆیش سەر لە نوێ حیزبە ئیسلامییەكان كۆمەڵێك غەڵەتی تر دەكەن دەشیخەنە پاڵ دینەوە تا دوایی جیلێكی تر كە بێت لێی دەبێت بە دین بۆیە غەڵەتەكەی زیاترە و پێویستە ئینكاری لێ بكرێت نەك بڵێی والله كاكە نابێت غەڵەتی ئیسلامییەكان باسكەین بەس هی عەلمانییەكان باس بكەین! وە هەمووشیمان باسكردووە الحمد لله وە تا ئێستایش تەحەددا دەكەم هیچ كامێكیان هاتبێت بڵێت عەلمانییەت حوكمەكەی لە ئیسلامدا كوفرە كە من بە ئاشكرا لە ئێن ئاڕ تی وتومە.
 
پرسیار: ئایە پێتان وایە حیزبایەتی حەرامە؟
وەڵام: خوا ئەیەوێت ئەو میللەتە هەمووی یەك پارچە بن و موسڵمان بن وە هەروەها ئێمەش ئەوە بە دروست دەزانین كە ئەو میللەتە هەمووی یەك پارچە بن نەك پارچە پارچە و حیزب حیزب، وە دەمانەوێت برا بین و حكومەتی خۆمان هەبێت و خوای گەورە بەرەكەتی تێخات و تەواو، ئەمما ئەو هەموو حیزبە بێگومان لە دینی خوای گەورەدا نییە پارچە پارچە كردن و پەرتەوازەكردن جائیز نییە بۆیە من دەڵێم با هاوكاری هەبێت تەعاون هەبێت بەڵام نەك وەك كەسانێكی چەواشەكار بێن پۆشاكی كاری جەماعی بكەنە بەر حیزبایەتی و تەفرەقە وە لەو قاڵبەوە نیشانی بدەن كە ئەوە تەعاونی شەرعییە نەخێر ئەوە تەعاونی شەرعی نییە ئەوە حیزبایەتی و پارچە پارچە كردنی موسڵمانانە.
 
پرسیار: بۆ هیچ كەسێك نابێت خۆی لە حیزبایەتیەوە ببینێتەوە؟!
وەڵام: پێویستە هەموومان موسڵمان بین وە كاری چاكە بكەین و هاوكاری یەكتری بین لەسەر خێر ئەمما ببین بە حیزبی، نەخێر ئیمانمان بە حیزبایەتی نییە، چونكە گەورەترین هۆكاری پەرتەوازەیی و ناكۆكی و دووبەرەكی و بە یەكترەوە خەریك بوونە و بەڵگەی لەسەر نییە.
 
پرسیار: ئەڵێن: وتوتانە: لە ئیسلامدا ڕێكخستن و كۆمەڵ و گروپ نییە.
وەڵام: بەڵێ ڕێكخستن هەیە و كۆمەڵیش هەیە و گروپیش هەیە نوێژی جەماعەت ڕێكخستنە چوون بۆ حەج بۆ عومرە ئەو هەموو تەرتیباتەی لە خوێندنگا و لە كۆلێژەكان و لە نەخۆشخانەكان و لە مزگەوتەكان هەیە ئەی ئەو هەموو كارانەی كە دەكرێت هەمووی ڕێكخستنە و تەرتیباتە بەڵام حیزبایەتی نییە یەعنی چۆن حیزبایەتی نییە؟ ناكرێت ئێمە ئەهلی گەڕەكێك یەكێك بكەینە ئەمیری خۆمان و بەیعەتی بدەینێ و پەیڕەو و پرۆگرام دانێین و بەشداری پەڕلەمان بكەین و مونافەسە بكەین و كورسییەكمان دەسكەوێت گەڕەكێكی تریش ئاوها ئەوجا دژایەتی یەكتر بكەین و درۆ دژ بە یەكتر بكەین و بوهتان بۆ یەكتری بكەین و یەكتر سوك بكەین و دژایەتی یەكتر بكەین و دۆستایەتی و خوشەویستیمان لەسەر ئەساسی ئەوە بێت ئەوە دروست نییە.
 
پرسیار: ئەڵێن: حیزبیەكان بە بیدعەچی ئەزانن.
وەڵام: وەكو حیزبایەتی بیدعەیە بەڵام شەرت نییە هەركەسێك لەناو حیزبێك بێت بڵێین موبتەدیعە.
 
