سەرەکی    »     پرسیار و وەڵامەکان    »     عەقیدە و مەنهەج     »    ئایه‌ سه‌له‌فییه‌كانى كوردستان پشتگیرى له‌ حیزبه‌ ئیسلامییه‌كان ده‌كه‌ن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان؟

ئایه‌ سه‌له‌فییه‌كانى كوردستان پشتگیرى له‌ حیزبه‌ ئیسلامییه‌كان ده‌كه‌ن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان؟ - ماڵپەڕى دکتۆر عبداللطیف أحمد مصطفی
ئایه‌ سه‌له‌فییه‌كانى كوردستان پشتگیرى له‌ حیزبه‌ ئیسلامییه‌كان ده‌كه‌ن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان؟
دەقی پرسیار :

ئایه‌ سه‌له‌فییه‌كانى كوردستان پشتگیرى له‌ حیزبه‌ ئیسلامییه‌كان ده‌كه‌ن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان، یان خۆیان هه‌ڵده‌بژێرن وه‌كو حیزبی نورى میسرى و ئه‌مانیش له‌مه‌ودوا دێنه‌ ناو ململانێی سیاسی و هه‌وڵى به‌ده‌ستهێنانى كورسییه‌كانى ناو په‌ڕله‌مان ده‌ده‌ن؟


وەڵام :

من ته‌نها وه‌ك مامۆستایه‌كى سه‌له‌فی ئه‌وه‌ به‌ ڕاست نازانم له‌ دیندا كه‌ سه‌له‌فییه‌ت بكرێته‌ حیزبایه‌تى و سه‌له‌فییه‌كان حیزب پێكبهێنن و ململانێی كورسی وه‌ده‌ستهێنان بكه‌ن، به‌ڵكو ڕاست لاى من ئه‌وه‌یه‌ كه‌ مامۆستا سه‌له‌فییه‌كان با به‌ ئامۆژگاریكار و چاكه‌كار و په‌روه‌رده‌كار بمێننه‌وه‌ و بانگه‌وازى گه‌له‌كه‌یان بكه‌ن بۆ ته‌نها خواپه‌رستى و دوورى له‌ دیارده‌كانى شه‌خص په‌رستى و هاوه‌ڵ بۆ خوا دانان، وه‌ هه‌وڵى زیندوو كردنه‌وه‌ى سوننه‌ت و ڕاماڵینى بیدعه‌ و خواڕافه‌ و نه‌فامى بده‌ن و دینى ڕاست به‌ خه‌ڵك بگه‌یه‌نن و فه‌رمان به‌ چاكه‌ بكه‌ن و نه‌هى له‌ خه‌راپه‌ بكه‌ن و پاسه‌وانى له‌ دین بكه‌ن له‌ گشت ده‌ستێوه‌ردانێك و یارى پێكردنێك و زیاد و كه‌مییه‌ك، وه‌ من خۆم هه‌وڵ بۆ ئه‌وه‌ ناده‌م كه‌ سه‌ركرده‌یه‌ك لابده‌م و خۆم له‌ شوێنى ئه‌و بم، به‌ڵكو ئه‌گه‌ر ده‌نگم بگاته‌ هه‌ر لێپرسراو و سه‌ركرده‌یه‌ك ده‌مه‌وێت ئامۆژگارى خێرى بكه‌م و دوعاى خێرى بۆ بكه‌م، جا ئایا كاك مه‌سعود بێت یان مام جه‌لال، یان سبه‌ینێ مامۆستا علی باپیر یان مامۆستا صلاح الدین بهاء الدین حوكمى كوردستانیان به‌ده‌ست بێت، گرنگ لاى ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ به‌ ئه‌ركى ئامۆژگارى و پاسه‌وانێتى دین هه‌ڵسین و دینى حه‌ق بگه‌یه‌نین كه‌ ده‌بێته‌ هۆى ئارامى و ئاسوده‌یی و به‌خته‌وه‌رى و سه‌فه‌رفرازى خه‌ڵكى و وڵاتیش.