سەرەکی    »     پرسیار و وەڵامەکان    »     عەقیدە و مەنهەج     »    ئایا (ته‌قلید) چییه‌؟ وه‌ (ته‌قلید)ى كێ بكه‌ین؟ وه‌ ئه‌گه‌ر (موقه‌لید)ى زانایه‌ك بیت تاوانه‌؟

ئایا (ته‌قلید) چییه‌؟ وه‌ (ته‌قلید)ى كێ بكه‌ین؟ وه‌ ئه‌گه‌ر (موقه‌لید)ى زانایه‌ك بیت تاوانه‌؟ - ماڵپەڕى دکتۆر عبداللطیف أحمد مصطفی
ئایا (ته‌قلید) چییه‌؟ وه‌ (ته‌قلید)ى كێ بكه‌ین؟ وه‌ ئه‌گه‌ر (موقه‌لید)ى زانایه‌ك بیت تاوانه‌؟
دەقی پرسیار :

ئایا (ته‌قلید) چییه‌؟ وه‌ (ته‌قلید)ى كێ بكه‌ین؟ وه‌ ئه‌گه‌ر (موقه‌لید)ى زانایه‌ك بیت تاوانه‌؟


وەڵام :

تقلید: (قبول قول من ليس بحجة بدون حجة‌)، واته‌ قسه‌ى كه‌سێك قه‌بوڵ بكه‌یت كه‌ ئه‌و كه‌سه‌ خۆى (حجة) نيیه‌ وه‌ به‌بێ به‌ڵگه‌ش. له‌م پێناسه‌یه‌ وته‌ى خوا و پێغه‌مبه‌رى خوا صلى الله علیه وسلم چووه‌ ده‌ره‌وه‌، وه‌ هه‌روه‌ها (إجماع)ى زانایانیش (ته‌قلید) نيیه‌، جگه‌ له‌مانه‌ وته‌ى هه‌ركه‌سێكى تر وه‌رگریت به‌بێ به‌ڵگه‌ ئه‌وه‌ پێى ده‌وترێت (ته‌قلید)، هه‌ر زانایه‌ك قسه‌یه‌ك بكات یان فه‌توایه‌ك بدات وه‌ تۆش قه‌بوڵى بكه‌یت به‌بێ ئه‌وه‌ى به‌ڵگه‌ى له‌سه‌ر بێت ئه‌وه‌ پێى ده‌وترێت (ته‌قلید)، وه‌ ئه‌صڵى (ته‌قلید)یش له‌ (قلادة‌)وه‌ هاتووه‌ هه‌روه‌كو ئیمامى الشنقيطي ڕه‌حمه‌تى خواى لێبێت فه‌رمویه‌تى: واته‌ وه‌كو ملوانكه‌یه‌ك له‌ ملى خۆتى ده‌كه‌یت و ڕێشمه‌كه‌ى ده‌ده‌یته‌ ده‌ستى ئه‌و كه‌سه‌ى كه‌ ڕاتده‌كێشێت، ئه‌ڵقه‌ت كراوه‌ته‌ گه‌ردن و ڕاده‌كێشرێیت. كه‌واته‌ (ته‌قلید) زه‌مكراوه‌ و كارێكى باش نيیه‌، مرۆڤ ده‌بێت شوێنكه‌وته‌ (متبع) بێت هه‌روه‌كو خواى گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت: {قُلْ إِنْ كُنْتُمْ تُحِبُّونَ اللَّهَ فَاتَّبِعُونِي}، یاخود ده‌فه‌رموێت: {فَاسْأَلُوا أَهْلَ الذِّكْرِ إِنْ كُنْتُمْ لَا تَعْلَمُونَ}، ده‌بینین خواى گه‌وره‌ فه‌رموى (أهل الذكر) نه‌یفه‌رموو (فلان أو فلان)، ده‌ستنیشانى (الذكر)ى كرد، كه‌واته‌ تۆ كه‌ پرسیار ده‌كه‌یت ده‌بێت پرسیارى به‌ڵگه‌ له‌ زاناكه‌ بكه‌یت (به‌ڵگه‌ت چىیه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ فڵانه‌ شت حه‌ڵاڵه‌ یان حه‌رامه‌؟). به‌ كورتى (ته‌قلید) باش نيیه‌ چونكه‌ لاسایى كردنه‌وه‌ و قه‌بوڵ كردنى وته‌ى كه‌سێكه‌ به‌بێ به‌ڵگه‌.
به‌ڵام لێره‌دا پرسیارێك دێته‌ پێشه‌وه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ ئایا به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك بۆ هیچ كه‌سێك نه‌هاتووه‌ كه‌ (ته‌قلید) بكات؟
