سەرەکی    »     پرسیار و وەڵامەکان    »     عەقیدە و مەنهەج     »    سه‌له‌فییه‌ت چه‌ند جۆری هه‌یه‌؟ ئایا عیلمی و جیهادی و حه‌ق و له‌ق و زه‌قى هه‌یه‌؟

سه‌له‌فییه‌ت چه‌ند جۆری هه‌یه‌؟ ئایا عیلمی و جیهادی و حه‌ق و له‌ق و زه‌قى هه‌یه‌؟ - ماڵپەڕى دکتۆر عبداللطیف أحمد مصطفی
سه‌له‌فییه‌ت چه‌ند جۆری هه‌یه‌؟ ئایا عیلمی و جیهادی و حه‌ق و له‌ق و زه‌قى هه‌یه‌؟
دەقی پرسیار :

سه‌له‌فییه‌ت چه‌ند جۆری هه‌یه‌؟ ئایا عیلمی و جیهادی و حه‌ق و له‌ق و زه‌قى هه‌یه‌؟


وەڵام :

سه‌له‌فییه‌ت ئه‌و ڕێبازه‌یه‌ له‌ دیندارێتیدا كه‌ سه‌له‌فی صاڵحى له‌سه‌ر بووه‌، واته‌ پێغه‌مبه‌ر صلى الله علیه‌ وسلم و هاوه‌ڵانى له‌سه‌ر بووه‌، له‌ بوارى بیروباوه‌ڕ و بانگه‌وازى، وه‌ له‌ بواره‌كانى فه‌رمان كردن به‌ چاكه‌ و نه‌هى كردن له‌ خه‌راپه‌، وه‌ له‌ بواره‌كانى ڕه‌وشت و په‌روه‌رده‌ و مامه‌ڵه‌ كردن له‌گه‌ڵ خه‌ڵك و سه‌ركرده‌ و له‌گه‌ڵ گروپه‌ جیاوازه‌كان و تێكڕای بواره‌كانى تریش له‌ دیندا. وه‌ ئه‌م ڕێبازه‌ش ته‌نها یه‌ك ڕێباز بوو نه‌ك دووان و سیان، كه‌واته‌ یه‌ك جۆر سه‌له‌فیه‌تیش هه‌یه‌، وه‌ سه‌له‌فیه‌تى ڕاستیش به‌وه‌ ده‌ناسرێته‌وه‌ كه‌ به‌راورد بكرێت له‌گه‌ڵ مه‌نهه‌ج و ڕێباز و سوننه‌تى پێغه‌مبه‌ر -صلى الله علیه‌ وسلم- و هاوەڵانى، جا كه‌ موافیقی ئه‌وان بوو له‌ گشت بواره‌كانى بیروباوه‌ڕ و مه‌نهه‌جدا ئه‌وه‌ سه‌له‌فییه‌ته‌ ده‌نا به‌ ئیدیعا و پڕوپاگه‌نده‌ نابێت به ‌سه‌له‌فییه‌ت و له‌سه‌ر ئه‌ویش حیساب ناكرێت، بۆ نمونه‌: ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ ده‌ڵێن ئێمه‌ له ‌عه‌قیده‌ سه‌له‌فین به‌ڵام له‌ په‌روه‌رده‌دا ئیخوانین و له‌ ته‌زكیه‌ى نه‌فسدا صۆفین و له‌ جیهادا ئه‌فغانین، ئه‌وه‌ بێگومان سه‌له‌فى نییه‌؛ چونكه‌ سه‌له‌فی ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ له ‌گشت بواره‌كانى دیندارێتیدا سه‌له‌فى بێت، واته‌ له‌سه‌ر مه‌نهه‌جى پێغه‌مبه‌ر صلى الله علیه وسلم و هاوه‌ڵانى و پێشینه‌ چاكه‌كان بێت. وه‌ ته‌نها ئه‌و ڕێبازه‌ش حه‌قه‌ و ڕاسته‌ له‌ دیندارێتیدا كه‌ پێشینه‌ چاكه‌كان (السلف الصالح)ى له‌سه‌ر بووه‌ وه‌ك له‌ چه‌ندان به‌ڵگه‌وه‌ بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت، وه‌ك:
١- خواى گه‌وره‌ فه‌رمووى: {وَالسَّابِقُونَ الْأَوَّلُونَ مِنَ الْمُهَاجِرِينَ وَالْأَنْصَارِ وَالَّذِينَ اتَّبَعُوهُمْ بِإِحْسَانٍ رَضِيَ اللَّهُ عَنْهُمْ وَرَضُوا عَنْهُ وَأَعَدَّ لَهُمْ جَنَّاتٍ تَجْرِي تَحْتَهَا الْأَنْهَارُ خَالِدِينَ فِيهَا أَبَدًا ذَلِكَ الْفَوْزُ الْعَظِيمُ} [التوبة: ١٠٠]، واته‌: پێشكه‌وتووه‌ یه‌كه‌مه‌كان له‌ كۆچكه‌ر و پشتیوانانیان، وه‌ ئه‌وانه‌ش كه‌ شوێنیان كه‌وتوون به‌ باشى ته‌نها ئه‌م دوو كۆمه‌ڵه‌ى موسوڵمانان خوا لێیان ڕازى بووه‌ و به‌هه‌شتێكى خۆشى بۆ ته‌رخان كردوون.
٢- {فَإِنْ آمَنُوا بِمِثْلِ مَا آمَنْتُمْ بِهِ فَقَدِ اهْتَدَوْا وَإِنْ تَوَلَّوْا فَإِنَّمَا هُمْ فِي شِقَاقٍ} [البقرة: ١٣٧] واته‌: ئه‌گه‌ر خه‌ڵكى تریش جگه‌ له‌ هاوه‌ڵانى پێغه‌مبه‌ر -صلى الله علیه‌ وسلم- وه‌كو ئه‌وان باوه‌ڕ بهێنن و له‌سه‌ر ڕیبازى ئه‌وان بن ئه‌وه‌ هیدایه‌ت دراون، به‌ڵام ئه‌گه‌ر وانه‌كه‌ن و پشت هه‌ڵبكه‌ن له‌و ئیمان و ڕێبازه‌ى هاوه‌ڵان ئه‌وه‌ پارچه‌ پارچه‌ و ناكۆك ده‌بن.
٣- پێغه‌مبه‌ر -صلى الله علیه‌ وسلم- فه‌رموویه‌تى: (ئوممه‌تى ئیسلام ده‌بێته‌ (٧٣) گروپ هه‌موویان بۆ دۆزه‌خن جگه‌ له‌ یه‌ك كۆمه‌ڵ نه‌بێت ئه‌ویش ته‌نها ئه‌وانه‌ن كه‌ له‌سه‌ر ئه‌و ڕێبازه‌ن كه‌ من و هاوه‌ڵانمى له‌سه‌ره‌). كه‌واته‌ له‌وه‌وه‌ ده‌ركه‌وت كه‌ ته‌نها یه‌ك ڕێبازى دیندارى ڕاست هه‌یه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سه‌له‌فی صاڵحى له‌سه‌ر بووه‌. كه‌وابوو هه‌ركه‌سێ له‌سه‌ر هه‌مان ڕێبازى پێغه‌مبه‌ر و هاوه‌ڵانى نه‌بێت له‌ گشت بواره‌كانى دیندا له‌ عه‌قیده‌ و ده‌عوه‌ و جیهاد و فه‌رمان به‌ چاكه‌ و نه‌هى له‌ خه‌راپه‌ و مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتداردا ئه‌وه‌ سه‌له‌فی نیه‌ هه‌رچه‌نده‌ پڕوپاگه‌نده‌ى ئه‌وه‌ش بكات. وه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ى دێن سه‌له‌فییه‌ت ده‌كه‌نه‌ چه‌ند به‌ش و جۆرێكه‌وه‌ ئه‌مانه‌ سه‌له‌فی نین به‌ڵكو دوژمنى سه‌له‌فییه‌تن. وه‌ له‌ گشت سه‌رده‌مێكدا زانا و پێشه‌وایانى سه‌له‌فی دیار و ناسراو بوون له‌ هه‌موو وڵاتێك، جا هه‌ركه‌سێك ڕێگایه‌كى ترى هه‌ڵبژاردبێ جگه‌ له‌ ڕێگاى ئه‌و زانایانه‌ ئه‌وه‌ سه‌له‌فی نییه‌، بۆ نموونه‌ له‌ سه‌رده‌مى ئێمه‌دا زانا به‌رزه‌كان بریتین له‌ ابن باز، الباني، ابن عثيمين، مقبل الوادعي، ربيع بن هادي، أحمد النجمي، صالح الفوزان، صالح اللحيدان ... .