پرسیار: ئەڵێن: ئیسلامییەكان بە گشتی بە بیدعەچی ئەزانن.
وەڵام: هەمان وەڵامی پێشوو.
 
پرسیار: ئەڵێن: دەسەڵاتدارانی هەرێم بە وەلی ئەمر ئەزانن.
وەڵام: وەڵاممان هەمان وەڵامی سەركردایەتی كۆمەڵ و یەكگرتو و بزووتنەوەیە هەر ڕۆژێ جورئەتیان هەبێت بڵێن وەلی ئەمر كافرە ئەو كاتە دەڵێین وەڵامی ئێمە لە وەڵامی ئێوە جیاوازە.
 
پرسیار: ئەڵێن: ئێوە حیزبی لا حیزبین.
وەڵام: ئەمە تەنها فەلسەفەیەكی پوچەڵە ئەوانەی كە وادەڵێن خۆشیان نازانن یەعنی چی چونكە ناكرێ حیزبیش بیت و  لا حیزبیش بیت ئەمە دووشتی دژ بە یەكە، وە حیزبی لا حیزبی نییە تەنها بۆ ناوزڕاندن و ناشیرین كردن ئەو ناوانە لە سەلەفییەكان دەنرێت.
 
پرسیار: ئەڵێن: هەوڵ ئەدەن بۆ ئەوەی بچن بۆ دەسەڵات لە ڕێگای خۆ نزیك كردنەوەتان لە دەسەڵات بە یارمەتی دانی دەسەڵات لە ڕێگەی موخابەراتیەوە.
وەڵام: ئەمما هەوڵدان بۆ گەیشتنە دەسەڵات ئەو ڕێگایانەی كە حیزبە ئیسلامییەكان پێیدا ئەڕۆن وە ئەو دەرگایانەی ئەوان لێی دچنە ژوورەوە ئەگەر ئێمە بچین چاكتر لەوان شارەزاین ئەگەر بمانەوێ ئەو دەنگەی كە بزوتنەوە دەیهێنێ ئێمە زۆر زیاتر ئەهێنین والله لەو باوەڕەدام ئەو دەنگەی كە كۆمەڵ هێناویەتی سەلەفی زۆر زیاتر ئەهێنێ كە كۆمەڵ تەنها لە كوردستان یەكگرتوو تەنها لە كوردستان هەبێت سەلەفی لە هەموو جیهان هەیە بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا حیزبایەتی ناكەین چونكە ئێمە دمانەوێ‌ دیندارێتی بكەین، وە پێغەمبەران علیهم الصلاة والسلام بۆ ئەوە هاتن خەڵكی فێری دیندارێتی بكەن وە ئاواتی ئێمە ئەوەیە خوای گەورە كەسێك لەسەر دەستی ئێمە هیدایەت بدات و لە جەهەننەم ڕزگاری بكات و لە دونیا ئەخلاقی جوان بێت ڕەوشتی جوان بێت كەسێكی دادپەروەر بێت كەسێكی نافیع و سودبەخش بێت كەسێك بێت زیانبەخش نەبێت كەسێك بێت بیر و هۆشێكی ڕووناكی هەبێت كەسێك بێت چاكەكار بێت و خراپەكار نەبێت ئەوە ئاواتی ئێمەیە و كە كۆمەڵگایش باش بێت بێگومان وڵاتیش تێكڕای باش دەبێت.
ئەمما مەسئەلەی موخابەراتی و خۆ نزیك كردنەوە لە دەسەڵات ئەوەیش وەكو درۆ و بوهتانەكانی پێشویانە كە ئێمە موخابەرات بۆ هیچ كەسێك بە ڕەوا و بە شەرعی نازانین و كاری سیخوڕی بۆ كەس ناكەین بە فەزڵی خوای پەروەردگار بەڵكو لە هەموو كەس بوێرتر سەلەفییەكانن ئەوەی كە بەڕاستی دەزانین لەسەر مینبەر دەیڵێین بە خوا حیزبی عەلمانی پێی توڕە بووە، حیزبی ئیسلامی پێی توڕە بووە، سۆفی پێی توڕە بووە، شیعە پێی توڕە بووە، وە هەركەسێكیش پێی توڕە بێت ئێمە حەقی خۆمان هەر دەڵێین لە كەسیش ناترسین تەوەكولیشمان لەسەر خوایە خوای گەورەیش یارمەتی دەرمان بێت مەبەستمان تەنها خێر و بەرەكەتە بۆ ئەو میللەتە لە پێناوی خوادا.