سەرەکی    »     پرسیار و وەڵامەکان    »     هەمەجۆر     »    حوكمی وه‌رگرتنی پێشینه‌ى خانوو (سولفه‌ى عه‌قار) له‌ حكومه‌تی هه‌رێم؟

حوكمی وه‌رگرتنی پێشینه‌ى خانوو (سولفه‌ى عه‌قار) له‌ حكومه‌تی هه‌رێم؟ - ماڵپەڕى دکتۆر عبداللطیف أحمد مصطفی
حوكمی وه‌رگرتنی پێشینه‌ى خانوو (سولفه‌ى عه‌قار) له‌ حكومه‌تی هه‌رێم؟
دەقی پرسیار :

حوكمی وه‌رگرتنی پێشینه‌ى خانوو (سولفه‌ى عه‌قار) له‌ حكومه‌تی هه‌رێم؟


وەڵام :
 بسم الله الرحمن الرحیم
الحمد لله والصلاة والسلام على رسول الله وعلى آله وصحبه، أما بعـد:
ئه‌م قه‌رزه‌ى كه‌ ئێستا حكومه‌تی هه‌رێم ده‌یدات به‌ هاوڵاتیان وه‌ ڕێنمایی و چۆنیه‌تى و مه‌رجه‌كانی له‌ بڕیاری وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوریدا هاتووه‌، دوو بڕگه‌ى تێدایه‌ كه‌ جێگای گومان و دوو دڵین كه‌ بریتین له‌: ڕێژه‌ى سوودی دواكه‌وتن له‌ سه‌دا ده‌ (١٠%) ده‌بێت له‌سه‌ر ڕه‌سیدی قه‌رزه‌كه‌!!، بڕی (٣٠٠٠٠٠) دینار پێشه‌كی وه‌رده‌گیرێت وه‌ك خه‌رجی جۆراوجۆر بۆ مه‌به‌سته‌كانی كرێی لیژنه‌كانی پشكنین و چاپه‌مه‌نى و گواستنه‌وه ‌... هتد. وه‌ خاڵی یه‌كه‌م له‌م دوو مه‌رجه‌ له‌ شه‌رعدا پێی ده‌وترێت: (الشرط الجزائي لتأخير الوفاء بدين) واته‌ سزادانێكی قه‌رز وه‌رگر له‌سه‌ر دواخستنی قه‌رزدانه‌وه‌، وه‌ ئه‌م مه‌رجه‌ش حه‌رامه ‌و ڕیبایه‌ (سووه‌)؛ چونكه‌ قه‌رزێكه‌ مه‌نفه‌عه‌تێك ڕاده‌كێشێ. قال الحطاب: (وأما إذا التزم المدعى عليه للمدعي أنه إذا لم يوفه حقه في كذا فله عليه كذا وكذا، فهذا لا يختلف في بطلانه، لأنه صريح الربا وسواء كان الشيء الملتزم به من جنس الدين أو غيره، وسواء كان شيئا معينا أو منفعة) [فتح العلي المالك].
وه‌ ئه‌و قه‌رزداره‌ى كه‌ گێڕانه‌وه‌ى قه‌رزه‌كه‌ دواده‌خات دوو حاڵه‌تی هه‌یه‌ له‌ شه‌رعدا: ئه‌گه‌ر فه‌قیر و نه‌بوو بوو ئه‌وه‌ پێویسته‌ قه‌رزده‌ر چاوه‌ڕێى بكات و لێی بوه‌ستێت و مۆڵه‌تى بدات وه‌ك خوای گه‌وره‌ فه‌رمویه‌تى: {وَإِنْ كَانَ ذُو عُسْرَةٍ فَنَظِرَةٌ إِلَى مَيْسَرَةٍ} [البقره‌: ٢٨٠] به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌بوو بوو ئه‌وه‌ موماته‌ڵه‌‌كردن و دواخستنى قه‌رزه‌كه‌ى به‌ زوڵم حیسابه ‌و حكومه‌ت بۆى هه‌یه‌ بیگرێت و ناچارى گه‌ڕاندنه‌وه‌ى قه‌رزه‌كه‌ى بكات نه‌ك پاره‌ى زیادی لێبستێنێت، وه‌ك پێغه‌مبه‌ر صلى الله علیه وسلم فه‌رمویه‌تى: «ليُّ الواجد يُحِلُّ عقوبته وعرضه» [رواه البخاري]. واته:‌ موماته‌ڵه‌كردن و دواخستنی قه‌رزداری هه‌بوو له‌ گێڕانه‌وه‌ى قه‌رز ئه‌وه‌ حه‌ڵاڵ ده‌كات كه‌ سزابدرێت، وه‌ زانایان ئه‌م سزایه‌یان به‌ گرتن و حه‌پس كردن لێكداوه‌ته‌وه‌ نه‌ك به‌ پاره‌ خستنه‌ سه‌ر قه‌رزه‌كه‌، والله أعلم. وه ‌هه‌روه‌ها دروستیشه‌ بڕێك پاره‌ى لێبستێندرێ به‌ ئه‌ندازه‌ى ئه‌و مه‌سره‌فه‌ى كه‌ قه‌رزده‌ر ده‌یكات تاوه‌كو قه‌رزه‌كه‌ى وه‌رده‌گرێته‌وه‌، واته‌ گه‌ر پێویستى به‌وه‌ كرد موحامی بگرێت و سه‌فه‌ری بۆ بكات و ڕسومی ئیجرائاتى یاسایی بدات ئه‌وه‌ بۆى هه‌یه‌ بڕی ئه‌و مه‌سره‌فه‌ى لێوه‌ربگرێته‌وه‌ نه‌ك زیاتر (وأما إلزامه بدفع فائدة بسبب حبسه للدين فهذا ربا). كه‌واته‌ جیاوازی هه‌یه‌ له ‌نێوان وه‌رگرتنی مه‌سره‌فێك كه‌ قه‌رزده‌ر ده‌یكات تا پاره‌كه‌ى وه‌رده‌گرێته‌وه ‌و له‌بری ئه‌و زه‌ره‌ره‌ى كه ‌توشی بووه‌ به‌هۆی هه‌ڵدانی وه‌رگرتنه‌وه‌ى قه‌رزه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ ئه‌و پاره‌یه‌ى كه‌ ڕێژه‌یه‌كى دیاریكراوه‌ زیاده‌یه‌ ده‌خرێته‌ سه‌ر بڕى قه‌رزه‌كه‌ وه‌ك له‌ سه‌دا ده‌ (١٠%)، ئه‌مه‌یان حه‌رامه ‌و ڕیبایه‌. وه‌ ئه‌م مه‌رجه‌ش عه‌قدی موعامه‌له‌كه‌ هه‌مووی حەرام ده‌كات، كه‌وابوو دروست نییه‌ ئه‌م سولفه‌ى عه‌قاره‌ وه‌ربگیرێت چونكه‌ مه‌رجێكی ڕیبای تێدایه‌. وه‌ هه‌رچه‌نده‌ قه‌رزوه‌رگر نیه‌تیشى وابێت قه‌رزه‌كه‌ له‌كاتی خۆى بیداته‌وه ‌و دواى نه‌خات بۆ ئه‌وه‌ى زیاده‌كه‌ى نه‌چێته‌ سه‌ر هه‌ر دروست نییه‌ چونكه‌ ته‌نها خودی دان نان به‌م مه‌رجه‌ ڕیبه‌ویه ‌و ڕازی بوون پێى موعامه‌له‌كه‌ حه‌رام ده‌كات.
حوكمی مه‌رجه‌كه‌ى دووه‌م: ئه‌گه‌ر ئه‌و (٣٠٠٠٠٠) دیناره‌ ڕسومێك بێت (مصاريف إدراية) له‌ بری خزمه‌تێكی واقیعی و فیعلی كه‌ لیژنه‌ و دام و ده‌زگاكانی لایه‌نی قه‌رزده‌ر پێی هه‌ڵده‌ستن بێ ئه‌وه‌ى زیاتر بێت له‌و خزمه‌ته‌ وه‌ بێ ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندی هه‌بێت به‌ ئه‌ندازه‌ى قه‌رزه‌كه ‌و كاته‌كه‌یه‌وه‌، ئه‌وه‌ حه‌ڵاڵه ‌و به‌ سوو (ربا) دانانرێت. به‌ڵام كه‌ ئه‌م بڕى (٣٠٠٠٠٠) دیناره‌ زیاتر بێت له‌و خزمه‌ته‌ى كه‌ لیژنه‌كان و دام و ده‌زگاكان پێشكه‌شى ده‌كه‌ن، واته‌ بڕێكی له‌ برى قه‌رزه‌كه‌ بۆ بانقی ده‌وڵه‌ت بگه‌ڕێته‌وه‌، وه‌ یان ئه‌م بڕه‌ پاڕه‌یه‌ به‌ گوێره‌ى زۆری و كه‌می، وه‌ یان به‌گوێره‌ى مودده ‌و كاتی قه‌رزه‌كه‌ بێت ئه‌وە حه‌رامه ‌و ڕیبایه‌. وه‌ ئه‌مه‌ش قه‌راری (مجمع الفقه الإسلامي)یه‌: (ولا يعد من قبيلها، أي الفوائد الربوية، الرسوم المقطوعة التي لا ترتبط بمبلغ القرض، أو مدته مقابل هذه الخدمة، وكل زيادة على الخدمات الفعلية محرمة، لأنها من الربا المحرم شرعاً، كما نص على ذلك المجمع في قراره) رقم: ١٣ (١٠/ ٢) و ١٣ (١/ ٣).
والحمد لله رب العالمين.
مامۆستا عبداللطيف أحمد مصطفى أمين
پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگه‌وتى گه‌وره‌ى چوارقوڕنه‌