له‌ وه‌ڵامدا ده‌ڵێین: له‌و حاڵه‌ته‌دا كه‌ مرۆڤ خۆى (طالب العلم) نه‌بوو وه‌ تێنه‌گه‌یشت له‌ به‌ڵگه‌كان ئه‌وا پرسیار له‌ ئه‌هلى عیلم بكات وه‌ پرسیارى به‌ڵگه‌شیان لێبكات، وه‌ ئه‌گه‌ر زانایه‌كیش فه‌توایه‌كى دابوو وه‌ به‌ڵگه‌ى باس نه‌كردبوو وه‌ خۆشت به‌ڵگه‌ت پێنه‌بوو و نه‌تزانى ئه‌وا له‌و شته‌دا كه‌ ده‌ڵێیت به‌ قسه‌ى ئه‌و زانایه‌ ده‌كه‌م، چونكه‌ دڵنیام له‌ زانست و دیانه‌ت و ئه‌مانه‌ته‌كه‌ى، ئه‌وه‌ لێره‌دا (ته‌قلید)ـه‌، كه‌واته‌ (ته‌قلید) ته‌نها له‌كاتى پێویست په‌ناى پێده‌برێت، كاتێك كه‌ هیچ هۆكارێكى تر به‌ ده‌سته‌وه‌ نه‌ما، به‌ڵام (ته‌قلید) بكه‌ینه‌ مه‌نهه‌جێك و فه‌رزى بكه‌ین له‌سه‌ر موسڵمانان كه‌ (موقه‌لید)بن، واته‌ فڵانه‌ زانا چى وت ئێوه‌ش ئه‌وه‌ بڵێن و پرسیاریش مه‌كه‌ن له‌ كوێوه‌ ئه‌و وته‌یه‌ى هێناوه‌ و كوێرانه‌ به‌ دواى بكه‌ون، ئه‌وه‌ له‌ دینى خوادا شتى وا نيیه‌، خواى گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت: {فَاسْأَلُوا أَهْلَ الذِّكْرِ إِنْ كُنْتُمْ لَا تَعْلَمُونَ} بۆ ئه‌وه‌ى زانستت به‌ ده‌ست بكه‌وێت ده‌بێت پرسیارى به‌ڵگه‌ بكه‌یت. له‌سه‌ر موسڵمانان فه‌رز كردن كه‌ هه‌موویان (موقه‌لید) بن و مه‌زهه‌بى بن ئه‌وه‌ كارێكى باش نيیه‌ و پێویسته‌ موسڵمانان وا ڕابهێنرێن كه‌ به‌رده‌وام پرسیارى به‌ڵگه‌ بكه‌ن، چونكه‌ هیدایه‌ت له‌ وته‌ى خوا و وته‌ى پێغه‌مبه‌رى خوادا صلى الله علیه وسلم هه‌یه‌ (له‌ قورئان و سوننه‌ت). ئه‌گه‌ر خه‌ڵكى فێربكه‌ین پرسیارى قورئان و حه‌دیث بكه‌ن، زاناكه‌ قورئان و حه‌دیث بۆ خه‌ڵكى ڕوون بكاته‌وه‌ كه‌ پرسیارى لێده‌كرێت، ئه‌وه‌ خه‌ڵكى شیفاى دڵه‌كانیان دێت وه‌ هیدایه‌ت ده‌درێن، به‌ڵام هه‌روه‌كو هه‌ندێك كه‌س كه‌ خه‌ڵكیان وا ڕاهێناوه‌ كه‌ كتابێك هه‌یه ‌و فیقهێكى تێدا نووسراوه‌ (فیقهێكى مردوو به‌و مانایه‌ى كه‌ هیچ به‌ڵگه‌ى تێدا نيیه‌)، به‌ڵگه‌ باس نه‌كراوه‌، به‌ڵكو ته‌نها (مسائل) باسكراوه‌، خه‌ڵكى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بڕۆن به‌بێ ئه‌وه‌ى ئاگایان له‌ قورئان و حه‌دیث هه‌بێت ئه‌وه‌ كارێكى باش نيیه‌، چونكه‌ فیقه بریتيیه‌ له‌ (مسائل ودلائل)، مه‌سئه‌له‌ فیقهىیه‌كان له‌گه‌ڵ به‌ڵگه‌كانیان. پێویسته‌ خه‌ڵكى ڕابكێشینه‌وه‌ به‌ره‌و قورئان و سوننه‌تى پێغه‌مبه‌ر صلى الله علیه وسلم، هه‌ركه‌سێك ده‌ست به‌م دووانه‌وه‌ بگرێت ئه‌وا هه‌رگیز گومڕا نابێت.